هاوجۆرخۆری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-26-18:10:00 - کۆدی بابەت: 5685
هاوجۆرخۆری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خواردنی گۆشتی مرۆڤ  یان بە گشتی دەستەواژەی هاوجۆرخۆری (بە ئینگلیزی: Cannibalism) خواردنی جۆرێکی زیندەوەرە لەلایەن هەمان جۆرەوە، و لە نێو ١٥٠٠ جۆر زیندەوەردا ئەم ڕەفتارە بینراوە بە مرۆڤیشەوە.

ئەم کردارەش کاتێک ڕوودەدات کە زیندوەرەێک بۆ مەبەستێکی ئاشکرا یان ناڕوون بەشێکی جەستە یان جەستەی تەواوی زیندەوەرێکی دیکەی هەمان جۆر بخوات بە مردوویی بێت یان زیندوویی، دەستەواژەی کانیباڵیزم لە ناوی خەڵکی دوورگەیەکی کۆنەوە هاتووە کە گۆشتی دوژمن و بەندکراوەکانیان لە میوانیدا دەخوارد.

هاوجۆرخۆری بەهۆی برسێتییەوە دروست نابێت، بەڵکو هەندێک جار بەهۆی حەزێکی ئەو جۆرەیە یان بۆ تۆڵەکردنەوە یان هەر مەبەستێکی دیکە و ئەم جۆرە هێرشبردنەش کە بەبێ بوونی برسێتی بێت لە ١٤٠ جۆر زیندەوەردا دەرکەوتووە.

زۆرترین ڕێژەی هاوجۆرخۆری لە زیندەوەرەکانی گۆماو و ئاوە مەنگەکاندا دەردەکەوێت، نەک تەنیا لە زیندەوەرە گۆشتخۆرەکاندا بەڵکو لە زیندەوەرەکانی دیکەشدا دەردەکەوێت، لە نێو زیندەوەرە بڕبڕەدارەکاندا ئەم جۆرە هێرشبردن و خواردنە زۆرجار بەهۆی بە هەڵە دانانی هاوجۆرەکەیەتی لەجێی ئەو زیندەوەرەی کە دەیەوێت ڕاوی بکات، بەڵام لە ناو مەمکدار و باڵندەکان ئەم جۆرە خواردنە کەمتر هەیە.

جۆرەکانی

٢ جۆر هاوجۆرخۆری هەیە :

  • چالاک: زیندەوەرەی هێرشبەر پێش خواردنی هاوجۆرەکەی هێرش دەبات و دەیکوژێت و دواتر دەیخوات.
  • ناچالاک: جۆرێکی سادەترە و لە بەشێکی جەستەی هاوجۆرەکەی دەخوات کە زۆرجار بە شێوەیەکی خۆنەکردە و بە ویستی خۆی نییە و بە هەڵە هێرش دەبات.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی مرۆڤخۆری

  • برسیەتی لە وڵات و کۆمەڵگە
  • شارە گەمارۆدراوەکان
  • نەریتی هۆزە کۆنەکان
  • پەڕگیری لە ئازاردانی دوژمن و سوکایەتی پێی
  • بیروباوەڕی ئەوەی خواردنی کوژراو هێزەکەیت پێدەدات
  • نەریتی ئایینی
  • لادانی سێکسی

زیانەکانی خواردنی گۆشتی مرۆڤ

گەورەترین مەترسی لە خواردنی گۆشتی مرۆڤ خواردنی مێشکیەتی، ئەمەش بە نموونە لە گینیا ڕوویدا تا ساڵانێکی نزیکی پێش ئێستاش کە هۆزی "فۆر" گۆشتی خزم و نزیکەکانیان دەخوارد لە کاتی مردنیان و زۆرێکیان تووشی نەخۆشی بوونەوە.

کورو

نەخۆشییەکی کوشندەی گواستراوەیە و تووشی مێشک دەبێت، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کونی بچووک لە مێشکی نەخۆشەکەدا و لەبەر ئەوەش یەکێکە لە نەخۆشییە ئیسفەنجیەکان و لە ساڵانی پەنجاکاندا بۆ یەکەمین جار دەرکەوتووە، نەخۆشییەکە هاوشێوەی نەخۆشی هاری مانگایە و نیشانەکانی بریتین لە :

  • سەر گێژخواردن
  • سەرئێشە
  • ئازاری جومگە
  • لەرزین

زۆرینەی جار دەبێتە هۆی ئیفلیج بوون و گەر ڕێژەی نەخۆشییەکە بگاتە ٪٣٠ دەبێتە هۆی مردن، هەروەها بە نەخۆشی پێکەنینیش ناودەبرێ بەهۆی ئەو ڕەفتارە پێکەنیناوییانەی نەخۆشەکە دەیکات بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە.

