ماددەی هۆشبەر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-03-15:46:00 - کۆدی بابەت: 6491
ماددەی هۆشبەر

ناوه‌ڕۆك

ماددەی هۆشبەر چییە؟

ماددەی هۆشبەر کە پێشی دەوترێت دەرمانی هۆشبەر، بریتییە لەو ماددانەی کە ئەگەر بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست و بە ڕێگای هەڵە بەکاربێن دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە بەکارهێنەر یان کەسانی چواردەوری بەکارهێنەر، لە هەندێک بارودۆخدا کەسی ئالوودەبوو لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەردا تاوان ئەنجام دەدات یاخود ڕەوشتی ناکۆمەڵایەتی دەنوێنێت، هەروەها کەسایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەریدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەکارهێنەر و دەوروبەری هەیە، بەکارھێنانی ماددەی هۆشبەر بەکارهێنەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەکات.

ئالوودەبوون لە رێگای دەرمانی ئازارشکێنەوە

ئالوودەبوون بە دەرمانی ئازارشکێنەوە هەندێکجار ڕوودەدات کاتێک کەسێک تووشی برینێک یان ڕووداوێک دەبێت و چارەسەری بۆ دەکرێت، کەسی نەخۆش لەژێرچاودێری پزیشکدا دەرمانی ئازارشکێنی بۆ دەنوسرێت کە بڕێکی زۆر کەم لە ماددەی هۆشبەری تێدایە، هەندێکجار نەخۆش بەبێ مەبەست و بەبێ زانینی زیانەکانی بە خراپ بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بە تێپەڕبوونی کات هەست دەکات کە دەرمانە ئازارشکێنەکە وەک سەرەتا کاریگەری نەماوە لەسەری، ئەم هەستە وای لێدەکات کە بیەوێت ژەمی وەرگرتنی ئازارشکێنەکەی زیادبکات بەبێ چاودێری پزیشک، ئەمەش وا لە لەشی نەخۆشەکە دەکات کە ڕابێت بە وەرگرتنی ماددە بێهۆشکەرەکان، ئەم ڕاهاتنە دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە لەو ڕێژەیەی پزیشک بۆی دیاری کردووە زۆر زیاتر دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنێت تاکوو بگات بەو کاریگەرییەی یەکەمجار پێی گەیشتووە دوای وەرگرتنی دەرمانەکە، زیادکردنی ئەم ژەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش بەردەوام بێت لە وەرگرتنی دەرمانەکە و فیزیاییانە ئالوودەی دەرمانەکە ببێت، هەروەها هەستێکی ئاسایی دەبێت دوای وەرگرتنی دەرمانەکە، ئەم ئالوودەبوونە فیزیاییە دەبێتە هۆی زیادبوونی هاندانی لەشی بەرکاهێنەر بۆ بەردەوام بوون لەبەکارهێنانی دەرمانەکە و دەرکەوتنی کاریگەری خراپ لەسەر بەکارهێنەر، کاتێک کەسێک ئالوودەی دەرمانێک دەبێت هەڵسوکەوتی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نامێنێت و تەندروستی دەروونی و فیزیایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئالوودەبوون جیاوازە لە زیادبوونی حەزی کەسێک بۆ بەکارهێنانی دەرمانێک، ئالوودەبوون نەخۆشییەکی دەمارییە کە کەسی تووشبوو ناتوانێت دەستبەرداری ئەو دەرمانە ببێت کە پێوەی ئالوودەبووە تەنانەت ئەگەر ئازاریشی بدات، تەنانەت هەندێک کات کەسی ئالوودەبوو هیوای ئەوە دەخوازێت بتوانێت واز بهێنێت بەڵام ناتوانێت و پێویستی بە چاودێری پزیشکە تاکوو بە تەواوی دەست بەرداری بەکارهێنانی دەرمانەکە ببێت.

