مەیموون

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-07-14:15:00 - کۆدی بابەت: 6528
مەیموون

ناوه‌ڕۆك

ژیانی مەیموونەکان

مەیموونەکان ئاژەڵی مەمکدارن کە لە پلەی پێشەنگەکاندا پۆلێنکراون، و لە بەرزترین پلەکانیدا، زیاتر لە دووسەد جۆری هەیە کە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بە شێوەی کۆمەڵە دەژین کە پەیوەندی خێزانییان هەیە بە یەکەوە و سەرکردەیەکیان هەیە کە بەڕێوەیان دەبات، پێگەی سەرکردەکە بەدەست دەهێنرێت لە ئەنجامی پێشبڕکێیەکی دڕ و توند لە نێوان نێرە بەهێزەکانی ڕەوەکە، میسڕییە کۆنەکان لە سەردەمی فیرعەونەکاندا مەیموونیان بە هێمایەکی پیرۆز داناوە بۆ خواوەندی دوونیای ژێرەوە، کە پەیکەر و مۆمیای مەیموونەکان لە زۆربەی گۆڕە پاشاییەکانی فیرعەونەکاندا دۆزراوەتەوە.

شێوەی دەرەوەی

مەیموونەکان بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆرن، ئەوانەی جیهانی ڕابردوو کە لە ئاسیا و ئەفریقا هەن، و جیهانی ئێستا کە لە ئەمریکای باشوور هەیە، جیاوازییەکان بە ڕوونی بەدەردەکەوێت لە شێوازی ڕووخساریاندا کە هیچ لەیەک ناچن، بەڵام لە لووت و چاو و ڕومەتەکاندا هاوشێوەن.

درێژییەکەی لە نێوان ١٤٠ بۆ ١٦٠ملم دەبێت، کێشەکەشی ١٢٠ بۆ ١٤٠گم، هەموو مەیموونەکان کلکیان هەیە تەنها یەک جۆر نەبێت، ناودەبرێت بە مەیموونی مەزن، کلک هاوکاریدەکات لە جۆلانەکردن و ڕۆشتن بەسەر دارەکاندا بەئاسانی، هەروەها دەنگی مەیموون لە دووری ١.٦کم ەوە دەبیسترێت.

خۆراک

زۆربەی خەڵک پێیان وایە کە مەیموونەکان تەنها مۆز دەخۆن، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە نییە، چونکە لەهەمان کاتدا گۆشتخۆرن و ڕووەکیش دەخۆن، زۆربەیان گوێز و میوە و تۆو و گوڵ دەخۆن، هەروەها هێلکەی باڵندە و مارمێلکەی بچووک و جاڵجاڵۆکە و مێروویش دەخۆن، لەبەر ئەمەیە کە هەندێکیان بە بەڵای خۆراکەکان دادەنرێن. 

جێگەی بڵاوبوونەوەیان

ژمارەی ژینگەکان دەگۆڕێت بە گوێرەی ئەو بنەماڵانەی مەیموونەکان کە گونجاون بۆ جێگەکە، بەڵام بەزۆری لە دارستانە کەمەرەییەکان و دەوەنە دار بەرزەکاندا دەژین، هەروەها لە لەوەڕگا بەپیتەکاندا کە بە جێگەیەکی پەسەند دادەنرێت بۆ دابینکردنی خۆراک و نشینگە، ئەمە لەکاتێکدا جۆرێکی دیکە لە مەیموونەکان هەن کە ناو بەردەکان و جێگە کراوەکانیان بەلاوە پەسەندە.

لەبەر ئەوەی هەر ژینگەیەک بەتەنها بنەماڵەیەک تیایدا دەژی، بۆیە زۆر دەگمەنە کە لە هەمان ناوچە دوو بنەماڵەی مەیموونەکان پێکەوە توانای ژیانکردنیان هەبێت، ئەمەش وەک جۆرێکە لە درێژ بوونەوەی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ کردن لەلایەن بنەماڵەکانەوە.

