ژاپۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-16-06:16:00 - کۆدی بابەت: 4548
ژاپۆن

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی

ژاپۆن وڵاتێكە لە ڕۆژهەڵاتی كیشوەری ئاسیا و دەكەوێتە نێوان دەریای ژاپۆن و زەریای هێمن و ڕۆژهەڵاتی دوورگەی كۆریا، ژاپۆن بە واتای (سەرچاوەی خۆر) دێت، ئەمەش ناوێكە چینییەكان لێیان ناوە لەبەرئەوەی كۆتا وڵاتی ڕۆژهەڵاتە و لەوێوە خۆر هەڵدێت، ژاپۆن لە 3 هەزار دوورگەی بچووك پێدێت، و چواریان گەورەترین و گرنگترینن كە ئەمانەن:

  • كیۆشۆ
  • شیكۆكۆ
  • هۆنشۆ
  • هۆكایدۆ

لە دوای ساڵی 1947ـوە دەستووری ژاپۆن لە ئیمپڕاتۆرییەوە گۆڕدرا بۆ پادشایی دەستووری، كە ئیمپڕاتۆر و پەرلەمانی هەیە.

نازناو دوورگەی دوورگەكان
پایتەخت تۆكیۆ
ژمارەی دانیشتوان  126،860،000 كەس (2017)
سیستمی بەڕێوەبردن  ئیمپڕاتۆری دەستووری
ئیمپڕاتۆر نارۆهیتۆ (2021)
بەرواری دامەزراندن  3/5/1947
دراو یەن
ژمارەی پەیوەندی فریاكەوتن

119 بەرگری شارستانی

110 پۆلیس

118 پاسەوانی سنووری ژاپۆن

سایدی لێخوڕین چەپ
كۆدی تەلەفۆن  81+
كۆدی ئینتەرنێت jp.

جوگرافیا و ڕووبەر

وڵاتەكە لە 47 پارێزگا پێكدێت، بەپێی جوگرافیا و مێژوو و كلتوور و زمانەوە بەسەر هەشت شوێندا دابەش دەبێت كە (هۆكایدۆ، تۆهۆكۆ، چۆبۆ، چۆگۆكۆ، شیكۆكۆ، كیۆشۆ، ئۆكیناوا)ـن، دانیشتوانی وڵاتەكە 127 ملیۆن كەسن.

%70ی ژاپۆن شاخ و بەرزاییە و هاوڵاتیان بە سوودوەرگرتن لە باڵەخانەی چەند نهۆمی شوێنی نیشتەجێ بوونیان ئاسانتر دەكەن.

ڕووبەری ژاپۆن 378000 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لەبەر نەبوونی دراوسێی وشكانی و بوونی ئاو لە هەموو ناوچەكانی ژاپۆن، دەوڵەمەندە بە سامانی ئاوی و ماسی.

كارەساتەكان و ژاپۆن

ژاپۆن وڵاتێكە كارەساتی سروشتی زۆر تێیدا ڕوودەدات وەك گەردەلوول و تەقینەوەی گڕكانەكان و بومەلەرزە، لەگەڵ ئەمەشدا ژاپۆنییەكان خۆیان ئامادەكردووە و ساڵ بە ساڵ بەهۆی پێشكەوتنیانەوە خێراتر چارەسەری كێشەكان دەكەن، و زۆرترین تێكۆشانیان بۆ بونیادنانی باڵەخانەی دژەبومەلەرزەیە، كە زیاتر بەرگەی بومەلەرزە بگرێ و بەخێرایی نەڕوخێت.

ئابووری و پیشەسازی

لە ڕووی ئابووریەوە ژاپۆن یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكانی بازاڕی جیهانی و لە ڕیزی پێشكەوتووترین وڵاتانی جیهاندایە، هەریەك لە كۆمپانیاكانی تۆیۆتا و سۆنی و فۆجی فیلم و باناسۆنیك، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كەرەستەی خاوی نییە، بۆیە هاوردەكەرێكی گەورەی كەرەستەی خاوە و هەناردەی كاڵای بۆ وڵاتانی دیكە لە لوتكەدایە.

یەكێك لە باشترین ئەو كەرەستانەی ژاپۆنییەكان باڵادەستن تێیدا ڕۆبۆتە گەورە و بچووكەكانن، كە لە پلانی وڵاتەكەدایە ڕۆبۆت شوێنی زۆربەی هێزە مرۆڤییەكان بگرێتەوە و شانبەشانی مرۆڤ كاربكات.

