نیو یۆرک

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-07-05:16:00 - کۆدی بابەت: 5211
نیو یۆرک

ناوه‌ڕۆك

ئەمریکا

ئەمریکا کۆمارێکی یەکگرتووە، چوارەم گەورەترین دەوڵەتە لە جیهاندا لە ڕووی ڕووبەرەوە لە دوای ڕووسیا، کەنەدا و پاشان چین، بە یەکێک لە دەوڵەتەکانی نێو کیشوەری ئەمریکای باکور دادەنرێت و پایتەختە نیشتیمانییەکەشی واشنتنە، ئەمریکا 50 ویلایەت لە خۆدەگرێت، ڕێژەی دانیشتوانیشی دەگاتە نزیکەی 324 ملیۆن کەس کە بەسەر ڕووبەری 3.8 ملیۆن میل چواگۆشە دابەش بوون، شایەنی باسە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بووە بە زلهێزێکی جیهانی، بە جۆرێک بوو بە یەکەمین وڵات کە هەستا بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و لە جەنگدا بەکاریشی هێنا، هەروەها ئەندامێکی بەردەوامی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دەزگای وڵاتە ئەمریکییەکان و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دیکەشە.

شاری نیویۆرک

نیویۆرک یەکێکە لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کە دانیشتوانەکەی دەگاتە 19.378.102 کەس دەبن، بە سێهەم پڕ دانیشتوانترین شوێن دادەنرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ڕووبەری گشتیی نیویۆرک دەگاتە 127.190 کیلۆمەتری چوارگۆشە، واتە 49.108 میل چوارگۆشە، نیویۆرک بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 1788ـدا وەک ویلایەتێک دانی پێدانرا، شایەنی باسە کە نیویۆرک لە 5 گەڕەک پێکهاتووە، کە هەر گەڕەکێکی شآرەکە شێوازێکی ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ڕۆیشتن لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە وەک گواستنەوەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.

ویلایەتی نیویۆرک یەکێکە لە هەمەڕەنگترین شوێنەکانی دنیا لە ڕووی ڕەگەز و ڕەچەڵەک و ئاینی جۆراوجۆرەوە، هەروەها زۆر کەس پێیان وایە کە سەرنجڕآکێشترین شوێنی شآرستانییە لە ئەمریکادا، ئەم ویلایەتە ژمارەی دانیشتوانە یەهودییەکانی زیاترە لەوانەی کە لە فەڵەستینی داگیرکراودا نیشتەجێن، ژمارەی ئێرلەندییەکانی نیویۆرک زیاترن لەوانەی لە لە دوبلین هەن (دوبلین پایتەختی ئێرلەندایە)، هەروەها خەڵکی ئیتاڵیی زۆرترە لە دانیشتوانی هەریەکە لە ناپۆلی و پۆرتۆریکۆن و سان خوان، پەیکەری ئازادیش بە هێمای ویلایەتەکە دادەنرێت، بە درێژایی دوو سەدەی ڕآبردوو نیویۆرک گەورەترین و دەوڵەمەندترین شار بوو لە ئەمریکادا، بە جۆرێک کە زیاتر لە نیوەی ئەو کەس و کاڵایانەی داخڵی ئەمریکا بوون بە نیویۆرکدا تێپەڕیون.

گەڕەکەکانی نیویۆرک

  • مانهاتن
  • بڕۆکلین
  • برۆنکس
  • کوینز
  • ستاتن ئایلەند

کەش و هەوای نیویۆرک

کەش و هەوای نیویۆک (بەپێی پۆلێنی کۆبن بۆ کەش و هەوا) بەوە پێناسە دەکرێت کە کەش و هەوایەکی نیمچە کەمەرەیی شێداری هەیە، بەم شێوەیەش دیاترین شآرە لە باکووری ئەمریکای باکووردا کە ئەم پۆلێنەی بۆ کرابێت، هەروەها کەنارەکانی شارەکە ڕێک دەکەونە ئەو شوێنەی کە خاڵی جیاکەرەوە و گۆڕانە لە نێوان ناوچە شێدارە نیمچە کەمەرەییەکان و ناوچە کیشوەرییە شێدارەکان، بەڵام پۆلێنی تریوارثا بۆ کەش دەڵێت کەش و هەوای نیویۆرک دەریاییە.

وەرزی زستان لە نیویۆرکدا سارد و شێدارە، ناوەندی پلەی گەرمیی ڕۆژانە لە مانگی یەکدا کە ساردترین ڕۆژی ساڵە دەگاتە نزیکەی 32.6 پلەی فەهرەنایت واتا 0.3 پلەی سەدی، هەروەها لە زستاندا چەند جارێک پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ 10 پلەی فەهرەنایت واتا -12 پلەی سەدی، هەندێک جاریش لە زستاندا بەرز دەبێتەوە بۆ 60 پلەی فەهرەنایت، واتا 16 پلەی سەدی، بەڵام دەربارەی بەهار و پایز، ئەم دوو وەرزە پێشبینی نەکراون، چونکە هەمیشە لە نێوان سارد و گەرمدا یاری دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کەش و هەوا لەو دوو مانگەدا مامناوەند و هاوسەنگە و ڕێژەی شێ زۆرجار نزم دەبێتەوە، هاوینیش زۆرینەی کاتەکان لە نێوان گەرمی ئاسایی و زۆر گەرمدایە، ناوەندی پلەی گەرمیی ڕۆژانە لە مانگی تەمموزە دەگاتە نزیکەی 76.5 پلەی فەهرەنایت، واتە 24.7 پلەی سەدی.

