خاڵە سوورەکانی ناو سپێنەی چاو

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-12-13:40:00 - کۆدی بابەت: 6263
خاڵە سوورەکانی ناو سپێنەی چاو

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەبارەی خاڵە سوورەکانی ناو سپێنەی چاو 

دەکرێت خاڵی سوور لە سپێنەی چاودا ڕووبدات بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت خوینبەربوونی ژێر لینجە پەردەی ژێر پێڵووی چاو، کە ئەویش حاڵەتێکە دەبێتە هۆی تێکشکانی یەکێک لە بۆرییە خوێنە بچووکەکانی ژێر ڕووپۆشی سەرەوەی چاو، یان ئەوەی پێی دەوترێت لینجە پەردە، دەکرێت ئەم خاڵە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت تاکوو نەخۆش هەستی پێ دەکات بەهۆی بێتوانایی لینجە پەردە لە مژینەوەی خوێن بە شێوەیەکی خێرا، بۆیە خوێن لەوێدا قەتیس دەبێت و کۆ دەبێتەوە، ئەم حاڵەتەش حاڵەتێکی ئاسایی دادەنرێت، زۆربەی توشبووان بە حاڵەتەکە نازانن تاکوو سەیری ئاوێنە نەکەن، بە زۆریش بە حاڵەتی بێ مەترسی لە قەڵەم دەدرێت، کە دەکرێت لە ئەنجامی پژمە و کۆکەی توندەوە دروستببن، چونکە بۆرییە خوێنەکانی چاو بچووک و وردن و دەکرێت بە ئاسانی تێکبشکێن، زۆرجار پێویستی بە چارەسەر نییە و خۆی لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا نامێنێت.

هۆکارەکانی دەرکەوتنی خاڵە سوورەکانی سپێنەی چاو

هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی خاڵێکی سوور لە سپێنەی چاودا دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکانی بۆرییە خوێنە بچووکەکانی ژێر لینجە پەردەی چاو، کە ئەویش هۆکارەکەی زۆرجار بەرزبوونەوەی خێرای پەستانی خوێنە بەهۆی:

  • پژمەی بەهێز و توند.
  • فشاری جەستەیی زۆر.
  • کۆکەی توند.
  • ڕشانەوەی توند.

هەروەها دەکرێت دەرکەوتنی ئەم خاڵە سوورانە هۆکارەکەی هەندێک پێکران بەهۆی بەرکەوتنی توند یان سادەوە بێت  یان لە دەرئەنجامی هەندێک نەخۆشی چاو بێت، لەوانەش:

  • خوراندنی چاو بە توندی.
  • بەرکەوتنی چاو بە تەنی نامۆ.
  • دانانی هاوێنەی لکاو.
  • هەوکردنی ڤایرۆسی.
  •  نەشتەرگەری جیاوازی چاو.

لە هۆکارە کەمتر بڵاوەکانی دەرکەوتنی خاڵی سووری ناو سپێنەی چاو بریتین لە:

  • شەکرە.
  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنبەرەکان.
  • خواردنی ئەو دەرمانانەی ئەگەری مەیینی خوێن کەم دەکاتەوە، یان شلکەرەوەکانی خوێن، یان ئەو دەرمانانەی کە حاڵەتی مەینی خوێندا دەدرێن وەکوو ئەسپرین "کە کاردەکات بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوەی پەڕەکانی خوێن" و کۆمادین.
  • ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی مەیینی خوێن.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت

لەبەر ئەوەی حاڵەتی دەرکەوتنی خاڵی سووری ناو سپێنەی چاو حاڵەتێکی ئاساییە، بۆیە پێویستە بزانرێت چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دەستخستنی گرنگیپێدانی تەندروستی، لەو حاڵەتە مەترسیدارانەی پێویستیان بەسەردانی پزیشکە: 

  • ڕوودانی خوێنبەربوون لە چاودا یان سووربوونەوەی چاو پاش بەرکەوتنێکی توند.
  • ڕوودانی سەرئێشە لەگەڵ بینینی ناڕوون و ئاڵۆزبوونی دەروونی.
  • لەکاتی بینینی بازنەی ڕووناکی لە دەوری ڕووناکییەکان.
  • لەکاتی توشبوون بە دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە. 

بەڵام دەکرێت تەنها پەیوەندیکردن بە پزیشکێکەوە یان سەردانی دابینکەری تەندروستی لە ناوچەکەی خۆت بەس بێت لەکاتی هەبوونی ئەم حاڵەتانە: 

  • سووربوونەوەی چاو "تەنها دەرکەوتنی خاڵە سوورەکان نا" بۆ ماوەی زیاتر  ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ.
  • لەکاتی هەبوونی ئازاری چاو یان گۆڕانکاری لە ناوچەی بینین.
  • خواردنی دەرمانی شلکەرەوەی خوێنی وەکوو وارفارین.
  • لەکاتی گومانکردن لە هەبوونی تەنێکی نامۆ لە ڕووپۆشی چاودا.
  • هەبوونی هەستیارییەکی توندی ڕووناکی.
  • هەبوونی دەردراوی زەرد و سەوز لە چاوێک یان هەردوو چاودا.


سەرچاوەکان



1567 بینین