كشتوكاڵ

لە ڕووی كشتوكاڵەوە برنج بە سەرەكیترین بەرهەمی وڵاتەكە دادەنرێ، زۆرینەی بەكارهێنانی برنجیش ناوخۆییە لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرێكی كەمی هەیە، وڵاتەكە زیاتر جەخت لەسەر بەرهەمی ئاوی دەكاتەوە و زۆرینەی خۆراكەكانیان ئاوین و لە ماسی پێكهاتوون، هەروەها زۆرترین كەرەستەی ڕاوكردنی ماسی لە ژاپۆنەوە دروست دەكرێ.

گواستنەوە

بەشی گواستنەوەی ژاپۆن یەكێكە لە پێشكەوتووترین گواستنەوەكانی جیهان، هەموو شوێنێكی وڵات ڕێگای ئاسنین و میترۆی تێدایە و گواستنەوەی ئاوی و ئاسمانیش بە فراوانی لە كاردان، شەمەندەفەرەكانی شاری شینكانسن لە خێرایی 250 بۆ 300 كم/ لە كاتژمێرێكدان و بە سەلامەتترین هێڵی ئاسنینی دونیا ناسراون.

سەردەمی نوێی ژاپۆن

لە چەند ساڵێكی كەمدا وڵاتی ژاپۆن لەدوای جەنگی بۆشین (1867 بۆ 1868) سیستمی دەرەبەگایەتی لە وڵات لابرا و گۆڕانكاری زۆر گەورە كرا و سیستمی سیاسی و دەستووری دانران و لە ڕووی ئابووریەوە وڵات بەرەو پێش چوو، لە ڕووی سەربازیشەوە وڵاتەكە گەورەتر بوو ئەمەش وایكرد لە سەدەی بیست ببێت بە یەكێك لە داگیركەرەكانی جیهان.

داگیركارییەكانی سەدەی بیست

لە سەرەتای سەدەی بیست ژاپۆن هێرشی كردە سەر مەنچۆریا و داگیری كرد، دواتریش هێرشی كردە سەر وڵاتی كۆریا و لە ساڵی 1910 كۆریا و تایوان و ساخالین و كۆریلی داگیركرد، دواتریش لە 1937 هێرشی كردە سەر چین هەتاوەكو ساڵی 1945 و تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم.

دواتریش لە 1941 لە زەریای هێمن هێرشیان كردە سەر ئەمریكا و بەمەش خۆیان زیاتر تێوەگلاند لە جەنگ، بەڵام جەنگەكە دژی ئەوان بوو و تێیدا بە زیانێكی مەزن دۆڕان كاتێك هەردوو شاری هێرۆشیما و ناكازاكییان بە بۆمبی ئەتۆمی هێرشی كرایە سەر.

بەمەش ژاپۆن لە ژێر دەستی هاوپەیمانان مایەوە هەتاوەكو ساڵی 1952، دوابەدوای ئەوە وڵاتەكە وازی لە داگیركاری هێنا و هێزی خۆی لە بەرهەمهێنان و دەستگرتن بەسەر بازاڕی جیهان بەكارهێنا و ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتن بەردەوام بوو هەتاوەكو ئەمڕۆ.

سیستمی وڵاتەكە

لە 1947 وڵاتی ژاپۆن لە سیستمی ئیمپڕاتۆرییەوە گۆڕا بۆ سیستمی دەستووری ئیمپڕاتۆری لەسەر سێ بنەما كە بریتیین لە :

  • گەل خاوەن دەسەڵاتە.
  • پاراستنی مافە سەرەكییەكانی مرۆڤ
  • بەرپاكردنی ئاشتی و دووركەوتنەوە لە جەنگ

سیستمی سەرۆكایەتی ژاپۆن وەك بەریتانیا و كەنەدا وایە و خاوەن ئیمپڕاتۆرێكە و ئەركی ڕاپەراندنی كارەكان دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران، كە ئەویش لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.

هێزی بەرگری ژاپۆنی و پەیوەندی نێودەوڵەتی

ژاپۆن پەیوەندییەكی ئابووری و سەربازی باشی لەگەڵ وڵاتانی دیكە هەیە بەتایبەت ئەمریكا، لە ساڵی 1956ـیشەوە یەكێكە لە ئەندامانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێكیشە لە وڵاتانی G4 و هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش.

لەگەڵ هەریەك لە ڕووسیا و كۆریا و چین و تایوان كێشەی زەوی هەیە و لەسەر چەند دوورگەیەك هەمیشە لە دانوستان و ڕێككەوتندان و ژاپۆن ئەو زەویانە بە مافی خۆی دەزانێت و دەیەوێ وەریبگرێتەوە، لەگەڵ كۆریای باكووریش كێشەی هەیە و لەسەر كێشەی (ڕفاندنی هاوڵاتیانی ژاپۆنی و تاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە نزیك سنوورەكانی) بەردەوام هۆشیاری دەدات.

