نەخۆشی گەنم

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-08-26-14:50:00 - کۆدی بابەت: 6410
نەخۆشی گەنم

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی گەنم چییە؟

نەخۆشی گەنم کێشەیەکە لە هەرسکردنی ماددەی گڵوتین کە پرۆتینێکە لە خواردندا و بەتایبەت لەوانەی کە گەنم لە پێکهاتەکەیاندا هەیە وەکو نان و هەندێ جۆری پسکیت و مەعکەرۆنی، کاتێک کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشی گەنم شتێک دەخوات کە ماددەی گڵوتینی تێدابێت ئەوا لەشی کاردانەوەیەکی زۆری بۆ پرۆتینەکە دەبێت و مەمیلەکانی لەکاردەخات، مەمیلەیش پێکهاتەیەکی دەرپەڕیوی بچووکی شێوە پەنجەییە و لە دیواری ڕیخۆڵەباریکەدا بوونیان هەیە، کاتێک مەمیلەکان تێکدەچن ڕیخۆڵەباریکە ناتوانێت بەتەواوی ماددەی پێویست بمژێتەوە بەمەش بەدخۆراکی و کەمی چڕی ئێسک و لەبارچوون و نەزۆکی و تەنانەت نەخۆشی دەماری و شێرپەنجەش ڕەنگە بەدوای خۆیدا بێنێت.

نیشانەکانی نەخۆشی گەنم

  • سەرئێشە.
  • کەمخوێنی.
  • با کردن.
  • ئازاری ئێسک و جومگە.
  • قەبزی.
  • سکچوون.
  • دڵەکزێ.
  • دەرکەوتنی پەڵەی پێست کە جێیەکەی دەخورێت بەتایبەت لە ناوچەی قۆڵ و سەر و پشتدا.
  • سەرئێشە و ماندوێتی.
  • برینی ناودەم.
  • دڵتێکچوون.
  • تێکچوونی کۆئەندامی دەمار بە سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و قاچ و تێکچوونی هاوسەنگی لەش و گۆڕانی ئاگایی.
  • کەمبوونەوەی کێش.
  • لە تەمەنی منداڵانیش دا ڕەنگە نیشانەی تایبەت دەربکەوێت وەکو تێکچوونی مینای ددان و دواکەوتنی گەشە و کێشە لە فێربوون و درککردن.

مەرج نیە ئەم نیشانانە بەیەکەوە دەربکەون و لەوانەیە نەخۆشەکە هەستی پێنەکات و بەمەش ناسینەوەی نەخۆشیەکە زەحمەت دەکات.

هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی گەنم

توێژینەوەکان هۆکاری تەواوەتی تووشبوون بەم نەخۆشیەیان نەدۆزیوەتەوە و هەندێک لەوان پەیوەستی دەکەن بە جین و هۆکاری بۆماوەییەوە وە لەوانەشە نەخۆشی دیکەی وەکو خۆییە بەرگرییە نەخۆشیەکانی (ڕۆماتیزم و نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم و هتد) پەیوەندیان هەبێت بە نەخۆشی گەنمەوە.

لێکەوتەکانی نەخۆشی گەنم

- شێرپەنجەی ڕیخۆڵەباریکە.
- تێکچوونی مینای ددان.
- بەدخۆراکی.
- نەخۆشیەکانی پەنکریاس.
- لاوازبوونی ئێسک.

ئەوەی وەکو چارەسەری نەخۆشیەکە دانراوە دەرمان نییە بەڵکو گۆڕینی سیستمی خۆراکە بەشێوەیەک خاڵی بێت لە گەنم بۆ نموونە ماسی و پاقلەمەنییەکان و گوێز.


سەرچاوەکان



2278 بینین