کودەتای چواردەی تەمووزی ١٩٥٨

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-06-14:49:00 - کۆدی بابەت: 6198
کودەتای چواردەی تەمووزی ١٩٥٨

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی کۆماری

شۆڕشی ١٤ ی تەمووز، کە ناسراویشە بە کوودەتاکەی ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ لە عێراقدا ڕوویدا لە ١٤ ی تەمووزدا، ئەم شۆڕشە دژی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق کە بنەماڵەی هاشمییەکان بوون ئەنجامدرا (بنەماڵەی هاشمییەکان بنەمەڵەیەکی سونی مەزهەب بوون لە هۆزی قوڕەیشییەکان و نەوەی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد د.خ) بوون.

یەکەم سەرۆکی عێراق فەیسەڵی یەکەم و کۆتا دانەیان فەیسەڵی دووەم بوو (١٩٢١ هەتا ١٩٥٨) کە لەژێر فەرمانڕەوایی بەڕیتانییەکان خرانە سەرحوکم و بنەماڵەکە بەهۆی شۆڕشی ٥٨ ـەوە لەسەر حوکم لابران، لەم کودەتایەدا هەریەکە لە مەلیک فەیسەڵ و شازادە عەبدوڵا و سەرۆک وەزیرانی عێراق (نوری سەعید) کوژران.

لە ئەنجامی شۆڕشەکەدا عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی ھێنرا و ڕژێمی کۆماری لە عێراق ڕاگەیەندرا، ئەگەرچی لە سەرەتادا بزووتنەوەی تەمووز لە ساڵی ١٩٥٨ دا لە عێراق بانگەشەی بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ دەکرد، بەڵام زۆری نەبرد سەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە بەڵێنەکانی خۆیان ھەڵگەڕانەوە و دەستیانکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوتکردنی ھەر بەرهەڵستکارێکی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و فەرمانڕەوایی کۆمۆنیستەکانی عێراق، کە لەو سەردەمە بوونە حیزبی خاوەن دەسەڵات.

ئامانجی سەرەکی ئەم شۆڕشە بۆ ئازادبوونی عێراق بوو لەژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و بەڕیتانیا، کە هێزی ڕۆژئاوا دەستیان گرتبوو بەسەر هەموو چەمکە سەرەکییەکانی عێراقدا، یەکێک لەو خاڵە جوانانەی کە لە شۆڕشی ١٤ـی تەمووزدا دەردەکەوێت، ئەو شۆڕشە خۆڕسکانە‌ بووه‌ و هەستی نیشتمانپەروەری تێیدا زاڵ دەبێت و دوور دەبێت لە پلانی زلهێز و ئیمپراتۆرەکانی جیهان بە پێچەوانەی کودەتاکەی ١٩٥٢ ی میسڕەوە، کە بە پاڵپشتی ئەمریکا “جەمال عەبدول ناسڕ و ئه‌فسه‌ره‌ هاوڕێکانی” ڕژێمی پاشایەتییان رووخاند. بەڵام ئەم دوورە دەستیەی زلهێزەکان وای لێکردن بکەونە پیلان دانان لەدژی شۆرشەکە.

دوایت د. ئایزێنهاوەر ، سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا لە بیرەوەریەکانیدا بەمشێوەیە باس لە شۆرشی ١٤ تەمووز دەکات و ئەو حاڵەتە دەروونییه‌ دەردەخات کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تووشی بوون، “ئەمە ئەو وڵاتەیە کە بە هەموو هێزی خۆمان پشتمان پێی بەستبوو ببێتە قەڵای سەختی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا، ئەگەر وەرچەرخانی ڕووداوەکان بەم شێوە ترسناکە وەڵامی توندی نەدرێتەوە لەلایەن ئێمەوە ئەوا تەواوی دەسەڵاتی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا لەناو دەچێت”.

ڕۆڵی کورد لە شۆڕشەکە

کاردانەوەی ئەمریکا و بەڕیتانیا

بۆ لەباربردنی شۆڕشەکە، لەپاش ڕوودانی شۆڕشەکە هەریەکە لە به‌ڕیتانیا و ئەمریکا دەکەونە ئامادەکردنی کۆمەڵێک نەخشە بۆ لەباردنی شۆڕشە تازەکەی عێراق، بەڵام لەو کاتەدا ململانێی سەخت لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دروست دەبێت، هەرئەمەش وا دەکات کە ئەمریکییەکان بە جیا لە لوبنان دابەزن و بەڕیتانیاش بە جیا لە ئوردن هێزەکانیان دابەزێنن، ئەم دابەزاندنی هێزەش زیاتر بۆ سنوردارکردن و بڵاونەبوونەوەی شۆڕش بوو لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