هەنگاوەکانی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە:

  • نەخۆش توانای ڕۆشتن لەدەست دەدات.
  • نەمانی هێز لەسەر جومگە و ماسولکەکان.
  • لەرزێکی بەهێز.
  • نەمانی ئارامی دەروونی و توشبوون بە خەمۆکی و پێکەنینی لە ناکاو و سەیر.
  • نەمانی هێز بۆ دانیشتن بەبێ یارمەتی
  • نەمانی توانای قسەکردن
  • قورسی لە قوتدان
  • مردنی خانەکان

بە شێوەیەکی گشتی نەخۆش بۆ ماوەی ٢ ساڵ بەرگە ناگرێت و زۆرینەی کات تەنیا ٣ مانگ دەخایەنێت بۆ ئەوەی گیان لەدەست بدات، و زۆرجار بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە پارچەکانی دیکەی جەستەیدا دەمرێت.

بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە ئەم نەخۆشییە ئێستا نەماوە بەهۆی زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵگاکانەوە و کۆتا نەخۆشی کورو ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد.

نموونەی مرۆڤخۆری لە مێژوو

  • قوربانییەکانی فڕینی ژمارە ٥٧١ـی یەکەی فڕۆکەوانی سەربازی ئۆرۆگوای لە ساڵی ١٩٧٢، کاتێک سەرنشینەکان بۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ بێسەروشوێن و بێ پێداویستی بوون، بۆ ڕزگاربوونیان لە برسێتی پەنایان بۆ خواردنی سەرنشینە مردووەکان برد بە ڕێژەیەکی کەم.
  • گەنجێکی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠٠١ دانی نا بە تاوانی کوشتنی گەنجێکی دیکە و خواردنی.
  • ئەلبێرت فیش کە تاوانبارێکی سەدەی بیستەم بوو کە چەندین منداڵی خواردبوو لەدوای کوشتنیان.
  • ئەندرێ چیکاتیلۆ کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٩٠ زیاتر لە ٥٣ کەسی کوشتبوو.
  • کوشتن و خواردنی قوتابییەکی زانکۆی سۆربۆن لە دانیمارک لەلایەن پیاوێکی ژاپۆنی بە ناوی ئیسا جاگاوا، بەڵام دوای ئەوەی پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت کە نەخۆشی دەروونی هەیە و شێتە ناردیانەوە بۆ ژاپۆن و بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە ژێر چاودێریدا بوو و دواتر ئازاد کرا و تا ئێستاش لە ژیاندا ماوە.

لە جەنگی جیهانی دووەم 

لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم ڕێژەیەکی زۆر لە خواردنی مرۆڤ بەرچاو کەوت بەهۆی قات و قڕی و نەخۆشی و برسێتی و گەمارۆوە، کاتێک بۆ ماوەی ٨٧٢ ڕۆژ شاری لینینگراد گەمارۆ درا لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە، لە زستانی ئەو ساڵەدا مرۆڤخۆری و مردووخۆری لە شارەکەدا دەستی پێکرد و خەڵکی لە سەرمادا ڕەق دەبوونەوە و دەکەوتن و ئەوانی دیکەش کە هیچیان نەبوو بۆ خواردن، مردووەکانیان دەخوارد دوای ئەوەی هیچ باڵندە و پشیلە و مشک و سەگێک نەمایەوە بۆ خواردن، دواتریش لە ستانلینگراد لە یەکێتی سۆڤیەت بینرا کە سەربازە ئەڵمانییەکان هانایان بۆ خواردنی گۆشتی مرۆڤ بردبوو، هەروەها دوای ڕاگواستنی ١٠٠ هەزار دیلی ئەڵمانی بۆ سیبیریا و بەهۆی نەخۆشی و برسیەتییەوە تەنیا ٥٠٠٠ سەرباز مانەوە.

ژاپۆنییەکان

لە ماوەی جەنگی ژاپۆن بۆ سەر چین و کۆریا و دواتریش جەنگی جیهانی دووەم، بەڵگە هەیە کە ژاپۆنییەکان یەکەی تایبەتیان هەبووە بۆ خواردنی مرۆڤ و لە ژێر فرمانی فەرماندەیەکدا بوون، هەروەها هەموو ڕۆژێک دیلێکی جەنگ خوراوە و زۆرێکیان بە زیندوویی گۆشت و پێستیان لێکراوەتەوە.

