شامپانزی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-20-14:49:00 - کۆدی بابەت: 873
شامپانزی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شامپانزی (بە عەرەبی: الشمبانزي، بە ئینگلیزی: chimpanzee)، یەکێکە لە جۆرەکانی مەیموون، و بڵاوترین جۆریانە کە لە ٢١ وڵاتی جیاوازدا دەژی، بە زۆری لە نشینگە شاخاوییەکاندا دەژین یاخود لە بەرزاییە بە درەخت ڕووپۆشکراوەکان، هەندێک لە جۆرەکانیشی لە دارستانە وشکەکانی ساڤانادا دەژین و لەزۆر نشینگەی جیاواز توانای ژیانکردنیان هەیە وەک دارستانەکانی هێڵێ کەمەرەیی و باراناوی و نیمچە دارستان و تەنانەت لەوەڕگاکانیش، ئاژەڵێكی کۆمەڵایەتییە و هەر کۆمەڵەیەکیان لە نزیکەی ١٥-١٥٠ ئەندام پێکهاتووە کە نێرینەیەک سەرۆکایەتییان دەکات، بەڵام بە ڕۆژدا دابەشدەبن بۆ کۆمەڵەی بچووکتر و بڵاودەبنەوە بۆ دەستکەوتنی ژەمە خۆراکییەکانیان و ئەنجامدانی چالاکییەکانی دیکەیان، کاتێک گۆرێلا و شامپانزییەک پێکەوە دەچنە سەر هەمان درەخت و چڵەکانی بۆ خواردنی ژەمی خۆراکی، ئەوا بایەخ بە یەکدی نادەن و یەکتری فەرامۆش دەکەن.

زیرەکی و سوودەکانی

شامپانزی تایبەتمەندە و زیرەکییەکی جیاوازی لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە هەیە، کە توانای بیرهاتنەوەی هێما و زمانی هەیە، هەروەها شمەک و کەلوپەلی جیاواز بەکاردەهێنێت، و توانای ناسینەوەی ژمارەکانیش لە ١-٩، لە کلتووری ڕۆژئاواییەکاندا وەک هۆکارێکی خۆشڕابواردن بەکارهاتووە، لە نمایش و شانۆیی و بەخێوکردنیشی وەک ئاژەڵێکی ماڵی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە تاقیگە و تاقیکردنەوەکاندا بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئاژەڵێکی بەهێزە و جەستەیەکی پتەو و شەویلگەی بەهێزی هەیە، و دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر مرۆڤەکان، بۆیە پێویستە بە تەواوی جڵەوبکرێت و بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. 

شێوەی دەرەوەی

جیاواز لە هەندێک لە جۆرەکانی دیکەی مەیموونەکان شامپانزی کلکی نییە، و قەبارەشی گەورەترە لە زۆرینەی جۆرەکانی دیکە و تەنها لە گۆرێلا گەورەتر نییە، لووتی تایبەتمەندە بەوەی کورتە و کونەکانی فراوانن، بەرزییەکەی لە نێوان ١٠٠-١٧٠ سم دەبێت، و کێشێ مێینەکان لە نێوان ٢٧-٥٠ کگم دەبێت، بەڵام کێشی نێرینە پێگەیشتووەکان لە نێوان ٤٠-٦٠ کگم دەبێت، و دەکرێت زۆر گەورە و بەتەمەنەکانی بگاتە ٩٠ کگم، بە موویەکی تیژ جەستەی داپۆشراوە کە ڕەنگەکەی ڕەش یان قاوەییە، و لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی مووەکانیشی دەوەرن و کەمدەبنەوە.

خۆراک

دەوترێت کە شامپانزی هەموو شتێک دەخوات لە ئاژەڵ و ڕووەک و چەرەس و تەنانەت هەنگ و هەنگوینەکەشی دەخوات، هەروەها ئاوی نێو گەڵای درەختەکانیش دەمژێت، بەڵام زیاتر لە هەموو خۆراکێک شامپانزی حەز لە میوە دەکات، کە دەگاتە %٦٤.٥ ی کۆی گشتی ژەمە خۆراکییەکانی ساڵانەی، کە ڕەگ و قەد و گەڵا و خونچە و گوڵ و بەرهەمی درەختەکە و توێکڵەکەی و تۆوەکەشی دەخوات، هەروەها مەمکدارە قەبارە بچووکەکان و باڵندە و هێلکەکانیان دەخوات، جگە لە ئاژەڵ و ڕووەکەکان خۆڵ و گڵیش دەخوات بە مێرووەکانییەوە، بەڵام ئەمەیان بڕەکەی کەمە و ساڵانە ناگاتە %٢ ی کۆی گشتی ژەمە خۆراکییەکەی.

زۆربوون

ماوەی سکپڕی مێینەی شامپانزی ٨ مانگ دەخایەنێت، دوای لەدایکبوونی بێچووەکان هەتا تەمەنیان دەبێت بە ٣ ساڵ شیری دایکیان دەخۆن، پاشان لە شیر دەبڕدرێنەوە، و هەتا چەند ساڵێکی زۆری دواتر پەیوەندی پتەویان لەگەڵ دایکیاندا دەبێت، بەڵام ژمارەی شامپانزییەکان لە هەڵکشاندا نییە، و لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بە یەکێک لە ئەو ئاژەڵانە هەژمار دەکرێت کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هۆکارەکەش نەمانی نشینگەکانیانە لەگەڵ ڕاوکردنی بێ مۆڵەت.


سەرچاوەکان



1866 بینین