هۆکاری کەمبوونەوەی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-18-03:00:00 - کۆدی بابەت: 5943
هۆکاری کەمبوونەوەی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

هۆکاری کەمبوونەوەی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

زۆرینەی خانمان بەردەوام بێزارن لە خوێنی زۆری ماوەی سوڕی مانگانە، خوێنی زۆر و ئازاری زۆر کاروباری ڕۆژانەیان دەوەستێنێت هەر بۆیە زۆر جار ئەگەر بێت و خوێنەکە کەم بێت خانمەکە دڵخۆش دەبێت بەڵام ئەمەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانەیە لای خانمەکە باش بێت، بەڵام نیشانەیە بۆ چەند حاڵەتێک وەک کەمبوونەوەی خوێن، هۆکاری کەمبوونەوەی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا:

دووگیانی

زۆرینەی خانمان بە هەڵە لە دووگیانی تێگەیشتوون، کە ئەگەر دووگیان بوویت ئیتر ناکەویتە سوڕی مانگانەوە، لە کاتێکدا ئەم خانمانە گوێ بە نیشانەکانی تر و گەورەبوونی سکیان نادەن.

پزیشک جانت چو پسپۆڕی خۆراک، بەڕێوەبەری پزیشکی (CCRM) لە نیویۆرک دەڵێت، ئەگەر چی زۆرێک لە خانمان دوای دووگیانیان ناکەونە سوڕی مانگانەوە، بەڵام هەندێک خانمان بەدرێژایی ماوەی دووگیانیەکەی خوێن هەر دەبینێت، هەروەها دەکرێت خوێن بینینی بەردەوام نیشانە بێت بۆ سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان، کە زۆر مەترسیدارە و پێویست دەکات لەگەڵ بوونی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا سەردانی پزیشک بکەیت.

گۆڕانکاری کێشی جەستە

گۆڕانکاری کێشی جەستە، چ بە زیادکردنێکی زۆر یاخود لاوازبوون دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سوڕی مانگانەدا و هۆکارێکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێن.

پەستانی دەروونی

کاتێک خانمێک ڕۆژانە پەستانێکی دەروونی زۆری لەسەر دەبێت، زۆر توڕەبوون، خەم خواردن و دڵەڕاوکێ هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخەنە سەر سوڕی مانگانەکەی و لەوانەیە خوێنی لەو مانگەدا کەم بکات.

وەرزش

وەرزش کردنێکی قورس و ماندووکەر بە هەمان شێوە گۆڕانکاری دروست دەکات لە سوڕی مانگانەدا و خوێن کەم دەکاتەوە.

ڕژێنی سایرۆیدی چالاک

سایرۆیدە ڕژێن کە لە ناو گەرودایە، چەند هۆڕمۆنێک بەرهەم دەهێنێ کە کۆنتڕۆڵی پلەی گەرمی جەستە و هەرس کردن دەکەن، حاڵەتی ڕژێنی سایرۆیدی چالاک واتە بڕێکی زۆری هۆڕمۆنەکان بەرهەم دەهێنێت، کە کێشەی مەترسیدار دروست دەکات بۆ دڵ، فشاری خوێن، دەکرێت کاتێک خانمێک ماوەیەکی زۆر ناکەوێتە سوڕی مانگانەوە یاخود لەو ماوەیەدا خوێنی زۆر کەمە و ئاسایی نییە توشبوو بێت بە ڕژێنی سایرۆیدی چالاک.

بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی

ئەو خانمانەی کە حەژی دژە دووگیانی بەکاردەهێنن، لە ماوەی سوڕی مانگانەدا خوێنیان کەم دەکات.

کیسی هێلکەدان

زۆرینەی خانمانی گەنج کیسی هێلکەدانیان هەیە، کە تێیدا هێلکەدانەکان بڕێکی زۆری هۆڕمۆنی نێرینە بەرهەم دەهێنێت، کیسی هێلکەدان زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە خانمەکە تاکوو ماوەیەکی زۆر سوڕی مانگانەی دوابکەوێت یاخود کاتی سوڕەکە خوێنی کەم بێت، ئەو خانمەنەی کیسی هێلکەدانیان هەیە سوڕێکی مانگانەی قورس و بێزارکەریان هەیە و هەروەها نیشانەی وەک زیپکەی زۆر و چەوری زۆری پێستیان هەیە.

تەمەن

تاکوو تەمەنت زیاتر بکات و نزیک ببیتەوە لە تەمەنی نائومێدی ئەگەری هەیە کە خوێنیشت کەم بکات.

تەسکبوونەوەی ملی منداڵدان

حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام بوونی هەیە کە تێیدا ملی منداڵدان تەسکە و خوێنەکە بە ئاسانی نایەتە خوارەوە و تەنها بڕێکی کەمی دێتە خوار.

دروستبوونی برین لە دیواری منداڵاندا

زۆرینەی ئەو خانمانەی کە کورتاجیان بۆ دەکرێت بە بێ کێشە لێی دەردەچن، بەڵام هەندێک کات ئەمە ڕوودەدات کە بە هۆی کورتاجەوە دیواری منداڵدان بریندار ببێت، بۆیە ئەگەر دوای کورتاج کردنت سوڕی مانگانەکەت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە واباشترە کە سەردانی پزیشک بکەیت.

لە دەستدانی بڕە خوێنێکی زۆر دوای منداڵبوون

ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە، لە دەستدانی بڕێکی زۆری خوێن دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەت ئۆکسجینی باشی پێ نەگات ئەمەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ژێر مێشکە ڕژێن و بەم شێوەیەش ئەم هۆڕمۆنە کەم بەرهەم دێت و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سوڕی مانگانەدا و خوێن کەم دەکات.


سەرچاوەکان



4224 بینین