دانانی باڵۆنی گەدە 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-17-22:04:00 - کۆدی بابەت: 6333
دانانی باڵۆنی گەدە 

ناوه‌ڕۆك

دانانی باڵۆنی گەدە

زیاتر لە ١,٤ ملیار کەس لە جیهاندا بەدەست زیادی کێش و قەڵەوییەوە دەناڵێنن، کە قەڵەوی هۆکاری چەندین کێشەی تەندروستییە وەکوو شەکرە و زیادبوونی پەستانی خوێن و کێشەکانی دڵ، دەکرێت لەدەستدانی لە سەدا ٥ -١٠ـی کێش یارمەتیدەر و پارێزەر بێت لەو نەخۆشییانەی پەیوەستن بە قەڵەوییەوە، وێڕای بەربڵاوی ئەم کێشەیە، چارەسەرە کاراکانی قەڵەوی زۆر سنوردارن، هەمووان ناتوانن نەشتەگەری قەڵەوی ئەنجامبدەن، بۆیە دەکرێت نەشتەرگەری دانانی باڵۆن وەکوو هەوڵێکی کەمکردنەوەی کێش بژمێردێت، کە ئەم نەشتەرگەرییە پشت دەبەستێت بە دانانی باڵۆنێکی پڕ لە شلەمەنی کە خوێ لەخۆدەگرن لە گەدەدا، بۆ هەوڵدان بۆ لاساییکردنەوەی هەست بە تێری و پڕبوون، ئەویش بۆ ڕێگری لە خواردنی خۆراکێکی زۆر و هێشتنەوە هەستی تێری لای کەسەکە.

دانانی باڵۆن بۆچی ئەنجام دەدرێت؟

دانانی باڵۆن لە گەدەدا هاوکارە لە دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی کارا، کە دابەزاندنی کێشیش دەکرێت هاوکار بێت لە ڕێگری لە هەموو ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە زۆری کێشەوە هەیە، لەو نەخۆشییانەش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە قەڵەوییەوە هەیە:

ئەم نەشتەرگەرییە بە زۆری پاش هەوڵدانی نەخۆش بۆ دابەزاندنی کێش بە ڕێگا خۆپارێزییەکان ئەنجامدەدرێت، وەکوو ڕجیمی خۆراکی و ڕاهێنانی وەرزشی.

ئەو کەسانەی دانانی باڵۆنی گەدەیان بۆ دەکرێت

دانانی باڵۆن بە باشترین چارەسەری کێش دابەزاندن دانانرێت لای هەمووان، کە دەکرێت پزیشک پلانی چارەسەری گونجاوتر بۆ نەخۆش دابنێت بەپێی حاڵەتەکەی، بەڵام دەکرێت بڵێین دانانی باڵۆن گونجاوترین چارەسەرە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:

- کاتێک BMI کەسەکە لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ دایە (کێشی کەسەکە دابەشی دووجای باڵای بە مەتر).

- کاتێک نەخۆشەکە ئامادەیی تێدایە کە بە ڕجیمی خۆراکی پاش نەشتەرگەرییەکەوە پابەند بێت، وێڕای سەردانی ماوەماوە بۆلای پزیشک بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرەوپێشچوونی چارەسەرەکە و کارکردنی.

- نەخۆشەکە هیچ نەشتەرگەرییەکی بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ئەنجام نەدابێت.

شێوازی دانانی باڵۆنی گەدە

باڵۆنەکە دەخرێتە ناو گەدەوە لە کردەیەکی ناواخنبینیدا کە نزیکەی ٣٠ خولەک دەخایەنێت، کە کردارێکی ئاسانە و نەشتەرگەری نییە، ئەنجامدانەکەی لەژێر سڕکەرێکی سادە یان پاش پێدانی هەندێک ماددەی هێورکەرەوە بە نەخۆش ئەنجام دەدرێت، ئەم کردارە لە نۆرینگەکان ئەنجام دەدرێت بەبێ پێویستبوونی نەخۆشخانە، پاش دانانی باڵۆنەکە  شلەیەکی سوێر دەکرێتە ناو باڵۆنەکەوە، بەم ڕێگەیەش باڵۆنەکە پڕدەکرێت و دەبێتە هۆی هەستکردن بە تێری.

پاش دانانی باڵۆنی گەدە 

بەزۆری پاش ٦ مانگ لە دانانەکەی باڵۆنەکە دەردەهێنرێت، پاشان نەخۆش ڕجیمێکی خۆراکی پێدەدرێت بۆ پارێزگاری لە کێشی، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو کەسانەی دانانی باڵۆنی گەدەیان بۆ کراوە لە سەدا ١٠ـی کێشیان لەدەست داوە بە شێوەیەکی مامناوەند، سەرگرتنی ئەم کردەیەش پشت دەبەستێت بە پابەندی کەسەکان بە سیستمی خۆراکی و وەرزشی پاش دانانی باڵۆنەکە، بۆیە پێویستە نەخۆش درک بە هەموو قۆناغەکانی دانانی باڵۆنەکە و پاش دانان و لابردنەکە بکات پێش ئەنجامدانی.


سەرچاوەکان



1075 بینین