مامۆستای بێئەزمون و ئەو کێشانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە

مامۆستای بێئەزمون و ئەو کێشانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-15:29:00 - کۆدی بابەت: 4265
مامۆستای بێئەزمون و ئەو کێشانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە

ناوه‌ڕۆك

مامۆستای بێئەزمون

هەموو مامۆستایەک لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی وەک مامۆستا دووچاری زەحمەتی و ناخۆشی دەبێتەوە. لەم بوارەش هەردوو زانا (دیمبو و بلمنج) دەڵێن زۆر بە کەمی مامۆستاکان واز لە کارەکانیان دەهێنن بەهۆی کەمی مەشقیان لە بواری کارەکانیان یان لەبەر خراپی جێگاکانیان، بەڵکو زۆرینەیان واز لە کارەکانیان دێنن بەهۆی ناڕەحەتیان و ململانێ و بێئومێدیان کە ڕاستەوخۆ لە بارودۆخی فێرکردن ڕوودەدات تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی مامۆستا ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات دەربارەی ئەو کێشانەی کە دوچاری دەبێتەوە لەناو یان لە دەرەوەی پۆل.

مامۆستا نوێیەكان گرنگی بە چی بدەن؟

بۆیە پێویستە بپرسین ئەو لایەنانە چین کە مامۆستا نوێیەکان گرنگی پیدەدەن، بۆ ئەوەی کارەکانیان بە سەرکەوتویی ئەنجام بدەن لەناو پۆل؟

لە توێژینەوەیەک کە (ڤێنمان) ئەنجامی دا لەبواری پەروەردەیی، بۆی دەرکەوت کەوا چەند بابەتێكی سەرەکی هەن ئەم مامۆستایانە گرنگی پێدەدەن بە ئومیدی ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە سەرکەوتویی ئەنجام بدەن ئەوانیش:

  • کۆنترۆڵکردنی پۆل
  • هاندانی قوتابیان بۆ خوێندن
  • مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازی تاکایەتی قوتابیان
  • هەڵسەنگاندنی کارەکانی قوتابیان
  • ڕێکخستنی پۆل
  • تەواوی یان ناتەواوی کەرەستە پەروەردەییەکان
  • مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی قوتابیان

ئەوەی شایەنی باسە (ڤێنمان) بینی ئەو کێشانەی کە دووچاری مامۆستا لە قۆناغی سەرەتایی دەبێتەوە هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە دووچاری مامۆستای قۆناغی ناوەندی دەبێتەوە. هەردوو زانا (فولر، براون) پێیان وایە بە شێوەیەکی گشتی مامۆستا تازەکان بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبن ئەوانیش:-

١- قۆناغی دەروونزانی: ئەم قۆناغە بە قۆناغی ململانێش ناودەبردرێت و ئەوەی هەستی پێ دەکرێت لەم قۆناغە دڵەڕاوکێ و ماندوبوونی مامۆستایە، چونکە مامۆستا سەرقاڵی کەموکوڕیەکانی خۆی دەبێت وە بەردەوام چەندین پرسیار لەخۆی دەکات لەوانە: (ئایە قوتابیەکانم منیان خۆشدەوێت؟ ئایا مامۆستاکانی تر گرنگی بە من دەدەن؟ ئایا بەڕێوبەر چۆن دەڕوانێتە کارەکانم؟

بێگومان مامۆستاکان پێش دەستپێکردن بە کارەکانیان و لە سەرەتای کارەکانیان بەردەوام ئەم پرسیارانە لە خۆیان دەکەن. لە چەند توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە لەم بوارە دەرکەوتووە هەندێک لە مامۆستاکان لە سەرەتای کارەکانیان لایەنی کۆمەڵایەتیان لاواز دەبێت و نێگەتیڤ دەبن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی لەکاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ قوتابیەکانیان. وە هەندێک توێژەر پێیان وایە مامۆستا لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکانی شێوازی مامەڵەکردنی دەگۆڕێت لە پەیوەندیەکی مرۆڤایەتی بۆ کۆنترۆڵکردنێکی توند، بە جۆرێک بەردەوام جەخت لەسەر مەسەلەی کۆنترۆڵی پۆل دەکات.

٢- قۆناغی گرنگیدانی مامۆستا بەو کارانەی کە لای خۆی گرنگە: دوای ئەوەی مامۆستاکان هەست دەکەن توانای جێ بە جێ کردنی پێداویستی وانە وتنەوەیان هەیە، گرنگی زیاتر بە دەستکەوتی خوێندنی قوتابیەکانیان دەدەن و ئەو گرنگیدانە هەندێک جار وایان لێدەکات هەست بە بێ هیوایی بکەن، بە تایبەتی لە وتنەوەی هەندێک بابەت، یان لەکاتی زۆری ژمارەی قوتابیان لەناو پۆل، کەمی کاتی وانەکان، بوونی کەم و کوڕی لە پێداویستی وانە وتنەوە.

ئەگەر مامۆسا بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو قۆناغە نەکات ناتوانێت بگاتە قۆناغی سێیەم.

٣- قۆناغی گرنگیدان بە پێویستیەکانی قوتابیان: مامۆستا لەم قۆناغە درک بە پێویستیە کۆمەڵایەتیەکان و سۆزیەکان قوتابیان دەدات و شارەزای جیاوازیە تاکایەتیەکانی ناو پۆل دەبێت، وە درک بە نەگونجانی بابەتەکان دەکات لەناو پۆل بۆیە هەوڵ دەدات بابەتەکان بەپێی توانستەکانی قوتابیانی داڕێژێت.


سەرچاوەکان

216 بینین