بێبەشکردنی منداڵ لە مافی ئاخاوتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-13:09:00 - کۆدی بابەت: 2119
بێبەشکردنی منداڵ لە مافی ئاخاوتن

ناوه‌ڕۆك

بێبەش کردنی منداڵ لە مافی ئاخاوتن

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان وباوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بێبەشکردنی منداڵ لە ئاخاوتن، واتە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەمکوتی دەکەن و ناهێلن بە ئازادی، گوزارشت لە ڕا و بۆچوونەکانی خۆی بکات و ئەوەی لە ناخیدایە بە ڕاشکاوانە دەری ببڕێت.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هۆکاری بۆماوەیی.
  • خۆسەپێنەریی و تاکڕەویی دایک و باوک.
  • بۆ ئەوەی نیشانی خەڵک بدەن کە خاوەن هەژموون و هەیبەتی خۆیانن و دەسەڵاتیان هەیە بەسەر منداڵەکانیاندا.
  • بۆ ئەویە منداڵەکانیان گوێڕایەڵیان بن و لە کۆنترۆڵیان دەرنەچن و هەردەم ژێردەستی ئەوان دابن.
  • بۆ ئەوەی کەمترین کێشەیان بۆ دروست نەبێت.
  • بۆ ئەوەی خەڵک پەسن و ستایشیان بکات و بڵێت ئەو دایک و باکە سەرکەوتوون.

زیانەکانی ئەو هەڵەیە

ئەڵبەتە بێبەشکردنی مندال لە مافی قسەکردن، زیانێکی فرە زۆر بە خودی منداڵ دەگەیەنێت، کە گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • مافەکانی منداڵ دەکەونە مەترسییەوە، بە تایبەتی مافی ئاخاوتن و پەیڤین.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی شەرمن.
  • منداڵ هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • منداڵ ناتوانێ بەگری لە مافەکانی خۆی بکات.
    منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • منداڵ متمانە و باوەڕی بە خۆی نامێنێ و ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت.
  • کەلێنێکی زۆر دەکەوێتە نێوان منداڵ و دایک و باوکەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەل ئەندامانی خێزانەکەی لاواز دەبێت.
  • منداڵ لە سەرەدەری و هەڵسوکەوتەکانیدا لەگەڵ کەسانی دیکە، بە تایبەتی لەگەڵ هاوڕێیانی و مامۆستاکانی سەرکەوتوو نابێت و دووچاری کێشە و گرفت دەبێتەوە.
  • منداڵ دووچاری گرێی دەروونی دەبێتەوە، چونکە ناتوانێ ئەوەی لە ناخیدا هەیە بەتاڵی بکاتەوە و دەری ببڕێت.
  • خێزان و کۆمەڵگە ناتوانن بە باشی سوود لە بەهرە و تواناکانی ئەو جۆرە منداڵانە وەربگرن.
  • منداڵ لە زۆر ماف بێبەش دەکرێن، چونکە ناتوانێ بە باشی بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات.
  • منداڵ لە قوتابخانە سەرکەوتوو نابێت، چونکە ناتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەر و ئەرێنی بەشداری لە وانەکاندا بکات.
  • مندال لە جوانبێژی و ڕەوانبێژی و زمانپاراوی بێبەش دەبێت.


چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە منداڵ لە مافەکانی خۆی بەهرەمەند بێت، بە تایبەتی مافی قسەکردن و بیروڕا دەبرین، دەبێ دایکان و باوکان کەش و هەوایەکی لەبار بۆ منداڵ فەراهەم بکەن و هانی بدەن گوزارشت لە ڕا و بۆچوونەکانی خۆی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە دایک و باوکەکان ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • پێویستە دایک و باوک ئاشنا بن بە مافەکانی منداڵ و دانی پێدا بنێن، لەوانەش مافی قسەکردن و بیروڕا دەربڕین.
  • دەبێ دایک و باوک درک بە گرنگی قسەکردنی منداڵ بکەن.
  • پێویستە منداڵ بە ئازادی و بەبێ سانسۆر گوزارشت لە بۆچوونەکانی خۆی بکات.
  • دەبێ دایک و باوک هانی منداڵ بدەن، بۆ ئەوەی فێرە قسەکردن و زمانپاراوی بێت.
  • دەبێ دایک و باوک گشت بەربەستەکان لە بەردەم گەشەکردنی زمانی منداڵ لابەرن.
  • دەبێ دایک و باوک خۆیان لە هزری خۆسەپاندن و تاکڕەوی بپارێزن.
  • پێویستە منداڵ مافی پرسیار کردن و گلەیی کردن و قسەکردن هەبێت و لە ژێر گوشار و فشار و چاوسوور کردنەوە، دەمکوت و بێدەنگ نەکرێت.
  • پێویستە دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ دایک و باوک زوو زوو بڕیار نەدەن.
  • گەرەکە دایک و باوک لە گشت بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری ئاخافتندا، برەو بە گەشەپێدانی منداڵ بدەن.
  • دەبێ دایک و باوک زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنن، بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵ لە شەرمنی و گۆشەگیری و تەنیایی.
  • دەبێ دایک و باوکەکان خۆیان بەدوور بگرن لە لاساییکردنەوەی کوێرانە.
  • گەرەکە جاربەجار، پرس و ڕا بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکرێت، هەروەها ئەگەر پێویست بوو، سەردانیان بکرێت، بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویست.


سەرچاوەکان



880 بینین