سووپای ژاپۆن لە یەكەكانی ئاسمانی و زەمینی و ئاوی پێكدێن و لە دەستووری ژاپۆنی لە ماددەی 9 جێگایان دەبێتەوە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ یەكەمین جار سووپای ژاپۆن ڕەوانەی وڵاتی دەرەوە كرابێت، ساڵی 2004 بوو كە ڕەوانەی عێراق كران بۆ پاراستن و ڕاهێنان بە سەربازان.

گڕكان و بومەلەرزە

ژاپۆن خاوەنی 108 گڕكانی چالاكە، هەروەها لەسەر هێڵی بومەلەرزەی چالاكە لە هەسارەی زەوی كە دەبنە هۆی دروستبوونی تسۆنامی كە لە سەدەیەكدا چەندین جار دووبارە دەبنەوە، وەك بومەلەرزەی تۆكیۆ لە ساڵی 1923 كە 140 هەزار كەسی لەناوبرد، دواتریش بومەلەرزەی 1995ـی شاری هانشین و بومەلەرزەی تۆهۆكۆی 2011 كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 15 هەزار كەس، دواتریش لە 2012 كە زیاتر لە 13 هەزار كەسی لەناوبرد.

ژینگە

سەرەڕای زۆری كارگەكان تێیدا بەڵام ژاپۆن بودجەی زەبەلاحی بۆ پاراستنی ژینگە و هەوای وڵاتەكەی تەرخان كردووە و لە ساڵی 2010 لە ڕیزبەندی بیستەم وڵات بوو بۆ بوونی ژینگەیەكی پاك و خاوێن.

گرنگترین كۆمپانیاكانی

  • تۆیۆتا
  • لێگزس
  • نیسان
  • سۆنی
  • كانون
  • سۆبۆرۆ
  • پلەی ستەیشن
  • میتسوبیشی

ئایین

لە دەستووری ژاپۆنی هەمووكەسێك ئازادە بۆ هەڵبژاردنی ئایینی تایبەت بە خۆی، بەڵام ئامارەكان دەریانخستووە %85 بۆ %95 ی ژاپۆنییەكان بوزی و شینتۆن، چاودێرانیش ئەمە بە ڕاست نازانن چونكە ئاماری پەرستگاكانە و ئاماری گشتی دەریدەخات كە زیاتر لە %70 بۆ %80ـی دانیشتوان هیچ ئایینێكیان نییە.

ئایینی ئیسلام لە وڵاتەكە بەهۆی چینییەكانەوە گەیشتووە پێیان لە ساڵانی زوودا و دەوڵەتی ئیسلامی دەستی بەوێ نەگەیشتووە، ئێستاش ژمارەی موسوڵمانان نزیك لە 200 هەزار كەس دەبێت.

چەند زانیارییەكی سەرسوڕهێنەر

وڵاتی ژاپۆن بە كیشوەری ژاپۆنیش ناسراوە، چونكە وڵاتێكە جیاوازە لە تەواوی دراوسێ و وڵاتانی دیكەی جیهان و تاكە لە هەسارەكەماندا.

زمانی ئینگلیزی

خەڵكی ژاپۆن بە گشتی زمانی دەرەكی نازانن و زۆرینەیان تەنیا جەخت لەسەر زمانی میلـلی خۆیان دەكەنەوە، لەبەرئەوەی پێویستیان نییە بە گشتی و پێویستییەكانیان لەوێوە نایەت و هەموو شتێك لە ژاپۆن بەردەستە، بۆیە خەڵكی لە كاتی گەشتكردن بۆ ژاپۆن ناتوانن تەنیا پشت بە ئینگلیزییەكەیان ببەستن و پێویستیان بە وەرگێر دەبێت.

ڕێكوپێكی

دانیشتوانی ژاپۆن هەمیشە ئاگادار و چاوكراوەن و بە ڕێكوپێكی هەڵسوكەوت دەكەن، بەتایبەت لە شوێنە گشتییەكاندا زۆر ورد دەبنەوە لەسەر ئەوەی كەسێكی دیكە بێزار ناكەن.

ڕەفتارە كلتووریەكان

خەڵكی ژاپۆن زۆر پابەندن بە ڕەوشتە كلتوورییەكانەوە و لەبیری ناكەن، ئەو كەسەیشی سەردانی ئەوێ دەكات پێویستە ئەو ڕەفتارانە بزانێت و پابەند بێت، بۆ نموونە خەڵكی ژاپۆن بە یەك دەست شت لە كەسی بەرامبەریان وەرناگرن و پێی نادەن، بەڵكو بە هەردوو دەست و كەمێكیش خۆیان دەچەمێننەوە.


سەرچاوەکان



3543 بینین