چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی کە لە دەرزی دەترسن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-13-21:26:00 - کۆدی بابەت: 5870
چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی کە لە دەرزی دەترسن

ناوه‌ڕۆك

ترسی منداڵ لە دەرزی

زۆرینەی منداڵان لە دەرزی دەترسن و ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە زۆرینەیان تاکوو تەمەنی ٤ ساڵی زیاتر لە ٢٠ جار کوتانیان بۆ بەکاردەهێنرێت، وە بێگوومان دەرزیش بە ئازارە و مافی خۆیانە کە بترسن.

چۆن ترسی منداڵ نەهێڵین لە دەرزی؟

قسەکردنی دایک لەگەڵ منداڵەکەدا

هەمیشە ڕاستییەکەی بڵێ و هەرگیز لەگەڵ منداڵەکەتدا درۆ مەکە، ئەگەر منداڵەکەت وتی بڕیارە دەرزیم لێبدەن، بە درۆوە مەڵێ نەخێر، بڵێ بەڵێ ئەم دەرزیانە پارێزگاری لە تۆ دەکەن و زوو باش دەبیتەوە، وایە ئازاری هەیە بەڵام تەنها بۆ چەند چرکەیەکە و مەترسە.

زۆر بابەتەکە گەورە مەکە

کاتێک منداڵەکەت دەبەیت بۆ لای پزیشک، پێش ئەوە بابەتەکە گەورە مەکە و مەڵێ دەرزیت لێ دەدەن، ئەگەریش پرسیاری کرد بڵێ نازانم لەوانەیە وابێت و لەوانەشە نا، ئەگەر پێش هەر شتێک ئەوەندە باسی دەرزی بکەیت منداڵەکەت دەتۆقێت و ترسی زیاتر دەکات.

ڕێگری کردن لە ئازار

کاتێک دەرزی دەدرێت لە منداڵەکەت، منداڵەکەت سەرقاڵ بکە و وای لێبکە بیر لە دەرزییەکە نەکاتەوە، ئاماژە بکە بۆ کەلوپەلی ناو ئەو ژوورە و یاری لەگەڵدا بکە و چ شتێکی پێ خۆشە لەو کاتانەدا بۆی بکە.

زۆر لێی نزیک مەبەرەوە و بهێڵە پەرستارەکان کاری خۆیان بکەن

منداڵەکەت لای پەرستارەکان دابنێ و زۆر لێی نزیک مەبەوە، بهێڵە ئەوان کاری خۆیان بکەن، زۆر نزیک بوونەوە لە منداڵەکەت لەوانەیە ئەو هەستەی لا دروست بکات کە تۆش دەستت هەبووە لە دەرزی لێدانەکەدا و لە ماڵەوە لە تۆش بترسێت.

منداڵەکەت بخەرە باوەشتەوە

دوای ئەوەی کە دەرزییەکەیان بۆ کرد، باوەشی پێدا بکە و ماچی بکە و قسەی باشی بۆ بکە، کە ئیتر تەواو بووە و زۆر باش دەبیتەوە و شوێنی دەستت بدە لە شوێنی دەرزییەکە به سووکی و پێی بڵێ ئەوە ئازاری نەما.

بەڵێنی پێ بدە

بەڵێن بدە بە منداڵەکەت ئەگەر ئاقڵ بێت و نەترسێت، دواتر یاری و ئایسکرێمی بۆ دەکڕیت و بێگوومان بەڵێنەکەشت جێبەجێ بکە، بەڵام هەرگیز بەڵێنێک مەدە کە نەتوانیت جێبەجێی بکەیت.

ئەو منداڵانەی کە فۆبیایان هەیە لە دەرزی

ئەو منداڵانەی فۆبیایان هەیە ئەوەندە دەترسن، کە جگە لە گریان و هاوارکردن دەست دەکەن بە بۆکس و لەقە هاوێشتن، شەڕ دەکەن و ڕادەکەن، 

بۆ ئەو منداڵانەی فۆبیایان هەیە بەرامبەر دەرزی گرنگە چی بکرێت؟

یارمەتی وەرگرتن لە پزیشکێکی تایبەت

هەوڵبدە پزیشکێک و چەند پەرستارێکی تایبەت و میهرەبان بناسیت، کە ئاگاداری حاڵی منداڵەکەت ببن و بتوانن یارمەتیت بدەن و ڕاهاتبن بەو بارودۆخە.

ڕۆڵگێڕان لە ماڵەوە

لە ماڵەوە کەلوپەلی یاری پزیشکی بکڕە بۆ منداڵەکەت و یاری پزیشک و نەخۆش بکەن، منداڵەکەت بکە پزیشک و بهێڵە پشکنینت بۆ بکات و دەرزیت لێبدات بەم شێوەیە زیاتر ڕادێت و کارەکەی لەلا خۆشەویست دەبێت.

منداڵەکەت هێمن بکەرەوە

دڵنیایی ئەوە بدە بە منداڵەکەت کە پەرستارەکان و ئێمە یەک تیمین و پێکەوە کار دەکەین و ئەوان دوژمنی ئێمە نین، هەموو ئەمانە بە قسەی خۆش بە هێمنی بە منداڵەکەت بڵێ.

حەز و خولیایی منداڵەکەت

هەندێک لە حەز و خولیاکانی منداڵەکەت بە پزیشک و پەرستارەکان بڵێ، هەندێک جار دیارییەکی تایبەت بکڕە بۆ منداڵەکەت و بە پەرستارەکان بڵێ کە پێی بدەن و بەم شێوەیە ڕای دەگۆڕێت سەبارەت بەوان.

ترسی مەهێڵە بەرامبەر جلی سپی

جله سپییەکانی پزیشک و پەرستارەکان زۆر جار منداڵ دەترسێنن و بە بینینی ئەو جلانە دەگرین و دووردەکەونەوە، هەوڵبدە بە پزیشک و پەرستارەکان بڵێیت کە بۆ منداڵەکەت ئەو جلە سپییە نەپۆشن و جلی ئاسایی لەبەر بکەن.

دایک و باوک چیبکەن کاتێک منداڵەکەیان دەترسێت؟

ئارامبە

گرنگترین کار ئارامگرتنە و هەناسەی قوڵ هەڵبمژە و زەردەخەنە بکە و هەرگیز لێی توڕە مەبە، چونکە بەمە زیاتر دەگری و باروودۆخەکە خراپتر دەکەیت، قسەی لەگەڵ بکە بە هێمنی.

شتێکی تایبەت بهێنە لە ماڵەوە

شتێکی تایبەت لە ماڵەوە بهێنە بۆ منداڵەکەت، ئەوەی کە خۆشی دەوێت هەر یارییەک یان بوکەڵەیەک و میزەڵان، ئەمانە دەتوانن خۆشی پێببەخشن و ترسی لەلا کەم بکەنەوە، داوا بکە لە منداڵەکەت کە بوکەڵە و یارییەکانی پیشانی پەرستارەکان بدات و باسی ئەوانی بۆ بکات.


سەرچاوەکان



883 بینین