خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-13-23:57:00 - کۆدی بابەت: 5876
خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا باوە؟

لەماوەی دووگیانیدا سوڕی خوێن لەبەر کۆرپەلەکە زیاد دەکات، جەستەش خوێنێکی زیاتر بەرهەم دەهێنێت، ئەم گۆڕانکارییانەش لە جەستەدا لەوانەیە بێتە هۆی خوێنبەربوونی لووت بە (epistaxis) ناسراوە واتە خوێنبەربوونی لووت.

ئەم خوێنبەربوونە لەماوەی دووگیانیدا بڵاوە، دەکرێت لە یەک کونە لووتەوە بێت یاخود لە هەردووکیانەوە، خوێنبەربوونی لووت بە گشتی لە هەفتەی شانزەیەمی دووگیانیەکەوە دەست پێ دەکات، هەندێک کات لەوانەیە لەگەڵ درێژی ماوەی دووگیانیەکەدا خوێنبەربوونەکەش زیاتر ببێت.

ئایا خوێنبەربوونی لووت زیانی هەیە بۆ دایک و کۆرپەلەکە؟

ئەگەر چی حاڵەتێکی ناخۆش و بێزارکەرە، بەڵام هیچ زیانێکی نییە بۆ دایک و کۆرپەلەکە، تەنها دەبێت نیگەرانی خوێنبەربوونی زۆر دووبارەوە بوو و بەردەوام بیت، بە تایبەت لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیەکەدا، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خوێنبەربوونی زۆر و دووبارەوە بوو خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون زیاد دەکات، ئەگەر لە سێ مانگی کۆتایدا دووچاری خوێنبەربوونی لووت بوویت سەردانی پزیشکی تایبەت بکە.

چ هۆکارێک وادەکات خوێنبەربوونی لووت ڕووبدات لەماوەی دووگیانیدا؟

وروژمی خوێن

لەماوەی دووگیانیدا وروژمی خوێن بۆ ناوچەی لینجە پەردەکانی جەستە زیاد دەکات، بە تایبەت لووت، دەبێتە هۆی نەرمبوونەوە و ئاوسانی لینجە پەردەکان، پژمین و هەناسەدان دەکرێت ببێتە هۆی خوێنبەربوونی لووت.

بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەستیاری

بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەستیاری کە بۆ لووت بەکاردێن، دەکرێت لینجە پەردەکانی لووت وشک بکاتەوە و ببێتە هۆی خورانی لووت، هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی لینجە پەردەکانی لووت و تەقینی دەمارەکانی لووت کە بە شێوەی خوێن لە لووتەوە دێتە دەرەوە.

سەرمابوون یاخود هەوکردن

بە هۆی سەرمابوون و هەوکردنەوە لینجە پەردەکانی لووت وشک دەبێتەوە و دەمارەکانی بە ئاسانی دەتەقن و خوێنبەربوون ڕوودەدات.

هەوای وشک

بە هۆی ئاووهەوای وشکەوە یاخود زۆر مانەوە لە ژوورێکدا کە شێدار نەبێت و وشک بێت مەترسی خوێنبەربوونی لووت زیاد دەکات.

چۆن خوێنبەربوونی لووت بوەستێنین لەماوەی دووگیانیدا؟

  • دانیشە و پشتت بدە لە دیوارەکە، سەرت دەبێت بەرزتر بێت لە دڵت.
  • پەنجە گەورە و پەنجەی شایەتوومان بەکاربهێنە بۆ گرتنی لووتت.
  • بە دەم هەناسە بدە و پەستان بخە سەر کونە لووتەکانت بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک، ئەمە دەبێتە، هۆی ئەوەی کە لە جێی ئەوەی خوێنەکە لە لووتدا کڵۆ ببێت بێتە دەرەوە.
  • دانیشە یاخود ڕاوەستە تاکوو وروژمی خوێنەکە کەم بکات.
  • سەهۆڵ بخە سەر لووتت
  • سەرت مەبەرە دواوە و پاڵمەکەوە، چونکە لەوانەیە خوێنەکە بچێتەوە بۆ قوڕگت و ببێتە هۆی حاڵەتی دڵتێکچوون.
  • ئەگەر تاکوو ١٥ خولەک خوێنبەربوونەکە بە سەهۆڵەکە نەوەستایەوە، دووبارە ١٥ خولەکی تر دەست پێبکەرەوە.

بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لەوەی کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دووبارە خوێنبەربوون ڕوونەداتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەیت:

  • لە شوێنی کراوەدا مەخەوە
  • دەستکاری لووتت مەکە
  • دووربکەوەرەوە لە هەڵگرتنی قورسایی
  • وەرزشی قورس ئەنجام مەدە
  • خواردنەوەی گەرم مەخۆرەوە

بۆ خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا دەبێت چ کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت؟

  • تەنگەنەفەسی و ئازاری سنگ لەگەڵ خوێنبەربوونی لووتدا.
  • کاتێک تەنها لێدانێکی بچوک بەر لووت دەکەوێت خوێنبەربوون ڕووەدات.
  • خوێنبەربوونەکە هاوکات لەگەڵ بوورانەوە و تێکچوونی ڕەنگی ڕووخسار و ئازاری هەموو جەستە، کە ئەمە لەوانەیە نیشانەی جەڵتەی مێشک بێت.
  • خوێنبەربوون لەگەڵ ماندوویەتی و بێ ئاگایدا
  • خوێنبەربوونێکی قورس کە ماوەی٣٠ خولەک نەوەستێتەوە

چارەسەری خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا

  • لەزگەی تایبەتی لووت دەدەیت لەسەر لووتت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، تاکوو پەستان بخاتە سەر دەمارەکانی لووت.
  • سووتاندنی برینەکە لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا.
  • کاتێک خوێنبەربوونەکە زۆر توند بێت، چارەسەری تەزووی کارەبایی تایبەت بەکاردەهێنرێت بۆ وەستاندنی خوێنەکە.
  • لە حاڵەتی زۆر مەترسیداردا، نەخۆشەکە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و به نیوە سڕکردن، سڕکردنی بۆ دەکرێت و دەمارە تەقیووەکان پێکەوە دەبەستنەوە تاکوو خوێنبەربوونەکە بوەستێتەوە.

ڕێگری لە خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا

  • زۆر خواردنەوەی ئەو تاکوو لینجە پەردەکانی لووت بە تەڕی بمێننەوە.
  • دووربکەوە لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پاککەرەوە و بۆنێک تاکوو لینجە پەردەکان وشک نەبنەوە.
  • کڵۆ خوێنەکان بە هێواشی لە لووتت دەربهێنە
  • کونە لووتەکانت شێدار و چەور بکە
  • کاتێک دەپژمیت، دەمت بکەرەوە تاکوو پەستان لەسەر لووتت زۆر نەبێت.

ئایا خوێنبەربووی لووت دەبێتە هۆی کەمخوێنی لەماوەی دووگیانیدا؟

خوێنبەربوونی زۆر و بەردەوام دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی هیمۆگڵۆبین و کەمخوێنی لە جەستەدا.

ئایا خوێنبەربوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا پەیوەندی بە بەرزی فشاری خوێنەوە هەیە؟

پڕۆجیسترۆن و ئیسترۆجین دەتوانن دەمارەکانی خوێن فراوان بکەن و فشاری خوێن زیاد بکەن، ئەم زیادبوونی فشارە دەبێتە هۆی فشاری زۆر لەسەر دەمارە باریکەکان و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون.

خوێنبەربوونی لووت و سەرئێشە

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان لەماوەی دووگیانیدا وادەکەن بڕی خوێن زۆر بڕوات بۆ ناچەی لووت و مێشک، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی لووت و سەرئێشه.

خوێنبەربوونی لووت دوای منداڵبوون

خوێنبەبوونی لووت لەماوەی دووگیانیدا کاتییە و پەیوەندی بە دووگیانیەکەوە هەیە، دوای منداڵبوون خوێنبەربوونەکە نامێنێت، ئەگەر دوای منداڵبوون خوێنبەربوونەکە هەر بەردەوام بوو دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.


سەرچاوەکان



2342 بینین