دارکونکەرە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-09-13:56:00 - کۆدی بابەت: 2787
دارکونکەرە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دارکونکەرە (بە عەرەبی: نقار الخشب، بە ئینگلیزی: woodpecker)، لە خێزانێکی سەرەکی باڵندەکاندا پۆلێندەکرێن کە ٢١٠ پۆل لەخۆدەگرێت، هەموویان هاوبەشن لە ئەوەی کە بە دەنووکیان دارەکان هەڵدەکۆڵن بۆ خواردنی مێرووەکان، و تیرەی دارکونکەرەکان لە بەناوبانگترینەکانە، سەرنجی زۆرینەی خەڵک ڕادەکێشێت بۆ خۆی و ١٨٠ جۆری هەیە، وەک (ئیمپراتۆری، سەر سوور، ڕەنگ ڕەش، مەرەکەبی مەزن، بەڕوو، دەنووک عاج، هتد)، بەڵام بە نزیکەیی ژمارەیان نازانرێت و ناخەمڵێنرێت چونکە لە یەک جێگەدا نیشتەجێ نابن و کۆچدەکەن، ئەم ناوەیان لێنراوە لە ئەنجامی ئەو دەنگ و ژاوەژاوەی کە بۆ هەڵکۆڵینی دارەکان دەریدەکەن، هەموو جۆرە جیاوازەکانیشی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان ٥-١١ ساڵ دەخایەنێت.

شێوەی دەرەوەی

لە زۆر ڕووەوە جیاواز و تایبەتمەندترە لە باڵندەکانی دیکە، دەنووکی تیژ و درێژە بۆ هەڵکۆڵینی درەختەکان سوودی لێدەبینێت، ملی زۆر بەهێزە و کلکی زۆر ڕەقە، کلکی یارمەتی هێشتنەوەی هاوسەنگیەکەی ئەدات کاتێک لەسەردارەکانە، و کەللەی سەریشی ئەستوورە یارمەتیدەریەتی بۆ بەرگەگرتنی دەنووک دان لە دارەکان بۆ کونکردنیان بۆماوەی چەندین کاتژمێر، بە جۆرێک کە لە یەک خولەکدا ١٠٠ دەنووک دەدات لە درەختەکان و هیچ جارێکیش توشی ژانەسەر نابێت، درێژی زمانی ٤ ئینجە دوو هێندەی درێژی دەنووکیەتی کە لە کۆتاییەکەیەوە ماددەیەکی هاوشێوەی کەتیرەی لەسەرە، هاوکاری گرتنی نێچیرەکانی دەکات، دوو پێی هەیە هەریەکەیان ٤ پەنجەی پێوەیە دووانیان لە پێشەوەن دوانیان لە دواوەن، ئەم پەنجە و پێیە ئەستورانە بە تەواوەتی جێگیری دەکات لەسەر دارەکان، ڕەنگەکەشی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، دەکرێت ڕەنگی پەڕەکانی ڕەنگەکراوەکان و تاریکەکانیش بێت، وەک سپی و سوور سەوز و خۆڵەمێشی و ڕەش قاوەیی، هەروەها پەڕەکانی زۆر جوان و تیژن، و قەبارەی دارکونکەرەکان بە گوێرەی جۆرەکەی جیاوازە، بە جۆرێک بچووکترینیان ٣-٤ ئینجە گەورەترینیشیان درێژییەکەی دەگاتە  ٢٠ ئینج.

خۆراک

بۆ بەدەستهێنانی خۆراک مێرووەکانی نێوان درزی دارەکان دەخوات کە خۆی هەڵیدەکۆڵێت، بە تایبەتیش ئەو مێرووانەی کە زیانبەخشن، هەروەها لە ڕۆژێکدا دەتوانێت ١٠٠٠ مێروولە بخوات، بەڵام هەندێکجار میوە و گوێز و تۆوەکان دەخوات، واتە جۆری خۆراکەکەی بە گوێرەی هەبوونی لە ژینگەکەیدا دەگۆڕێت. 