کاریگەرییە خراپەکانی ماددەی هۆشبەر

کاریگەری ماددەی هۆشبەر لەسەر تەندروستی مرۆڤ پشت دەبەستێت بە جۆری ماددەکە و شێوازی بەکارھێنان و جۆری ئەو ماددانەی دیکە کە لەگەڵ ماددە بێهۆشکەرەکەدا بەکاردێت، هەروەها تەندروستی گشتی کەسی بەکارهێنەر.

کاریگەری کورتخایەن

دەرمانەکان ماددەی کیمیایین کار لە لەش و مێشک دەکەن، کاریگەری دیاریکراو لە ماددەیەک بۆ ماددەیەکی دیکە دەگۆڕێت و پشت دەبەستێت بە جۆری ماددەکە، بارودۆخی بەکارهێنەر و شێوازی بەکارهێنان، بەکارهێنانی هەر ماددەیەک بۆ ماوەیەکی کورت یاخود بە پێی ڕەچەتەی پزیشک بێت کاریگەری کورتخایەن دەخاتە سەر لەشی بەکارھێنەر، بۆ نموونە بەکارهێنانی یەک یان دوو پێک لە خواردنەوە کحولییەکان دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی کەم، کەسی بەکارهێنەر لەوانەیە هەست بە ئارامی و خەواڵووی بکات، هەروەها بەرهەمەکانی نیکۆتین و توباکۆ پەستانی خوێن بەرزدەکەنەوە و دەبنە هۆی خەوزڕان، بە خراپی بەکارهێنانی دەرمان یاخود ماددەیەک چەند کاریگەرییەکی دیکەی خراپی هەیە بۆ مرۆڤ کە ئەمانەن:

  • نەمانی ئارەزووی خواردن.
  • کەمخەوی و خەوزڕان.
  • زیادبوونی لێدانی دڵ.
  • ناڕێکی قسەکردن.
  • گۆڕانی توانای مێشک.
  • دروستبوونی هەستی بەختەوەری کاتی.
  • نەمانی هاوسەنگی لەش.

ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر جگە لە کاریگەرییە تەندروستی و جەستەییەکانی کاردەکاتە سەر ژیانی تایبەتی بەکارھێنەریش بۆ نموونە:

  • تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری.
  • شکست هێنان لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانەی بە ڕێک و پێکی.
  • بەکارهێنەر هاوسەنگی کەسایەتی بە قورسی بۆ ڕادەگیرێت.
  • پێستی تێکدەچێت و کێشی کەم دەکات.
  • نابەرپرسیارییەتی و نواندنی ڕەوشتی نائاسایی.
  • نەمانی سەرنج و بیروهۆش.

کاریگەری درێژخایەن

ماددەی هۆشبەر دەتوانێت کاریگەری درێژخایەن بخاتەسەر جەستەی مرۆڤ بەتایبەت کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاربێت، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ ماوەیەکی درێژ دەتوانێت گۆڕانکاری لە پێکهاتە و فەرمانی مێشکدا بکات و چەند کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەروونی بخاتە سەر مێشکی بەکارهێنەر وەک:

  • بێزاری.
  • نیگەرانی.
  • تێکچوونی هاوسەنگی لەش.
  • وڕێنەکردن.
  • کاریگەری دەخاتە سەر بیرەوەری مرۆڤ و توانای فێربوون و سەرنجدانی.

جگە لە کاریگەری دەروونی ماددەی هۆشبەر دەتوانێت کاریگەری بخاتەسەر تەندروستی مرۆڤ بەتایبەت کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاربێت:

  • مەترسی تووشبوون نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات

ماددە هۆشبەرەکانی وەک کۆکایین و کریستاڵ کە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە مێسامفێتامین (methamphetamine)، دەتوانن دڵ و دەمارەکانی خوێن تێکبشکێنن و بەکارهێنانی ئەم ماددانە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، ناڕێکی لێدانی دڵ و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵ زیاد دەکات.

  • کێشە لە کۆئەندامی هەناسەداندا دروست دەکات

ئەو ماددانەی کە دەکێشرێن یاخود هەڵدەمژرێن دەتوانن ببنە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن و ژەهراویبوونی کۆئەندامی هەناسەدان، بۆ نموونە دەرمانی ئۆوپیۆید (Opioids) کە هێرۆیینی تێدایە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هەناسەدان بە لکانی بە هەستە ئەندامە تایبەتییەکان لە ناوەندە کۆئەندامی دەمار کە بەرپرسە لە ڕێکی هەناسەدان، کەسی وەرگر لەوانەیە بە تەواوی لە هەناسەدان بوەستێت ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر ژەمی ئەم دەرمانە وەربگرێت یاخود ماددەکانی تری وەک خەولێخەرەکان و ماددە کحولییەکان وەربگرێت.

  • زیانگەیاندن بە گورچیلەکان

کاری گورچیلە پاڵاوتنی کانزاکان و ماددەی نەخوازراوە لە خوێن، هێرۆیین و کیتامین و مارووانا دەتوانن ببن بە هۆکاری زیانگەیاندن و لەکارکەوتنی گورچیلەکان.

  • نەخۆشی جگەر

ماددە هۆشبەرەکان و ماددە کحولییەکان دەتوانن زیان بە خانەکانی جگەر بگەیەنن، ببن بە هۆکاری هەوکردنی جگەر و لەکارکەوتنی.

جۆرە باوەکانی ماددەی هۆشبەر

- تلیاک (Opium): تلیاک یان فرمێسکی خەشخاش بریتییە لە شیری بەری ڕووەکی خەشخاش، نزیکەی ١٢٪ تلیاک پێکدێت لە ماددەی خەوهێنەری نیمچە تفتی مۆرفین، کە زۆربەی جار بە پڕۆسەی کیمیاییدا تێپەڕدەکرێت و هێرۆیین و هەندێک دەرمانی تری قەدەغەکراوی لێ دروست دەکرێت.

- حەشیش (Hashish): دەرمانێکە بە پەستان خستنەسەر و تێپەڕکردنی ئەو بەشە دەزوولەییانەی کە لە موو دەچن و لەسەر بەری ڕووەکی حەشیشن بە چەند پرۆسەیەکی جیاوازدا بەرهەم دەهێنرێت، وەرگرتنی ئەم ماددە هۆشبەرە لە ڕێگەی کێشانەوە دەبێت.

- ماریجوانا (Marijuana): ماددەی هۆشبەری ماریوانا لە هەمان ئەو ڕووەکە دروست دەکرێت کە حەشیشی لێ دروست دەکرێت کە بریتییە لە ڕووەکی حەشیش، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنانەکەی جیاوازە لە حەشیش، لەدوای توباکۆ و ماددە کحولییەکان مارووانا بەربڵاوترین جۆری ماددەی هۆشبەرە کە بەکاردێت.

- کریستاڵ (Methamphetamine): ناوە زانستییەکەی بریتییە لە مێسامفێتامین (Methamphetamine)، ماددەیەکی هۆشبەرە و هاندەرێکی بەهێزە کە کەسی بەکارهێنەر بە زووی ئالوودەی دەبێت و کاردەکاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار، کریستاڵی مێسامفێتامین پێکهاتەیەکی شوشەیی هەیە ڕەنگی ئاوی یاخود شینێکی بریقەدارە.

- کۆکایین (Cocaine): ماددەیەکی بەهێزی هاندەری کیمیاییە لە گەڵای درەختی کۆکا دروست دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی وەک تۆزێکی سپی یاخود کریستاڵی دەردەکەوێت و تامێکی تاڵی هەیە، ڕەنگە سپییەکەی لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ ڕێگەپێدانی پزیشک نایاسایییە و ڕێگەپێنەدراوە.

- هێرۆیین (Heroin): هێرۆیین ماددەیەکی هۆشبەرە لە مۆرفینەوە دروست دەکرێت کە ماددەیەکی سروشتییە و لە بەری ڕووەکی خەشخاشەوە بەرهەم دەهێنرێت، زۆرجار بە شێوەی تۆزێکی ڕەنگ سپی یان قاوەییە یاخود لکێنەرێکی ڕەنگ ڕەشە کە بە هێرۆیینی ڕەشی قەتران ناسراوە.


سەرچاوەکان



17440 بینین