سوودەکانی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-18-01:54:00 - کۆدی بابەت: 5939
سوودەکانی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

خواردنی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا 

لە وەرزی هاویندا زۆرێک لە خەڵک نەعنا بەکار دەهێنن و دەیخۆن، خواردنی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا سوودی زۆری هەیە بۆ خانمەکە، ئەگەریشی هەیە کە لەگەڵیدا زیانیشی هەبێت.

سوودەکانی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا

فێنککردنەوەی جەستە

دووگیانی وادەکات کە ئازەزووی هەموو جۆرە خواردنێک بکەیت و بێزوو بکەیت، بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە پلەی گەرمی جەستەش دەگۆڕدرێت و بەرز دەبێتەوە، خواردنی نەعنا لەم ماوەیەدا یارمەتی فێنککردنەوەی جەستەی دایکەکە دەدات و پلەی گەرمی جەستەی دادەبەزێنێت.

بۆنی خۆشی دەم

لەماوەی دووگیانیدا بە تایبەتی سێ مانگی یەکەمی دووگیانی، بە هۆی زۆری حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوەوە لەوانەیە بۆنی ناو دەمت ناخۆش بێت و بەردەوام تام و بۆنی ڕشانەوە بکەیت، خواردنی نەعنا یارمەتیت دەدات ڕزگارت ببێت لە بۆنی ناخۆشی ناو دەم و ناو دەم تازە دەکاتەوە و بۆنێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت.

کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون

حاڵەتی دڵتێکچوون زۆر باوە لەماوەی دووگیانیدا بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، جوینی گەڵای نەعنا وادەکات کە حاڵەتی دڵتێکچوونت کەم ببێتەوە، بەڵام ئەو خانمانەی کە بە بۆنی نەعنا تێک دەچن و حەزیان پێی نییە باشترە کە بەکاری نەهێنن.

کەمکردنەوەی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس

لەماوەی دووگیانیدا کێشەکانی کۆئەندامی هەرس لە خانماندا زۆرە، خواردنی نەعنا یارمەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات.

هەستکردن بە ئارامی

بە هۆی هەموو گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکانەوە لەماوەی دووگیانیدا، بێزار و هیلاک دەبیت، خواردنەوەی چای نەعنا مێشک ئارام دەکاتەوە و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە و یارمەتیت دەدات بۆ خەوێکی باشتر.

ئایا خواردنەوەی چای نەعنا لەماوەی دووگیانیدا تەندروستە؟

خواردنەوەی چای نەعنا نەک تەنها گرنگە بۆ باشتر هەرسکردنی خواردن و نەهێشتنی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس لەماوەی دووگیانیدا، بەڵکوو بۆنە خۆشەکەشی مێشک ئارام دەکاتەوە.

چۆنییەتی دروستکردنی چای نەعنا

کەرەستەکان

  • کەوچکێکی سوپ خواردن گەڵای نەعنا بە تازەیی بێت یاخود وشککراوی
  • یەک کوپ ئاو

شێوازی دروستکردنی

ئاوەکە دەکەیتە مەنجەڵێکەوە تاکوو دەکوڵێت، دواتر گەڵاکانی نەعناکەی تێ دەکەیت، دواتر ئاگری ژێر مەنجەڵەکە کز بکە و سەری بنێرەوە بهێڵە ماوەی ٣ بۆ ٥ خولەک بمێنێتەوە ئاوا.

زیانەکانی نەعنا لەماوەی دووگیانیدا

هەستیاری

ئەگەر هەستیاریت هەیە بە ماددەی کیمیایی (Menthol) ئەوا دوورکەوە لە خواردنی نەعنا چونکە نەعنا لە بڕێکی باش لەم ماددەیە پێکهاتووە، هەروەها ئەگەر نەخۆشی ڕەبۆت هەیە بە هەمان شێوە لە خواردنی نەعنا دووربکەوەرەوە.

لەبارچوونی منداڵ

نەعنا تایبەتمەندی شلکردنەوەی ماسولکەکانی هەیە، ئەگەر لە کاتی نەگونجاودا بخورێت لەماوەی دووگیانیدا لەوانەیە ببێتە هۆی شلکردنەوەی ماسولکاکانی منداڵدان و لەبارچوون یاخود منداڵبوونی پێش وەختە ڕووبدات، ئەگەر خانمێکیت کە پێشینەی لەبارچوونی منداڵت هەیە باشترە کە لەماوەی دووگیانیدا نەعنا نەخۆیت.

زیانەکانی لەگەڵ دەرمانی تایبەتدا

زۆر جار خانمان لەماوەی دووگیانیدا فۆلیک ئەسید و ڤیتامینەکان بەکاردەهێنن، هەندێک کات زۆر خواردنی نەعنا دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەهێڵێت ئەم ڤیتامیناتانە بە جوانی لە لایەن جەستەوە هەڵبمژرێن.

زۆر بەکارهێنانی زیاد لە پێویست زیانی هەیە

زۆر جار ئەگەر لە ڕادەبەدەر نەعنا بخۆیت تووشی چەند کێشەیەکی جەستە دەبیتەوە، وەک خەواڵوویی، ئازاری ماسولکەکانی جەستە، کەمی لێدانی دڵ.

برینی گەدە

نەعنا سوودی زۆری هەیە بۆ کۆئەندامی هەرس لەماوەی دووگیانیدا، بەڵام ئەگەر خانمێکیت کە خۆت برینی گەدەت هەیە ئەوا واباشترە کە نەعنا نەخۆیت چونکە بە هۆی بوونی ماددەی (Menthol) لە نەعنادا برینەکە زیاتر دەکات.


سەرچاوەکان



1986 بینین