نشینگە

دارکونکەرە لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی زەویدا دەژی، جگە لە جەمسەرەکان و ئوستورالیا و زەریای هێمن و مەدەغەشقەر و ئێرلەندا و نیوزلەندا، بە گشتی لە نێو دارەکانی دارستانەکاندا دەژی، بە تایبەتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تەکساسەوە درێژ دەبێتەوە هەتا زەریای ئەتڵەسی، و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەڵام لە ئێستادا مەترسی لەناوچوون لەسەر ٢٠ جۆریان هەیە بەهۆی وێرانکردنی هێلانەکانیان و شکاندنی هێلکەکانیان و بڕینەوەی درەختەکان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و بوونیان بە نێچیری ئاژەڵە دڕندە کێوییەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆر و پێویستیەکانی ژینگەکەی، سەرەتا دروستکردنی هێلانە پێویستە کە نێرینەکە هەوڵی زیاتری بۆ دەدات، نێرینەکە هێلانەکە هەڵدەکۆڵێت و کەلێنەکە دروستدەکات، ئەمەش ١٢-١٧ ڕۆژ دەخایەنێت، پانی کەلێنەکە ٣-٦ ئینج درێژە و قوڵییەکەشی ٨-١٦ ئینج، ئەم هێلانە دروستدەکات بۆ دانانی هێلکەکان و نیشتن لەسەریان، ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکە ٢ هەفتە دەخایەنێت، دارکونکەرە جیاواز لە باڵندەکانی دیکە، هەموو تەمەنی تەنها لەگەڵ یەک مێینە یەکگرتن دەکات، مێینەکەش دوای یەکگرتن ٢-٥ هێلکە دەکات، و دواتریش ١١-١٤ ڕۆژ گرنگییان پێدەدات، بێچووەکان کە لەدایک دەبن بێ پەڕ و نابینان، دایک و باوکەکە هەردوکیان هەوڵی هێنانی خۆراکیان بۆ ئەدەن، هەرکاتێک یەکێکیان خۆراک بهێنێت ئەوی دیکە لە تەنیشتیان دەمێنێتەوە، تەواوبوونی گەشەکردنیشیان تەنها ٢٥-٣٠ ڕۆژ دەخایەنێت.

تایبەتمەندییەکانی

ئەم باڵندانە دەنگ خۆش و خوێنەر نین، بەڵام نێرینە و مێیەنەکان بۆ پەیوەندیکردن کۆمەڵێک دەنگی بەرز بەکار دەهێنن، بەڕادەیەک بەرزە کە لە مەودایەکی زۆری دارستانە چڕەکاندا دەگوازرێتەوە، دەنگەکانیش بۆ ئاگارکردنەوە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیانە، وەک (جریوە، فیکە، قیژە، چەنەدان، ناڵاندنێکی وەک گریان و خشە خشکردن)، و لە کاتی هەستکردن بە دوژمنایەتی ئەوا سەری بەلای ڕاست و چەپدا دەلەرزێنێت، هەروەها زۆرینەی دارکونکەرەکان هێلانەی تایبەت بۆ خۆیان دروستدەکەن، لەکاتێکدا هەندێکیان لە ماڵ و جێگەی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان دەمێننەوە یان هەر هێلانەیەکی دیکەی ئامادەکراو.

جۆرە بەناوبانگەکانی دارکونکەرە

  • دارکونکەرەی داونی: نێرینە و مێینەکانی هاوشێوەن تەنها نێرینەکان ناوچەیەکی سەریان ڕەنگەکەی سوورە.
  • دارکونکەرەی قژدار: شێوەیان زۆر لە دارکونکەرەی داونی دەچێت بەڵام ئەمان قەبارەیان گەورەترە و دەنووکیان درێژترە.
  • دارکونکەرەی سەر سوور: هەبوونی سەرێکی ڕەنگ سوور و جەستە و دوو باڵی سپی و ڕەش تایبەتمەندییە دیار و جیاوازەکانی ئەم جۆرەن، هەروەها لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا بەزۆری دەبینرێن.
  • دارکونکەرەی پۆپنەدار: گەورەترین دارکونکەرەیە لە ئەمریکای باکوور و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٤٦ سم، بۆیە بە ئاسانی بەهۆی قەبارە و نشینگەکەیەوە دەناسرێتەوە.
  • دارکونکەرەی باشووری لێدان: ئەم دارکونکەرەیە ڕەنگی ئەسمەر یان پرتەقاڵییە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا زۆر بڵاون، ئەوانەی لە نشینگەی جیاوازتر دەژین دەکرێت ڕەنگیان بگۆڕێت، بەڵام ناوچەی خوارەوەی هەردوو نێرینە و مێینەکان هەموو کات خاڵدارە.
  • دارکونکەرەی سک سوور: ئەم جۆرە یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی دارکونکەرە و حەزی لە خواردنی گوێز و چەرەسەکانە، هەروەها لە ناوچەی سکیدا هێڵێکی باریکی سووری پێوەیە، کە بە زەحمەت دەبینرێت.
  • دارکونکەرەی پشت پلیکانە: نێرینەکان پۆپنەیەکی سووریان هەیە بەڵام پۆپنەی مێینەکانی دەکرێت هەریەک لە ڕەنگەکانی ڕەش و سوور و پرتەقاڵی بێت.
  • دارکونکەرەی مژەری سک زەرد: دارکونکەرە مژەرەکان شێوەی جیاوازیان زۆرە بەڵام سک زەردەکان بەناوبانگترینن.
  • دارکونکەرەی بەڕوو: ئەم جۆرانە بەناوبانگن بەهۆی خواستی زۆریان بۆ خواردنی بەڕوو، و نشینگەکانیان ژمارەیەکی زۆر جێگەی جیاواز دەگرێتەوە.


سەرچاوەکان



1076 بینین