پاڵنەرە ئابوورییەکانی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-15-15:44:00 - کۆدی بابەت: 5905
پاڵنەرە ئابوورییەکانی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داگیرکردنی عێراق بۆ کوەیت هێرشێک بوو کە سووپای عێراقی لە 2-8-1990 کردیە سەر وڵاتی کوەیت و بە دوو ڕۆژ هێزە عێراقییەکان تەواوی کوەیتیان داگیرکرد, ئەم داگیرکردنەی عێراق بۆ ماوەی 7 مانگ بەردەوام بوو و بە ڕزگارکردنی کوەیت لە 26-2-1991 کۆتایی هات دوای جەنگی دووەمی کەنداو.

پاڵنەرە ئابوورییەکانی جەنگەکە

ناکۆکی لەسەر نەوت

لە کاتی جەنگی عێراق و ئێران ـدا کوەیت و سعودیە هاوکاری عێراقیان لە ڕووی ئابوورییەوە دەکرد و قەبارەی هاوکارییە کوەیتییەکان بۆ عێراق لە ماوەی جەنگەکەدا گەیشتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار، عێراق وای دەخواست کە ئەم قەرزانە لە ڕێگەی نەوتەوە بداتەوە و دەیویست نرخی نەوت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕێکخراوی ئۆپیک بەرز بکاتەوە.

عێراق هەریەکە لە ئیماراتی عەرەبی و کوەیتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە هەستاون بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان کە ببوە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ڕێژەیەک کە لە نێوان 10 بۆ 12$ بوو بۆ هەر بەرمیلێک لەجێی 18$ـدا، ڕێژەی بەرهەمی کوەیت لە ساڵی 1989ـدا گەیشتە ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەم پێیەش لە پشکی خۆی لە ڕێکخراوی ئۆپیک لایدابوو بە ڕێژەی 700 هەزار بەرمیلی زیادە.

لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی دەوڵەتە عەرەبییەکاندا لە ساڵی 1990ـدا عێراق کوەیتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە کوەیت زیادەڕەوی دەکات لە بەرهەمهێنانی نەوت و بۆتە هۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و دەستبەستراوی پشکی وڵاتە بەرهەمهێنەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک، ئەم بەرهەمە زیادەیەی کوەیت ساڵانە 14 ملیار دۆلار زیانی بە عێراق دەگەیاند، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک ئاماژەیان بەوە دەدا کە 10 وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوەکە پابەند نەدەبوون بە ڕێککەوتنەکان و لە نێوانیشیاندا خودی عێراق هەبوو. 

سەرەڕای هەموو ئەمانە هەریەکە لە کوەیت و ئیماڕات لە 26-7-1990  بەڵێنیان دا کە ئیدی پابەند بن بە پشکەکانیان لە ڕێکخراوی ئۆپیک دا کە بریتیبوو لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل بوو، کوەیتیش لەو بەروارەدا ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی دابەزاندووە بۆ ئەو ئاستەی لە ئۆپیکدا بۆی دیاریکراوە.

ڕووداوەکان بەرەو نشێوی دەڕۆشتن لە لایەن ڕژێمی عێراقییەوە، عێراق دەستی کرد بە ئاڕاستەکردنی تۆمەت بۆ کوەیت کە دەیگوت وڵاتەکە هەستاوە بە ئەنجامدانی پشکنینی نایاسایی لە بەشە عێراقییەکەی کێڵگەی نەوتی ''الرميلة'' کە ئەم کێڵگەیە خۆی کێڵگەیەکی هاوبەش بوو لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، کوەیت بڕی ئەو نەوتەی ئاشکرا نەدەکرد کە لە کێڵگەی ''الرميلة'' دەریهێنابوو بەڵام عێراق بڕەکەی بە دوو ملیار و چوار سەد هەزار دۆلار دەخەمڵاند.

ناکۆکی لەسەر قەرز

سەرۆکی  ئەوکاتی عێراق ''سەدام حوسێن'' ڕایگەیاند کە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق وەک پارێزگارییەک بووە لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانی عەەربی وەک خۆی باسی لێوە دەکرد، لەبەر ئەمەش کوەیت و سعودیە دەبێت ڕێککەوتن لەسەر قەرزەکانی عێراق بکەن و هەمووی هەڵبوەشێننەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرزەکانی عێراقی بۆ کوەیت بە شەست ملیار دۆلار دەخەمڵاند، داواکارییەکانی سەدام حوسێن زیادیان دەکرد و لە دواییدا داوای 10 ملیار دۆلاری لە وڵاتانی خلیج دەکرد وەک هاوکارییەک بۆ عێراق، هەروەها داوای هەردوو دوورگەی ''وربة'' و ''بوبيان''ـی کوەیتی دەکرد.

هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ناکۆکییەکان سوودیان نەبوو، لە مانی تەموزی ساڵی 1990ـدا کۆبوونەوەیەک لە شاری جەددەی سعودیە کرا لە نێوان دوو وەفدی عێراقی و کوەیتی، وەفدە کوەیتییەکە بە سەرکردایەتی ''سعد العلبد اللە السالم الصباح'' کە جێنشینی کوەیت بوو، وەفدە عێراقییەکەش بە سەرکردایەتی عیززەت دوری بوو، دوای ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاردرا کە کوەیت بە بەهای 9 ملیار دۆلار هاوکاریی عیراق بکات و پادشای سعودیەش ''فهد بن عبد العزیز آل سعود'' بە بەهای دە ملیار دۆلار هاوکاری عێراق بکات، بەڵام ئەمە بە مەرجی ئەوەی کە پێش تەسلیم کردنی هیچ بڕە پارەیەک سنوورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق و کوەیت دیاری بکرێت.

کوەیت لەبەر ئەوە داوای دەکرد ئەم سنوورە زوو یەکلایی بکرێتەوە چونکە دەیزانی کە پێشتر عێراق بابەتی سنوورەکانی لەگەڵ هەریەکە لە شانشینی عەرەبی سعودی و ئەردەندا بڕاندۆتەوە، بەڵام ڕێکەوتنی لەم جۆرەی لەگەڵ کوەیتدا دواخستووە و نەیکردووە تاوەکو لە داهاتوودا ئەم کەیسە وەک هۆکارێکی فشار خستنە سەر بەکاری بێنێت.

یەکێک لە بەرەنجامەکانی جەنگی ئێران-عێراق بریتی بوو لە وێران بوونی بەندەرە عێراقییەکانی سەر کەنداوی عەرەبی، ئەمەش ببوە هۆی ئیفلیج بوونی جووڵەی هەناردەکردنی عێراق بۆ نەوت، سەرکردایەتییە عێراقییەکان ئەگەری ئەوەشیان دانابوو کە لە داهاتوودا دەکرێت جەنگ دووبارە لەگەڵ ئێراندا دروست بێتەوە، لەو کاتەدا عێراق پێویستی بە زەوی فراوانتر بوو لەسەر کەنداوی عەرەبی، کوەیتیش ئاسانترین و باشترین هەلبوو بۆ بەدیهێنانی ئەو پێشکەوتنە ستراتیژییە.


سەرچاوەکان



968 بینین