یەکگرتن لە نێوان مەیموونەکان

ژمارەکی زۆر هەڵسوکەوتی سەیر هەیە لە کۆمەڵگەکەیاندا بەتایبەتی لەکاتی یەکگرتن بۆ جووتبوون، بە زۆری مەیموونێکی تەمەن سێ ساڵ یەک هاوسەری دەبێت، کە دەبێت بە دایکی وەچەکانی، ماڵێکی جێگیری لەگەڵ دروست دەکات، و بێچووەکان گەورە دەکات، بەڵام هەندێک مەیموون بە شێوەکی نهێنی لەگەڵ زیاتر لە مێینەیەک هاوسەرگیری دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ دەنگی بەرز دەربکات لەترسی ئەوەی مێینەکان پێی بزانن و ئاشکرای بکەن، یاخود لە لایەن کۆمەڵەکەوە لێی بدرێت، چونکە ئەو جۆرانە لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵەکەوە خۆشەویست نین.

سکپڕی و لەدایکبوون

زانیاری کەم هەیە دەربارەی شێوازی لەدایکبوونی مەیموونەکان، چونکە یەکێکە لە ئەو ئاژەڵانەی کە بەشەودا لە جێگەیەکی دوور بێچووی دەبێت، بەڵام نوێترین توێژینەوەکان کە ئەنجام دراوە دەریدەخات کە ماوەی لەدایکبوونەکە ٤ خولەک و ٢٠ چرکە دەخایەنێت، هەروەها مەیموونە سکپڕەکە یارمەتی لە مەیموونێکی دیکە وەردەگێت، کە دەکرێت بە مامان دابنرێت.

مێینەی مەیموونەکان بە سوڕی مانگانەدا دەڕۆن، کە ئەمەش ئەگەری دروستبوونی کۆرپەلە دابین دەکات لە هەر کاتێکی ساڵەکەدابێت، تەنها هەندێک جۆر نەبێت کە بە گوێرەی وەرزەکان سکپڕی ڕوودەدات، بە زۆری تەنها یەک بێچوو لەدایک دەبێت کە دایکەکە گرنگی پێدەدات، ماوەی سکپڕییەکەش بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە تیرەی ریسوس ١٦٤ ڕۆژ دەخایەنێت، لەکاتێکدا تیرەی بابون ١٨٧ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر مەیموونەکە شیر دەدات بە بێچوەکەی هەتا تەمەنی دەبێت بە ساڵێک، دواتر پێدەگرێت و توانای دەبێت بەرگری بکات لە خۆی.

جۆرەکانی مەیموون

مەیموون هەموو جۆرەکانی لە شێوەی دەرەوەیان بە ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەن، بەڵام قەبارەیان زۆر جیاوازە، هەندێک جۆری مەیموون لە مرۆڤەکان گەورەترە بەڵام هەندێک جۆری دیکە هێندەی پشیلەیەکی ماڵی دەبێت.

