چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-05-18:05:00 - کۆدی بابەت: 5749
چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت

ناوه‌ڕۆك

چەند چارەسەرێک بۆ ئەوەی شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت

خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن

گڵۆپەکانی ژوورەکەت بکوژێنەوە و لەسەر جێی نوستنەکەت گڵۆپێکی کەم ڕووناکی ئیش پێ بکە و کتێب بخوێنەوە، بەم ڕێگایە زوو خەوت لێ دەکەوێت.

کاتێکی دیاریکراو دابنێ بۆ خەوت

هەموو شەوێک لە یەک کاتی دیاریکراودا بڕۆ جێگای نوستنەکەت و بخەوە، ڕێککردنی ئەم کاتە وادەکات کە مێشکت کاتی خەوتنت لەبەربکات و بەرنامەڕێژی بۆ بکات و هەموو شەوێک ئەو کاتە خۆی ئامادە بکات بۆ خەوتن، خەوێکی ڕێکوپێکیش یارمەتیت دەدات تاکوو ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین و میلاتۆنین ڕێکبخرێن و یارمەتی کاروباری ڕۆژانەت بدەن.

خواردنی ژەمە خۆراکێکی تەندروست

خواردنی تەندروست بۆ جەستە زۆر گرنگە و کاتێک جەستەیەکی تەندروستت هەبێت خەوێکی تەندروستیشت دەبێت، خواردنی میوە و سەوزە یارمەتیت دەدات کە شەوان زوو خەوت لێ بکەوێت، چونکە ڕێژەی مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم زیاد دەکات لە جەستەدا.

ژوورەکەت با سارد بێت

هەوڵبدە ژوورەکەت سارد و فێنک بێت، بەڵام نەک ئەوەندەش سارد کە خەوت لێ نەکەوێت و زۆر سەرمات ببێت، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کاتێک پلەی گەرمی جەستە کەم دەبێتەوە کەسەکە هەست بە خەواڵوویی دەکات و خەوی دێت.

یۆگا

کاتێک یۆگا دەکەیت جەستەت خاو دەبێتەوە و هەست بە ئارامی تەواو دەکەیت، بۆیە یۆگاش ڕێگایەکی زۆر باشە تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت.

خواردنەوەی کوپێک شیری گەرم

لە کۆنیشەوە وتراوە کە شەوان پێش خەوتن خواردنەوەی کوپێک شیری گەرم بەسوودە و هەروەها یارمەتیت دەدات تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت.

دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە

چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن دوورکەوەرەوە لەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە چونکە خەوت ناهێڵن، وەک چا و قاوە.

کوژاندنەوەی هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان

تیشکی تەلەفزیۆن و هەروەها مۆبایل ڕێگرە لەوەی خەوێکی ئارامت هەبێت و زوو خەوت لێ ناکەوێت، باشترین ڕێگا تاکوو زوو خەوت لێ بکەوێت کوژاندنەوەی مۆبایلەکەتە.

بەکارهێنانی پەردەیەکی ئەستوور بۆ ژوورەکەت

هەتاکوو دەتوانیت هیچ ڕووناکیەک با لە ژوورەکەتدا نەبێت، ئەگەر تەواوی گڵۆپەکانت کوژاندووەتەوە و بەڵام هەر ڕووناکی لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە دێتە ژوورەوە ئەوا پەردەیەکی ئەستووری لێبدە تاکوو هیچ ڕووناکیەک بێزارت نەکات.


سەرچاوەکان



651 بینین