ڕێگاکەی دکتۆر یەحیا غەوسانی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-08-04-13:56:00 - کۆدی بابەت: 6168
ڕێگاکەی دکتۆر یەحیا غەوسانی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

بیروبۆچوونی دکتۆر یەحیا غەوسانی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ئەم ڕێگەیە یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بەردەستە بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، ئەم ڕێگایەی دکتۆر یەحیا کە وەک خۆی باسی دەکات لە دە خاڵ و کەرەستەدا کۆی کردووەتەوە، بەو واتایەی کە دکتۆر یەحیا دە وشەی دیاریکردووە کە بە پیتی (ت) دەست پێدەکات لە زمانی عەرەبیدا، ناویشی ناوی بیردۆزی دە (ت) ـائەکە، ئەم دە وشەی کە بە پیتی (ت) دەست پێدەکات زۆر بەسوودە بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز.

ڕێگاکەی دکتۆر بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

التهیئة النفسیة - خۆ ئامادەکردنی نەفسی خۆت

ئەوەش ئەوەیە کە تۆ خۆت ئامادە بکەیت بە جەستە و ڕۆح و دڵت بۆ ئەوەی کە قورئانی پیرۆز لەبەر بکەیت، چونکە مێشک ناتوانێت شتێک بکات کە حەزی لێی نەبێت، هەر بۆیە پێویستە حەزمان هەبێت بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، حەزی بۆ دروست بکەین، خۆمان بۆی ئامادە بکەین بە هەموو شێوەیەک، پاش ئەوەی کە خۆمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی قورئان لەبەربکەین خاڵی دووەم دەست پێدەکات.

التخیل - خەیاڵ کردن

ئەمە یەکێکە لە خاڵە زۆر گرنگەکان، خەیاڵی ئەوە بکە کە تۆ قورئان لەبەر دەکەیت، خەیاڵی ئەوە بکە کە تۆ هەفتەی داهاتوو ئەوەندە سورەتت لەبەرە، خەیاڵ ئەوە بکە ئەوەندە ساڵی تر قورئانت تەواو کردووە، خەیاڵ کردن زۆر سوودی هەیە، هەروەها مێشک کاردانەوەی هەیە بۆ خەیاڵ هەروەک چۆن کاردانەوەی هەیە بۆ واقیع و ڕاستی، ئەمەش شتێکە کەلایەن پسپۆڕانەوە سەلماوە.

التسخین - خۆ گەرم کردن

مەبەست لەمەش ئەوەیە کە تۆ پێش ئەوەی دەست بکەیت بە لەبەرکردنی قورئان چەند دەقەیەک قورئان بخوێنە، یا ئەو بەشەی کە دەتەوێت لەبەری بکەیت لەبەری بکە، یا بەشێک پێداچوونەوە بکە، ئەمە بۆ ئەوەیە کە مێشکت زیاتر ئامادەبێت بۆ لەبەرکردنی قورئان، ئەو چەند دەقە خوێندنەوەی قورئانە پێش لەبەرکردنی قورئانە وەک ڕاهێنانێک وایە، بەم شێوە سێیەم خاڵیش بە جوانی جێبەجێ کرا، دەچینە خاڵی چوارەم.

الترکیز - کۆبیری

مصحفەکەت لەبەردەمتدا دابنێ و سەیری بکە، خۆت سەرقاڵ مەکە بە شتی ترەوە، خەیاڵت تەنها لای قورئانەکە بێت، چاوت بخەرە سەر ئەو ئایەتەی کە دەتەوێت لەبەری بکەیت پاشان هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە، پاشان ئایەتەکە بخوێنەرەوە، بەو شێوەیە ئایەتەکە دەچێتە ناو مێشکت، پاشان چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە دەبینیت بە پشتیوانی خودای گەورە ئایەتەکەت لەبەرکردووە.

