چۆن تێگەشتن لەنێوان منداڵەکانماندا بەدی بهێنین؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-20:56:00 - کۆدی بابەت: 2159
چۆن تێگەشتن لەنێوان منداڵەکانماندا بەدی بهێنین؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن تێگەیشتن لە نێوان منداڵەکانماندا بەدی بهێنین؟

ڕەنگە تۆ لەو دایک و باوکانە بیت کە چەند منداڵێکی گەورە و بچووکت هەبێت لە قوتابخانە، کە زۆرجار لە نێوانیاندا شەڕ و ناکۆکی و ململانێ دروست ببێت و یەک لە دوای یەک شکایەتی خۆیان بێنن بۆ لات، لەم کاتەدا داوەری کردن لە نێوانیاندا کارێکی ئاسان نییە. بەم هۆیەوە زۆرجار چارەسەرەکەی سەردەکێشێت بۆ ئازاردانی یەکێک لەو منداڵانە، بۆیە هەستێکی ڕقاوی و تۆڵەسەندنەوە لە ناخیاندا دروست دەبێت بەرامبەر یەکتری، یان هەستێکی توڕەیی و ئازاری ناخی و بێتاقەتی بەرامبەر تۆی دایک یان باوک دروست دەکات. زۆربەی دایک و باوکان پێیان وایە کە ناکۆکی و شەڕی نێوان منداڵەکانیان لەسەر شتی بێ نرخ پەیدا دەبێت، بۆ نموونە: بە بردنی قەڵەمێک بە بێ مۆڵەت وەرگرتن دەست پێدەکات، سەرەنجام سەر دەکێشێت بۆ دووبەرەکی نێوان منداڵەکان، جا ئەم کردارانە دووبارە دەبنەوە، جێی سەرسوڕمانە کە منداڵان ناتوانن ڕێ لە لاساری و شەڕەنگێزی خۆیان بگرن، هەمیشە بۆ فرسەتێک دەگەڕێن تا لە ئازاردانی خوشك و براکانیاندا بەکاری بهێنن، ئەوەی جێی سەرنجە هەموو منداڵێک دەزانێت چۆن ئازاری ئەوانی تر بدات، یان خاڵی لاوازی ئەوانی تر دەزانێت بۆ نموونە: خوشک لە ماڵەوە دەزانێت کە براکەی بە شێواندنی کتێبخانەکەی یان جل و بەرگەکانی توڕە دەبێت، لەبەر ئەوە هەمیشە هەوڵی تێکدانی ئەو شتانە دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕۆژێکدا چەند جار هاوار بکات و شکایەتی لای دایک و باوکی بکات، براکەش بەو شێوەیە بۆ شتێک دەگەڕێت کە خوشکەکەی پێ تووڕە بکات، وەک ئەوەی لەسەر مێزی نانخواردن شوێنەکە بگرێت یان لە ناو ئۆتۆمبێلدا، ئایا پێویستە لەم کاتانەدا دایک و باوک چی بکەن؟
لەبەر جیاوازی باری ژیانی هەر خێزانێک لە خێزانێکی تر، ئەستەمە یەک ڕەوشتی جێگیر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەم گرفت و ناکۆکیانە دابنێین، بەڵام دەتوانرێت بە بەکارهێنانی چەند خاڵێکی گشتی لەم بوارەدا تا ئەندازەیەکی باش ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێت:

  • بەپێی توانا هەوڵ بدرێت کەلوپەل و پێداویستی منداڵەکان سەربەخۆ بن تا ناچار نەبن لە شتومەکە هاوبەشەکان سوود وەربگرن، جونکە زۆر لە منداڵەکان، لەگەڵ بەرامبەریاندا یەکناگرنەوە و ناکۆکی و کێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێط.
  • باشتر وایە لە کاتی ئەنجامدانی کارە تایبەتیەکانی خۆیاندا تا دەکرێت لە یەکتریەوە دوور بن، بۆ ئەوەی نەتوانن لە کاری یەکتریدا خۆیان هەڵقورتێنن، لە هەمان کاتدا دۆزینەوەی ئیش و کار بۆیان و خەریککردنیان بە چالاکی جۆراوجۆر لە کات و و شوێنی جیاوازدا، ئەمەش ڕێدەگرێت لە ململانێ و ناکۆکی نێوانیان.
  • لە کاتی شەڕ و ناکۆکیاندا وا باشترە هەوڵ بدەیت گوێبیستی خواستەکانی هەردوولا بیت، بێلایەن بین لە بەرامبەر کێشەکاندا و بێ جیاوازی کردن لە نێوان کوڕ و کچدا، یاخود لاواز و بەهێزدا دادوەری ئەنجام بدەین.
  • هەوڵ بدرێت منداڵەکان لە ماڵدا مافیان یەکسان بێت، هەر کەسە و بەپێی ئەندازەی پێویست و بەپێی تەمەنیان خواستەکانیان لە ماڵدا بۆ دابین بکرێت.
  • یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان منداڵەکان ئەو شتانەی کە پێویستە لە نێوانیاندا دابەش بکرێت ئەوەیە داوا لە یەکێک لە منداڵەکان بکەیت لە ژێر چاودێری ئێوەدا بە شێوەیەکی یەکسان ئەو شتانە دابەش بکرێت پاشان بە منداڵێکی تریان بڵێیت کام لەم دابەش کردنەت پێ باشە بۆ تۆ.


سەرچاوەکان



574 بینین