ئابووریی نیویۆرک

ئابووری نیویۆرک ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر بەرهەمی گشتیی وڵات کە دەگاتە 1.607 ترلیۆن دۆلار لە ساڵی 2017ـدا، ئابووریی ئەم ویلایەتە لە پلەی سێهەمدا دێت لە دوای هەردوو ویلایەتی کالیفۆرنیا و تێکساس، بەڵام ئەگەر نیویۆرک وڵاتێکی سەربەخۆ بوایە، ئەوا لە پلەی دوانزە یان سیانزەهەم وڵاتی جیهاندا دەبوو لە ڕووی گەورەیی ئابوورییەکەیەوە، گەڕەکی ماهاتن لە نیویۆرک بە پایتەخت دادەنرێت لە بواری بانکەکان، پارەدان و پەیوەندییەکان دادەنرێت لە ئەمریکادا، هەروەها شوێنی بۆرسەی پشکەکانی نیویۆرک لە واڵ ستریتی مانهاتنە.

زۆر لە گەورە کۆمپانیاکانی جیهان مانهاتن دەکەن بە بارەگای سەرەکییان، تەنها مانهاتن لە ساڵی 2015ـدا 37.2 ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە ڕووبەری ئۆفیسی تێدا بووە، لەبەر ئەوە بە گەورەترین ناوچەی بازرگانیی ناوەندی دادەنرێت لە جیهاندا.

ویلایەتی نیویۆرک کەرتی پیشەسازییە سەرەتاییەکان دەگرێتە خۆی، کە بابەتەکانی چاپکردن، بڵاوکردنەوە، بەرهەمهێنانی جلوبەرگ، یەکەکانی هێڵی ئاسنینی جووڵاو و دروستکردنی فارگۆنی شەمەندەفەر دەگرنەوە، هەروەها هەندێک پیشەسازیی تایبەت لە ناوچەکانی سەرەوەی ویلایەتەکەدا هەن، وەک پیشەسازیی سیرامیک، هەروەها شووشە لە ناوچەی باشووری ویلایەتەکە، هەروەها پیشەسازیی تەکنەلۆژیای وردبین لە ویلایەتەکەدا بوونی هەیە، ئامێرەکانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی لە ڕۆچستەر دروست دەکرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ویلایەتی نیویۆرک دەوڵەمەندە بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و بابەتە کشتوکاڵییەکان و هەروەها ئاژەڵداری و سەوزە و سێو.

دیارترین شوێنەکانی نیویۆرک

کاتێک باس لە ویلایەتی نیویۆرک دەکرێت دەبێت باسی شوێنە دیار و گەشتیارییەکانی ئەو ویلایەتە بکرێت، شآری نیویۆرک لە زۆر ڕووەوە بە پایتەختی جیهان دادەنرێت، کاتێک باسی دەکرێت بریقەداری و جوانیی دێتەوە یادگەی مرۆڤ، گەیشتن بەم شآرە خەونی زۆر لە دانیشتوانی جیهانە.

شآری نیویۆرک ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد لە ساڵی 2015، کە ژمارەی سەردانیکەرانی گەیشتە 60 ملیۆن کەس، ئەمە ئاماژەیە بۆ بەناوبانگی ئەم شآرە و بوونی بە یەکێک لە خاڵەکانی ڕاکێشآنی گەشتیار لە جیهاندا، داهاتەکانی گەشتیاری لە شآرەکەدا لە ساڵی 2014ـدا گەیشتۆتە 61.3 ملیار دۆلار، جگە لەو شێوە و شوێنە تایبەتانەی کە نیویۆرک هەیەتی، ویلایەتەکە ساڵانە پێشوازی لە چەندین چالاکیی ڕۆشنبیری و کەرنەڤاڵی نێودەوڵەتی دەکات، ئەمانە لیستی دیارترین ئەو شوێنانەن کە لە نیویۆرکدا جێگای سەرنجی گەشتیارانن و زۆرترین سەردانیکەریان هەیە:

  • پەیکەری ئازادی
  • سێنراڵ پارک
  • باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیت
  • مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان بۆ هونەر
  • تایمز سکوێر
  • دورگەی ئیلیس
  • شانۆی برۆدوەی
  • گەڕەکی چاینا تاون لە مانهاتن


سەرچاوەکان



2975 بینین