نەخۆشی فێ

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-04-15:51:00 - کۆدی بابەت: 6500
نەخۆشی فێ

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی فێ

فێ تێکچوونێکی ناوەندە کۆئەندامی دەمارە کە مێشک تێیدا چالاکییەکی نائاسایی دەبێت کە دەبێتە هۆی نۆرەکردن یان ماوەیەک هەڵسوکەوتی نائاسایی و هەندێک جاریش بورانەوە، دەکرێت هەرکەسێک و لە هەر تەمەن و ڕەگەز و نەژادێکدا توشی فێ ببێت بەڵام نیشانەکانی نۆرە فێ جیاوازن و لە هەندێک کەسدا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک دەوەستن و لە هەندێکی تردا دەبێتە هۆی گرژبوونی بەردەوام لە پەلەکاندا، ڕوودانی یەک نۆرە فێش واتای توشبوونی کەسەکە نییە بە نەخۆشی فێ چونکە بۆ ئەو دەستنیشانکارییە بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە دوو نۆرەیە، دەکرێت فێ کار لە هەریەک لە ئەرکەکانی مێشک بکات و یەکێکیشیان دەکرێت تێکەڵکردنی کاتی و تێڕوانینی بەردەوام و کۆمەڵێک گرژبوونی کۆنترۆڵ نەکراو لە قۆڵ و لاقەکاندا، بێهۆشبوون و نیشانەی دەروونی وەکوو دیجاڤو، بەڵام بە زۆری نۆرە فێیەکان لە یەک کەسدا هەمان جۆرە. 

فریاگوزارییە سەرەتاییەکانی نەخۆشی فێ

ئامانجی ئەم فریاگوزارییانە پاراستنی تەندروستی کەسەکەیە تاکوو بە شێوەیەکی خۆییانە نۆرەکە تەواو دەبێت، زۆربەی نۆرەکانیش لە ٣٠ چرکە بۆ ٢ خولەکدا کۆتایی دێت، لە گرنگترین ئامۆژگارییەکانیش بۆ کاتی ڕوودانی نۆرە فێ بریتین لە:

- پارێزگاری لە ئارامی و دڵنیاکردنەوەی بۆری هەناسە.
- لابردنی ئەو شتانەی بەدەوری ملی کەسەکەوەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەناسەتەنگی وەکوو خشڵ و جلوبەرگ و بۆینباخ.
- هەوڵنەدان بۆ جێگیرکردنی کەسەکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئازار پێگەیشتنی.
- دانەنای شتە جیاوازەکان لە دەمدا و هەوڵەندان بۆ گرتنی زمان یان کردنەوەی دەم.
- لابردنی شتەکانی دەوروپشتی کەسەکە کە ڕەنگە ببنە هۆی زیان پێگەیاندنی.
- دانانی سەرینێکی نەرم و تەنک لە ژێر سەری کەسەکە.
- پاش تەواوبوونی نۆرەکە پێویستە کەسەکە لەسەر لا پاڵ بخرێت بۆ ئاسانکاری کردەی هەناسەدان و هێشتنەوەی رێڕەوەکانی هەوا بە کراوەیی.
- جێنەهێشتنی نەخۆشەکە بە تەنها پاش نۆرەکە چونکە ڕەنگە هەست بە شڵەژاوی و پەشۆکان بکات.
- پێویستە داوای یارمەتیدانی پزیشکی بکرێت لە ئەگەری بەردەوام بوونی نۆرەکە بۆ زیاتر لە ٥ خولەک، یان دووبارەبوونەوەی نۆرەکە پاش ماوەیەکی کورت لە نۆرەی یەکەم، یان نەگەڕانەوەی کەسەکە بۆ هۆشی خۆی پاش نۆرەی یەکەم، یان لە ئەگەری زانینی ئەوەی کەسەکە نەخۆشی تری لەگەڵە وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ.

هەڵبژاردەکانی چارەسەری نەخۆشی فێ

زۆربەی نەخۆشان دەکرێت کۆنترۆڵی ڕوودانی فێ و دووبارەبوونەوەی بکەن لە ڕێگەی پلانێکی چارەسەر کە پشت دەبەستێت بە توندی نیشانەکان و دووبارەبوونەوەی ڕوودانەکانی فێ و تەندروستی کەسەکە و وەڵامدانەوەی چارەسەر، لە هەڵبژاردە چارەسەرییەکانیش:

- دەرمانی دژە فێ: ئەم دەرمانانە دەکرێت ژمارەی فێیەکان کەم بکەنەوە یان لای هەندێک هەر نەیهێڵن بە تەواوەتی لەڕێگەی دەرمانەوە، بۆ باشترین وەڵامدانەوەش پێویست بە پابەندبوونی تەواوەتی دەکات بە شێوازی پێشنیارکراوی دەرمانەکە.
- هاندەری دەماری ئاوارە (vagus nerve): ئەمەیان ئامێرێکە بە نەشتەرگەری لەژێر پێستی سنگدا دادەنرێت و هانی دەماری سێگەدە (ئاوارە) دەدات بە کارەبایی  کە یارمەتیدەرە لە ڕێگری لە ڕوودانی نۆرە فێ.
- سیستمی خۆراکی کیتۆنی: زۆربەی ئەو نەخۆشانەی وەڵامیان نییە بۆ چارەسەر بە دەرمان دەکرێت سوود وەرگرن لە سیستمی خۆراکی کیتۆنی کە پێکهاتووە لە چەوری بەرز و کاربۆهیدراتی نزم و کەم.
- نەشتەرگەری مێشک: کە دەکرێت ئەو بەشەی مێشک لاببرێت کە بەرپرسە لەو چالاکییە کارەباییەی دەبێتە هۆی ڕوودانی فێ.


سەرچاوەکان



1558 بینین