هەوڵە خراپەکانی تورکیا

دیارە تورکیا هەمیشە چاوی بڕیوەتە سەروەت و سامانەکەی عێراق، لەکاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی تەمووزیشدا بەهەلیزانیووە و هەوڵیدا بۆ ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە پەلاماری عێراق بدات و دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەریتانیەکان دژی هەوڵەکانی تورکەکان وەستانەوە و نەیانهێشتووە پەلاماری عێراق بدات، لەم بارەیەوە “هاڕۆڵد ماکمیلان” سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: “لە ڕاستیدا هێرشی تورکیا شێتانەیە، بەڵکو شێتیەکی تاوانکارانەیە، ئێمە لەم کارەدا یارمەتیدەر نابین، ئینگلیزەکان ترسیان لەوە بووە، ئەگەر تورکەکان عیراق داگیربکەن، ئەوا دەست بەسەر تەواوی سامانی عێراقدا دەگرن و ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە.

شای ئێران و سعودیە

شۆڕشی ١٤ـی تەمووزی عێراق لە ١٩٥٨ دا وەکو شۆڕشە مەزنەکە ١٧٨٩ـی فەڕەنسا، تەواوی هێزە کۆنەپەرستەکانی تووشی شڵەژان و شۆککرد و بەهەموویانەوە هەوڵی لەناوبردنی ئەم شۆڕشەیانداوە. هەرچەندە شۆرشی عێراق ١٦٩ ساڵ لەپاش شۆڕشی فەڕەنسی ڕوویداوە، بەڵام کاتێک سەیری هەوڵەکانی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق دەکەیت، هاوشێوەی دەوڵەتە دراوسێکانی فەڕەنسان، کە هەموویان هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشەکەیانداوە، دیارە لەپاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایی لە عێراق و بەهێزبوونی ڕۆڵی کۆمەنیستەکان، تەواوی ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە دژی ئەم شۆڕشە وەستاونەتەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە شای ئێران و شای سعودیە، شای سعودیە نێردراوێكی تایبه‌تی خۆی بۆ به‌ریتانیا ده‌نێرێت و  داوا لە ئینگلیزەکان دەکات و ده‌ڵێت “هەرچیتان کردووە نەهێڵن کۆمەنیستەکان لە عێراقدا دەسەڵات بگرنە دەست” هەرچی شای ئێرانیشە لەکاتی شۆرشەکەدا پەلاماری ناوچە سنوریەکانی باشوری عیراق دەدات و داوای ناوچەی “شەتول عەرەب” دەکات، هەموو ئەمەش وەکو فشارێکی سیاسی بووە بۆ  سه‌ر شۆڕشە نوێیەکەی عێراق.

سۆڤیەت و شۆڕشەکەی عێراق

هەمیشە یەکێتی سۆڤیەت بەجۆرێک ڕەفتاری کردووە کە دۆستی گەلانی جیهانی سێهەمە و دژی هێزەکانی ڕۆژئاوایە، بەڵام لەکاتی شۆڕشی ١٤ـی تەمووزدا سۆڤیەت بەسه‌رۆکایەتی “نیکیتا خرۆشێڤ” ڕۆڵێکی یەکجار خراپی گێڕاوە، ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمۆنیستەکاندا، لەوکاتەدا بە فشاری سۆڤێت، کۆمۆنیستەکان ناچاردەبن کە دەست بۆ دەسەڵات نەبەن، بگرە پێویستە پشتگیری قاسم بکەن، لەلایەکی ترەوە بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵیداوە شۆڕشەکەی عێراق بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کێشەی بەرلین و ئەڵمانیای لەگەڵ ئەمریکا پێ چارەسەر بکات کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەسەر ئەڵمانیا لە کێشەدابوو لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان.

دەرئەنجامی شۆڕشەکە

ئەم شۆڕشە بووە هۆی بنبڕکردنی پاشایەتی لە عێراق و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی وڵاتان لەناوچەکەدا، بەمەش سیستەمی کۆماری فیدڕاڵ بوو بە بناغەی وڵات و تا ئێستاش ئەم سیستەمە کاریپێدەکرێت لە سەرانسەری وڵاتدا، دوای شۆڕش بە ماوەیەکی کەم ڕژێمی بەعسی دروستبوو کە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ حوکمی وڵاتیان بەدەستەوەبوو.


سەرچاوەکان



2572 بینین