سوخۆی سو-٥٧

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-15-23:16:00 - کۆدی بابەت: 6314
سوخۆی سو-٥٧

ناوه‌ڕۆك

سوخۆی ٥٧

سوخۆی سو-٥٧ (بە ئینگلیزی: Sukhoi Su-57)، فڕۆکەیەکی سەربازی ڕووسی فرەکرداری دوو بزوێنەرە، خاوەنی یەک کوشنە و جێگای دانیشتنە و لە نەوەی پێنجەمی فڕۆکە شەڕکەرەکانە، لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە کۆمپانیای سوخۆی ڕووسی دەستی کردووە بە بونیادنانی بۆ بەرژەوەندی هێزی ئاسمانی ڕووسیا.

فڕۆکەکە لە بەرهەمی پاک-فایە و یەکێکە لە پڕۆژەکانی نەوەی پێنجەمی هێزی ئاسمانی ڕووسیا، لە ڕووسیا بە فڕۆکەکە دەوترێت سوخۆی تی-٥٠، وابڕیارە سوخۆی ٥٧ ببێتە یەکەمین فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسی کە تەکنەلۆژیای خۆشاردنەوەی تێدابێت و لە ڕادارەکان دەرنەکەوێت، یەکەمین فڕینی فڕۆکەکە لە ٢٩/١/٢٠١٠ بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ ئامادەکرا، لە شوبات و حوزەیرانی هەمان ساڵ دووەم و سێیەم فڕینی خۆی ئەنجامدا.

یەکێکە لە مەترسیدارترین و بەهێزترین فڕۆکەکانی جیهانی ئەمڕۆ و تەواوی تەکنەلۆژیاکانی تێدایە و دژی هەموو جۆرە چەکێکی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی دەوەستێتەوە.

ئامانجی سوپای ڕووسیا بۆ فڕۆکەکە بریتییە لە جێگرتنەوەی میگ-٢٩ و سو-٢٧ لە داهاتوو.

ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە ئەو پێشبڕکێیەیە کە جیهانی سەربازی تێیدا بۆ بەدەستخستنی خێرای باشترین جۆری چەک و دوانەکەوتن لێی، و هەریەک لە فڕۆکە ئەمریکییەکانی ئێف-٢٢ ڕاپتۆر و ئێف-٣٥ لایتینگ بە ڕکابەری فڕۆکەکە دادەنرێن.

ڕاداری ئەم فڕۆکەیە لە توانایدا هەیە ئامانجەکان لە دووری ٤٠٠ کیلۆمەتری لە دەوروبەری فڕۆکەکە ببینێت، و دەتوانێت لە یەک کات لەگەڵ ٦٠ ئامانج بجەنگێت، و بەجارێک ١٦ ئامانج بپێکێت و هێرش بکاتە سەریان بە نوێترین تەکنەلۆژیای لەیزەر.

ساڵی ٢٠١٢ ڕووسیا خاوەنی شەش بۆ ١٠ فڕۆکەی لەمشێوەیە بوو، پلانیش ئەوەیە کە ١٠٠٠ فڕۆکە ئامادەبکرێت بۆ ئەوەی ٢٠٠ دانەیان لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا بن، ٢٠٠ـی دیکەش بۆ هیندستان بێت کە هاوکاری پرۆژەکە و هاوبەشی بووە، هەروەها ٦٠٠ بۆ فرۆشتن بن، نرخی هەر یەکێک لە فڕۆکەکان ١٠٠ ملیۆن دۆلارە.

پلان و پڕۆژەکە

پڕۆژەکە لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکان دامەزرا لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی لە نەوەی داهاتوو یەکێتی سۆڤیەت ببێتە خاوەنی فڕۆکەیەکی بێ ڕکابەر، پڕۆژەکەش ناونرا (ئیسترێبیتڵ-٩٠) کە بە واتای جەنگاوەر دێت، دواتریش پڕۆژەی MFI دامەزرا بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەکی فرەکردار، ساڵی ١٩٨٣ لەسەر بنەمای پڕۆژەکە یەکێتی سۆڤیەت فڕۆکەی سو-٤٧ دروستکرد، کە سەرەتا پێی دەوترا سو-٣٧.

بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت پڕۆژەکە و فڕینی میگ-١,٤٤ بۆ ساڵی ٢٠٠٠ دواکەوت، دوای ئەویش پڕۆژەی Pak-Fa دامەزرێندرا کە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی ڕکابەری ئێف-٢٢ و تایفۆنی ئەمریکی و ئەوروپی بوو.

کردارەکانی دروستکردنی فڕۆکەی نوێ لەسەر سو-٣٥ ئەنجامدرا کە فڕۆکەی سو-٥٧ پەرەپێدراوی ئەو فڕۆکەیە.

ساڵی ٢٠٠٤ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دانی بە لایەنی تیۆری پڕۆژەکەدا نا و ئەلێکساندەر داڤدینکۆ وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دانرا، و لە ساڵی ٢٠٠٥ بە کرداری کار لەسەری کرا.

ساڵی ٢٠٠٩ دوای بینینی تەواوی پڕۆژەکە بڕیار بە دروستکردنی نموونەی دیکە درا.

تایبەتمەندییەکان

جۆر فڕۆکەی خێو
وڵاتی بەرهەمهێنەر ڕووسیا
نرخ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یەک دانە
دروستکەر کۆمپانیای سوخۆی
تێچووی پڕۆژە ٨ بۆ ١٠ ملیار دۆلار
پەرەپێدراوە لە سوخۆی ئێس یو ٣٥
ساڵی چوونە خزمەت ٢٠١٨
تەواوبوونی لە خزمەت دوای ٣٠ بۆ ٣٥ ساڵ
یەکەمین فڕین ٢٩/١/٢٠١٠
جەنگەکان خۆهەڵقورتاندنی ڕووسیا لە سوریا
بەکارهێنی سەرەکی هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیا
درێژی ٢٠,١ مەتر
درێژی باڵ ١٤,١ مەتر
بەرزی ٤,٦ مەتر
لوتکەی بەرزبوونەوە ٢٠,٠٠٠ مەتر
فڕۆکەوان و تیپ یەک کەس
کێش بە بەتاڵی ١٨ تەن
زۆرترین کێش ٣٥ تەن
توانای هەڵگرتن ١٠ تەن
بنکەی سوتەمەنی 2 × Saturn AL-41F1 afterburning turbofan, 93.1
زۆرترین خێرایی ٢,١٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک
ماوەی بڕین بەبێ پڕکردنەوەی سوتەمەنی ٣٥٠٠ کیلۆمەتر
چەک
  • ڕێژنگێکی ١ × ٣٠ گریازێڤ-شیپونۆڤ ئوتۆکانوون
  • یازدە مووشەکی جۆراوجۆر لە گەورە و بچووک
  • چوار مووشەکی شوێنکەوتووی ئۆتۆماتیک
  • ٢ مووشەکی دژەکەشتی
  • چوار مووشەکی دژەڕادار
  • ٥٠٠ کیلۆگرام مووشەکی دژە تانک

 


سەرچاوەکان



1031 بینین