هەروەها ساڵی ١٩٤٥ چەند سەربازێکی ژاپۆنی ٥ سەربازی ئەمریکی دەستگیر دەکەن و دوای کوشتنیان دەیانخۆن، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ لە دادگایەکی سەربازی بۆ تاوانەکانی جەنگ ٣٠ سەرباز و ٥ فەرماندە دادگایی کران و لەسێدارە دران.

لە عێراق

لە عێراقیش عه‌بود و خه‌جاوه‌، ژن و پیاوێكی مه‌سیحی خه‌ڵكی موسڵ بوون، ئه‌و ژن و پیاوه‌ له‌ چینی هه‌ژاراندا بوون، عه‌بود چێشتلێنه‌ر بوو، ژنه‌كه‌شی ده‌ڵاڵ بوو.

كاتێك موسڵ ڕووبه‌ڕووی برسێتی و قاتوقڕی گه‌وره‌ بوونه‌وه‌ لە ساڵی ١٩١٦، سه‌ره‌تا خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ستان به‌ خواردنی گۆشتی سه‌گ و پشیله‌، كاتێك ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا نه‌مان، ئه‌م دوو مرۆڤه‌ هه‌ستان په‌نایان بۆ خواردنی گۆشتی مرۆڤ برد، یه‌كه‌مین قوربانی ئه‌وان پیره‌ژنێكی دراوسێیان بوو، كاتێك خه‌ریكی خواردنی ئه‌و پیره‌ژنه‌ بوون، تامێكی ناخۆشی هه‌بوو، بۆیه‌ خێرا بڕیاریاندا كه‌ گۆشتی مناڵ بخۆن، چونکە كاتێك ئه‌و ژن و پیاوه‌ گۆشتی ئه‌و پیره‌ژنه‌یان ده‌خوارد هه‌ستیان كرد تامه‌كه‌ی زۆر ناخۆشه‌ و به‌ پێی گێرانه‌وه‌ی خه‌جاوه‌ ئه‌و پیره‌ژنه‌ قه‌ڵه‌و بووه‌ و به‌ درێژایی ئه‌و شه‌وه‌ دانیشتوون و ڕشاونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ گۆشتەکە زۆر چه‌وربووه‌.

دواتر ئه‌وان له‌ رێگه‌ی كوڕێكیانه‌وه‌ مناڵیان ده‌هێنا بۆ ماڵه‌وه‌ی خۆیانه‌وه‌ و ده‌یانكوشت، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌ فرۆشتنی گۆشت كرد.

عه‌بود كاتێك زانی كه‌ گۆشتی قوربانیه‌كان زۆره‌، بۆیه‌ بڕیاریدا چێشتخانه‌یه‌ك بكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌هۆی برسێتی و گرانییه‌وه‌ سه‌رجه‌م چێشتخانه‌كان داخرابوون، ئه‌و هه‌ستا چه‌ند ژه‌مێك خواردنی خۆشی به‌ نرخێكی هه‌رزان ده‌فرۆشته‌ خه‌ڵكی، ئه‌م ژن و پیاوه‌ گۆشته‌كانیان به‌ بێ ئێسك ده‌فرۆشت، ئێسك و پروسكی قوربانیه‌كانش له‌ناو چاڵێكی گه‌وره‌ ده‌شاردرانه‌وه‌ كه‌ له‌ناو ماڵی خۆیاندا هه‌ڵیانكه‌ندبوو، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌س به‌م كاره‌ی نه‌ده‌زانی، دوای ئەوەی له‌ یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كاندا كه‌سێك خه‌ریكی نان خواردن ده‌بێت، له‌ پڕ پارچه‌یه‌ك ئێسقان ده‌كه‌وێته‌ ده‌مییه‌وه‌، ئه‌ویش سەیر ده‌كات ئه‌مه‌ سه‌رپه‌نجه‌یه‌كه‌، بۆیه‌ خێرا ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ پۆلیس ده‌ڵێت شتێكی وای بینووه‌، له‌ دوای ئه‌وه‌ پۆلیس ده‌دات به‌سه‌ر ماڵی عه‌بود و چێشتخانه‌كه‌یدا له‌وێ چاڵه‌كه‌ هه‌ڵده‌كۆڵن ده‌بینن ئێسك و پروسكی 99 مناڵ و ژنێكی تێدایه‌، دوای دادگایی حكومه‌ت بڕیاریدا هه‌ردووكیان له‌ گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی موسڵ له‌ سێداره‌ بدات.


سەرچاوەکان



681 بینین