بێ نوێژی ئافرەتان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-17:40:00 - کۆدی بابەت: 3585
بێ نوێژی ئافرەتان

ناوه‌ڕۆك

باسی (حیض) و (نفاس)

لە ئەندامی زاوزێی ئافرەت سێ جۆرە خوێن دێتە دەرەوە:

یەکەم: خوێنی حەیز.
دووەم: خوێنی منداڵبوون.
سێیەم: خوێنی ئیستیحاڵە، واتە: خوێنچڕکەی نەخۆشی.

حەیز

خوێنێکە لە منداڵدانەوە دێتە دەرەوە لە کاتێکی تایبەتدا لە کونی ئەندامی منداڵبوونی ئافرەتەوە، لەو کاتەی تەندرووستی ئافرەتەکە باشە بە هۆی منداڵبوونیش نییە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (هذا شيءٌ كتبَهُ اللَّهُ على بَناتِ آدمَ)رواه الشیخان، واتە ئەم حەیزە شتێکە خوای گەورە نووسیویەتی لەسەر کیژەکانی ئادەم.

ڕەنگی خوێنی حەیز ڕەشە، گەرمە، دێشێنێ.

ڕەنگی ئەم خوێنە سووریش هەیە، کاڵیش هەیە، زەردیش هەیە، شێلووش هەیە، بۆنیشی ناخۆشە.

نیفاس چییە؟

خوێنێکە دێتە دەرەوە لە کونی ئەندامی منداڵبوونی ئافرەتەوە، لە پاش چۆڵبوونی ئەندامی منداڵدانەوە، بە دانانی ئەو بارەی تێیدایە، جا ئەو بارە منداڵێکی تەواو بێ، یان هەر پارچە خوێنێک بێ، لە کونەکەی بێتە دەرەوە، یان زگی هەڵبدڕێ.

ئەم خوێنەش هەر خوێنی حەیزە بە هۆی ئاوسبوونی ئافرەت لە ناو منداڵداندا کۆ ئەبێتەوە، جاری وا هەیە: ئافرەتی ئاوس ئەم خوێنەی لێ دێتە دەرەوە و هەر بە حەیز دائەندرێ ئەگەر مەرجەکانی لێ بێنەجێ، بەڵام بە زۆری وا ڕووئەدا کە بارەکەی لەناو منداڵداندا نەما، خوێنەکە دێتە دەرەوە.

(الاستحاضە) خوێنچڕکە

خوێنێکی بەردەوامە لەبەر نەخۆشی لە کونی منداڵبوونی ئافرەتەوە دێتە دەرەوە، لەو ڕۆژانەی کاتی حەیز و نیفاس نین (عن حمنة بنت جحش: قال النبی ﷺ: إنما هذه‌ رکضة من رکضات الشیطان) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەم خوێنچڕکەیە بەهۆی لێدانێکی شەیتانە، کە دەمارێکی لە منداڵداندا پچڕاندووە. کەواتە: ئەم خوێنە بێ دەستنوێژییەکی بچووکی بەردەوامە و نوێژ و ڕۆژوو قەدەغە ناکا.

کەمترین مانەوەی ئافرەت لە خوێنی حەیزدا شەوێک و ڕۆژێکە، واتە تا بیست و چوار سەعات تەڕایەتی خوێن هەر ئەبێ.

زۆرترین مانەوەی ئافرەت لە حەیزدا پانزە شەو و پانزە ڕۆژە، بەڵام مەرج نییە بەردەوام خوێنەکەی بێ، چونکە ئافرەتی وا هەیە بە دوو ڕۆژ جارێک خوێن ئەبینێ، کەواتە: لە شەو و ڕۆژێک بەولاوە هەر چەندی هەبێ، هەمووی بە حەیز دائەندرێ تا پانزە ڕۆژ، کەوابوو لەو نێوانەدا ماوە و ئەندازەی دیاریکراوی نییە.

بە ئەغڵەبی کە ئافرەتان لە حەیزدا بن، یان شەش ڕۆژە، یان حەوتە، لەوەشدا مەرج نییە خوێنەکە بەردەوام بێ، پێغەمبەر ﷺ بەو ئافرەتەی فەرموو: (فتَحِيضي سِتَّةَ أيَّامٍ أو سبعةَ أيَّامٍ ثم اغتسلی) رواه أصحاب السنن، لە حەیزدا بمێنەوە: یان شەش یان حەفت ڕۆژ، ئینجا خۆت بشۆرە.
کەمترین ماوەی هاتنی خوێن لەدوای باردانانی ئافرەت، چاو تروكاندنێكە، واتە ماوەیەکی کەمە، جاری وا هەیە منداڵیشی ئەبێ و هیچ خوێن نابینێ، کەوابوو: واجبە یەکسەر خۆی بشوا و نوێژ بکا.
زۆرترین ماوەی هاتنی ئەو خوێنە شەست ڕۆژە، بە گشتی ماوەی هاتنی ئەو خوێنە چل ڕۆژە (عن أنس رضی الله عنه: وقت النبی ﷺ للنفساء أربعين يومًا إلا إن تری الطهر قبل ذلك) رواه ابن ماجە، پێغەمبەر ﷺ ماوەی دانیشتنی ئافرەتی منداڵ لێبووی دیاری کرد بە چل ڕۆژ، مەگەر پێش چل ڕۆژ خوێنی ببڕێ، ئەوە پاک ئەبێتەوە.
کەوابوو: نیفاس ماوە و ئاندازەی -لە دەمێک تا شەست ڕۆژ- دیاری نەکراوە، چونکە ئافرەتی واهەیە بە حەفتەیەک پاک ئەبێتەوە و، ئەبێ خۆی بشۆرێ و نوێژ بکا.
کەمترینی ئەو ماوەیەی ئافرەت پاک ببێتەوە لە نێوان دوو حەیزدا پانزە ڕۆژە، واتە: بە لای کەمی ئەبێ پانزە ڕۆژ پاک بێ، ئینجا حەیزێکی تر ببینێ، وە هیچ سوورێک دانەندراوە بۆ زۆرترین ماوەی پاکبوونەوە، چونکە ئافرەتی وا هەیە تەنها یەکجار حەیز ئەبینێ.
هەروەها بزانە: تەمەنی ئافرەت و ژیانی ئافرەت و خۆشحاڵی و غەمناکی ئافرەت، هەریەک لەوانە کار ئەکاتە سەر پێشکەوتن و دواکەوتنی حەیز.


سەرچاوەکان

1121 بینین