  • مەیموونی گۆرێلا: لە هەموو جۆرەکان گەورەتر و دڕندەتر و شەڕانیترە، بە جووڵەیەکی تایبەت بەناوبانگە کە بریتییە لە لێدانی سنگی بە دەستەکانی لە کاتی توڕەبوون یاخود هەستکردن بە مەترسی، هەروەها دوو شێوەی هەیە یەکێکیان لە شاخەکان دەژی و ئەوی دیکە لەناوچەی نزمتر.
  • مەیموونی بابون: یەکێکە لە جۆرەکانی مەیموونی جیهانی کۆن، جەستەیەکی پتەوی هەیە و شەڕانگێزە، ئەم مەیموونە تایبەتمەندە بە هەبوونی کیس لە بەشی ناوەوەی دەمی بۆ هەڵگرتن و کۆکردنەوەی خۆراک، هەروەها کلکێکی درێژی هەیە، قەبارەی نێرینەکەی دوو هێندەی مێینەکەیەتی، ئەم مەیموونە بۆماوە ماددەکەی بە ڕێژەی %٩١ هاوشێوەی ماددەی بۆماوەیی مرۆڤە، ٥ شێوازی جیاوازی هەیە لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی و ئاسیا و ئەفریقادا بڵاوبوونەتەوە.
  • مەیموونی ماندریل: قەبارەیەکی گەورەی هەیە، و لووتی هاوشێوەی سەگەکان بۆ بەشی پێشەوەی ڕووخساری دەرپەڕیوە و ڕەنگی سوورە، ددانەکانیشی بۆ دەرەوە دەرپەڕیون هاوشێوەی گیانەوەرە دڕندەکان، هەندێک کەس وادەزانن شێوەیەکی مەیموونی بابونە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و جۆرێکی سەربەخۆیە.
  • مەیموونی شین: جۆرێکی ناوازەیە و لە جیهانی کۆنە، پێی دەوترێت شین بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگەکەی زەیتوونییە و خاڵی سپی و ڕەشی تێدایە، لە هەندێک لە کاتەکانی ساڵەکەدا دەگۆڕێت بۆ ڕەساسی بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگەکەیدا بگونجێت، لە دارستانە سەوز و شێدارەکانی ئەفریقادا دەژی و بە بەردەوامی لەسەر درەختەکانە.
  • مەیموونی ماک: یەکێکە لە ئەو مەیموونانەی کە لە شێوەی دەرەوەیدا زۆرترین لەیەکەچوونی هەیە لەگەڵ مرۆڤدا، کلکی نییە و زیاتر لە ٢٥ شێوەی هەیە، هەروەها هەڵگری ڤایرۆسێکی مەترسیدارە بۆیە لە کاتی گەستنی مرۆڤەکاندا دەستبەجێ دەبێتە هۆی مردنیان.
  • مەیموونی ماکی یابانی: لە ناوچە شاخاوییەکانی ژاپۆن دەژی، کە لە زستاندا بەفراوییە و لە هاویندا گەرمە، بەڵام ئەم جۆرە مەیموونە توانای ڕاهاتنی هەیە لەگەڵ گۆڕانەکانی ژینگەکەی و بە جێگەیەکی پەسەندی دادەنێت.
  • مەیموونی کابوشی: جۆرێکی مەیموونەکانی جیهانی نوێیە، تەنها بەڕۆژدا چالاکە و لەسەر درەختەکان دەژی، لە تاقیکردنەوە زانستییەکاندا بە زۆری ئەم مەیموونە بەکاردێت چونکە زۆر زیرەکە.
  • مەیموونی سمۆرەیی: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە شێوەی زۆر لە سمۆرە دەچێت، ئەمیش جۆرێکە لە مەیموونەکانی جیهانی نوێ، لەگەڵ چەندین ژینگەی جیاواز توانای گونجاندنی هەیە، هەروەها سیستەمی خۆراکیشی زۆر هەمەڕەنگە.
  • مەیموونی شێری ئاڵتوونی: ئەم مەیموونە ماوەیەکی کەمە دۆزراوەتەوە و لە دارستانەکانی بەڕازیلدا دەژی، کاتێک تیشکی خۆری بەردەکەوێت ڕەنگی دەبێت بە ئاڵتوونی و سەرنجی بەرامبەری ڕادەکێشێت، هەروەها لە ڕابردوودا لە چیرۆک و ئەفسانەکاندا باسکراوە، لە باری ئاساییدا ڕەنگی پرتەقاڵییەکی نزیک لە سوورە و بە بەردەوامی ژمارەی کەمدەبێتەوە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • مەیموونی وەڕین: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە لە نێو هەموو جۆرەکاندا بەرزترین دەنگی هەیە، تەنانەت دەوترێت دەنگی لە هەموو ئاژەڵەکان بەرزترە، جۆرێکە لە مەیموونەکانی جیهانی نوێ و قەبارەی گەورەیە، هەروەها توانانی بینینی هەموو ڕەنگەکانی هەیە هاوشێوەی مرۆڤ، کلکێکی درێژی هەیە بۆ ڕاوکردن و شمەک گرتنەوە بەکاریدەهێنێت.


سەرچاوەکان



2199 بینین