التنفس - هەناسە وەرگرتن

ئەمەش وەکو ئاماژەمان پێدا زۆر بەسوودە، کاتێک هەناسەی قوڵ هەڵدەمژیت مێشکت باشتر و زووتر شت وەردەگرێت، چونکە مێشک پێویستی بە ئۆکسجین هەیە، هەر بۆیە هەندێک کات مێشک بە خێرایی کاردەکات، هەندێک کاتیش یبە لاوازی، کەواتە گەر بمەوێت مێشکم بە خێرایی کار بکات ئەوا هەناسەی قوڵ هەڵدەمژم وا باشترە کە هەناسەدان بەو شێوە بێت کە بە لووت هەناسە هەڵمژیت و بە دەم بیدەیتەوە، هەر بۆیە لەو کاتەدا ئایەتەکە بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی مێشک یەکسەر وەری بگرێت.

التنغیم - خوێندنی قورئان بە دەنگەوە

وا باشترە قورئان بە دەنگەوە بخوێنیت، چونکە بەو شێوە مێشک زوتر وەری دەگرێت، ئەگەر تۆ لەو کەسانەی کە دەنگێکی تایبەت بە خۆتت نیە، ئەوا دەتوانی کە بەردەوام بە دەنگەوە قورئان بخوێنیت و گوێ لە قورئان خوێنەکانی تریش بگریت، بەو شێوە بە پشتیوانی خودای گەورە دەنگێکت بۆ دروست دەبێت.

التکرار - دووبارە کردنەوە

ئەمەش زۆر پێویستە بۆ ئەوەی ئەوەی لەبەرتکردووە لەبیرت نەچێتەوە، چونکە ناکرێت بە یەکجار و بە بێ دووبارە کردنەوە شتێک لەبەر بکەیت، هەر بۆیە دوای ئەوەی ئەو بەشەی دیاریت کردووە لە قورئان لەبەرت کرد هەوڵ بدە کە زۆر دووبارەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی لە مێشکتدا بچەسپێت و لەبیرت نەچێتەوە.

الترابط - بەیەک بەستنەوە

هەوڵ بدە ئایەتەکان بە یەکەوە ببەستەوە، پاش ئەوەی کە ئەو بەشەی بڕیارت داوە لەبەرت کرد هەوڵ بدە ئایەتەکان بە یەکەوە ببەستەوە، هەوڵبدە بەشی لەبەرکراوی ئەمڕۆ لەگەڵ بەشی لەبەرکراوی بەیانی بە یەکەوە ببەستەوە، سورەتەکان بەیەکەوە ببەستەوە جوزئەکان پێکەوە ببەستەوە.

التثبیت - چەسپاندن

ئەمەش مەبەست پێی پێداچوونەوەی قورئانە، پاش ئەوەی کە ئـێمە قورئانمان لەبەر کرد پێویستە پێداچوونەوەی بەردەواممان هەبێت بۆ ئەوەی قورئانمان لەبیر نەچێتەوە، چونکە پێداچوونەوە وەسیەتی پێغەمبەر ﷺ ـەمە بۆمان، هەر بۆیە دەبێت دەستی پێوە بگرین.

التوکل على الله - پشت بەستن بە خودای گەورە.

ئەمەش بۆیە لە کۆتا خاڵدا باس دەکرێت لەبەر ئەوەی بزانیت کە پشت بەستن بە خودای گەورە لە هەموو خاڵەکاندا گرنگە، واتە تۆ بە پشت بەستن بە خودای گەورە تەرکیز دەکەیت، قورئان لەبەر دەکەیت، پێداچوونەوەی بۆ دەکەیت، واتە لەگەڵ هەموو خاڵێکدا پشت بەستن بە خودای گەورە پێویستە، دڵنیابە کاتێک پشت بە خودای گەورە دەبەستیت، ئەوا خودای گەورە یارمەتیت دەدات وە هەرگیز نا ئومێدت ناکات.


سەرچاوەکان



970 بینین