زەیتی زەیتوون

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-01-23:22:00 - کۆدی بابەت: 3180
زەیتی زەیتوون

ناوه‌ڕۆك

زەیتی زەیتوون

زەیتی زەیتوون بریتییە لەو چەورییە شلەی کە لە زەیتوونەوە بەرهەم دەهێنرێت بە پەستان خستنە سەری و دەرهێنانی ڕۆنەکەی، بە شێوەیەکی گشتی لە چێشت لێنان، سوورکردنەوەی خواردن و زەڵاتەدا بەکاردێت، هەروەها لە دروستکردنی جوانکاری، دەرمان و سابوونیشدا بەکاردێت.

پسپۆڕانی بواری خواردن کۆکن لەسەر ئەوەی کە نایابترین و تەندروستترین ڕۆن کە گونجاوبێت بۆ خواردن و لێنانی چێشت بریتییە لە زەیتی زەیتوون، چونکە لە کاتی بەرهەمهێناندا پوختەناکرێت و بە پرۆسەی زۆردا تێپەڕناکرێت ئەمەش وادەکات پێکهاتەکانی ناوی ڕەوشتیان لەدەست نەدەن، زەیتی زەیتوون بە شێوەیەکی ڕێژەیی خاڵی دووکەڵکردنی نزمە بە بەراورد بە ڕۆنەکانی دیکە، کە ئەمەش خاڵێکی باشە بۆ لێنانی لە پلەی گەرمی نزم و مامناوەنددا، خاڵی دووکەڵکردن بریتییە لەو خاڵەی کە تێیدا ڕۆن دەستدەکات بە سووتان و بۆنێکی ناخۆش دروست دەكات، ئەگەر ڕۆنێک گەرمکرا تاکوو لە خاڵی دووکەڵکردن تێپەڕدەبێت ئەوکات زۆربەی پێکهاتەکانی ناوی ڕەوشتیان لە دەست دەدەن.

پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتووین

کەرەستەی خاو

باشترین ڕۆنەکان ئەوانەن کە لە زەیتوونی پێگەیشتوو بەرهەمدێن، لە کۆتایی بەهاردا گوڵی بچووک لەسەر درەختی زەیتوون گەشەدەکات، بۆیە لە مانگی تشرینی دووەم تاکوو مانگی ئازار کاتێک کە زەیتوونەکان پێدەگەن و ڕەنگیان لە سەوزەوە دەبێتە مۆرێکی تۆخ و ڕەش دروێنەی زەیتووین دەکرێت، پێویستە هەر درەختێکی زەیتوون چەند جارێک دروێنەبکرێت تاکوو زۆربەی ئەو زەیتوونانەی کۆدەکرێنەوە لە هەمان قۆناغی پێگەیشتندابن، لە سەردەمی کۆندا ئەو کەسانەی کە زەیتوونیان لێدەکردەوە وا ڕاهاتبوون کە بە دارێک لە درەختی زەیتوونەکە بدەن تا زەیتوونەکان بکەونە خوارەوە، ئەم شێوازە بۆ چەندین سەدە بەردەوام بوو، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا ئامێرێکی تایبەت بەکاردێت بۆ جوڵاندنی درەختی زەیتوونەکان، هەروەها لە ژێر دار زەیتوونەکاندا تۆڕ بڵاودەکرایەوە بۆ ئەوەی زەیتوونەکان بکەونە سەریەوە، زۆربەی بەرهەمهێنەرەکانی ئێستا ڕووپۆشی پلاستیکی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی زەیتوونەکان بکەونە سەریەوە و بە خێرایی کۆ بکرێنەوە، ٠,٩٥ لیتر لە زەیتی زەیتوونی خاوێنی باشترین کوالیتی پێویستی بە ٢٠٠٠ زەیتوون هەیە بۆ بەرهەمهێنان.

کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی زەیتوونەکان

دوای ئەوەی زەیتوونە پێگەیشتووەکان لێکرانەوە و کۆکرانەوە، بە دەست بژاردەکرێن بۆ دەرهێنانی زەیتوونە گەنیو و خراپبووەکان، زەیتوونەکان دابەشدەکرێن بۆ چەند جۆرێک بە پێی گەورەیی و دۆخی پێگەیشتن و کوالێتییەکەیان، پاشان دەخرێنە شوێنی پەستاوتن و هەڵدەگیرێن بۆ کاتێکی کەم کە نابێت لە چەند ڕۆژێک تێپەڕبکات، کاتەکەی دەبێت ئەوەندە کورتبێت تاکوو ڕێگربێت لە تێکچوونی زەیتوونەکان، هەروەها ئەوەندەش درێژبێت تاکوو ڕێگە بە زەیتوونەکان بدات بە پێی پێویست گەرم ببن و زیاتر ڕۆنەکەیان بدەنەوە.

شۆردنەوە و هاڕینی زەیتوونەکان

زەیتوونەکان بە ئاوی سارد دەشۆردرێنەوە، پاشان دەخرێنە ئامێرێکەو کە پێی دەوترێت تێکشکێنەری زەیتوون کە بە تەواوی زەیتوونەکان دەهاڕێت، بە پشت بەستن بە جیڕی زەیتوونەکان و ئاستی پێگەیشتنیان پێویستە بۆ جاری دووەم زەیتوونەکان بە ئامێری هاڕەردا تێپەڕبکرێت.

دروستکردنی هەویری زەیتوون بە ئامێری تێکەڵکەر

لەسەردەمی کۆندا زەیتوون دەشێلرا تا ببێت بە هەویر بە بەکارهێنانی دەسکەوانەیەکی شێوە لوولەکی یاخود گۆیی، ئەم پڕۆسەیە درێژەی کێشا تاکوو ئەو کاتەی بەردی دەسکەوانەکان ئەوەندە گەورەبوون کە پێویستی بە کۆیلەکان یاخود کۆمەڵێک ئاژەڵ هەبوو تا کاری پێبکەن، لە پڕۆسەی پێشکەوتوودا دوای هاڕینی زەیتوونەکان دەخرێنە دەفرێکی زۆر گەورە و بە ئامێرێکی تیژ تێکەڵدەکرێن تاکوو وەک هەویرێکی چوونیەکیان لێدێت.

پەستان خستنەسەری سارد بۆ دەرهێنانی ڕۆنی زەیتوون

دەستەواژەی پەستان خستنەسەری سارد لەوەوە هاتووە کە زەیتی زەیتوون دەردەهێنرێت لە هەویرەکە بەبێ گەرمکردنی و بە پەستان خستنەسەر هەویرەکە لە بۆشاییەکی دیاریکراودا، هەویری زەیتوونەکان بە شێوەیەکی چوونیەک لەسەر ڕووکارێک بڵاودەکرێنەوە کە لە داری گوش یاخود ڕیشاڵی دەستکرد دروستکرابێت، هەر رووکارێک دادەپۆشرێت بە ٤ بۆ ٥ کیلۆگرام لە هەویری زەیتوونەکان، ٢٥ بۆ ٥٠ ڕووکار ڕێکدەخرێن و کۆمەڵدەکرێن لەنێوان پلێتی پەستان خستنە سەردا، کاری پلێتەکان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵە ڕووکارەکان و بڵاوکردنەوەی پەستانەکەیە بە شێوەیەکی چوونیەک، پاشان بە پەستێنێک پەستان دەخرێتە سەر کۆمەڵە ڕووکارەکە، بەم شێوەیە ڕۆنەکە بەناو ڕووکارەکاندا دێتە خوارەوە و پاشماوەی هەویرەکە لە نێوان ڕووکارەکاندا دەمێنێتەوە و چەند جارێک پەستانی دەخرێتەوە سەر بۆ تەواو دەرهێنانی هەموو ڕۆنەکەی، ئەو ڕۆنەی کە دەردەهێنرێت تێکەڵەیەکی سورباوە لە ڕۆن و ئاوی خودی زەیتوونەکە، ئەمە ئەو زەیتەیە کە پێی دەوترێت زەیتی خاوێنی کوالێتی بەرز، چونکە ئەو زەیتەی کە چەند جارێک پوختەدەکرێت بە بەکارهێنانی گەرمی کوالیتییەکەی دادەبەزێت.

جیاکردنەوەی زەیت لە ئاوی خودی زەیتوونەکە

لە کۆندا تێکەڵەی ڕۆن و ئاوەکە لەناو دەفرێکی گەورەی تایبەتتدا هەڵدەگیران تاکوو ڕۆنەکە سەر ئاو دەکەوت و جیادەکرایەوە، بەڵام زۆرجار تووشی ترشان دەبوو ئەمەش کاریگەری دەکردە سەر تام و بۆنی زەیتەکە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئامێری تایبەت بە جیاکردنەوەی زەیت و ئاوی زەیتوونەکە بەردەستە کە بە ئاسانی جیایان دەکاتەوە و زەیتی زەیتوون بەرهەمدێت و دەپێچرێتەوە و دەخرێتە بوتڵی ڕەنگ تاریکەوە بۆ ئەوەی ڕەنگی سروشتی زەیتی زەیتوونەکە تێکنەچێت بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، چونکە ئەو زەیتانەی کە لە بوتڵی ڕەنگ ئاویدا هەڵدەگیرێن ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ سەوزێکی زەردباو، بەڵام تامەکەیان لەدەست نادەن.

سوودەکانی زەیتی زەیتوون

  • تەندروستی دڵ دەپارێزێت.
  • هەوکردن کەم دەکاتەوە.
  • دەروون ئارام دەکاتەوە.
  • یارمەتی چالاکبوونی مێشک دەدات.
  • لەش دەپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن.


سەرچاوەکان



2189 بینین