شۆردنی گەدە 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2022-06-23-18:27:00 - کۆدی بابەت: 6509
شۆردنی گەدە 

ناوه‌ڕۆك

شۆردنی گەدە چییە؟

، شۆردنی گەدە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ماددە ژەهراوییەکان لەسەر جەستە و دەرکردنی زۆرترین بڕی ئەو ماددانە، دواتریش و پاش کۆتایی هاتنی کردەکە ڕەژووی چالاککەریان پێ دەدرێت، ئەم کردەیە چەندین لایەنی نەرێنی هەیە، وەکوو ئەگەری کونکردنی سورێنچک و تێکچوونی هاوسەنگی کارەبایی جەستە وێڕای دابەزینی پلەی گەرمی جەستە.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی شۆردنی گەدە

شۆردنی گەدە بە یەکێک لەو کردە گرنگانە دادەنرێت، کە پێویستە بۆ پارێزگاری لە تەندروستی مرۆڤ لە ئەو ماددە ژەهراوییانەی کە بە شێوەی خۆویستانە یان بێئاگایانە توشی بووە، بۆ ئەم کردەیەش وەکوو هەموو کردارەکانی تر ڕێگە و پێویستی خۆی هەیە بۆ ئەنجامدان، لەو پێویستییانەش کە شۆردنی گەدەی بۆ ئەنجام دەدرێت بریتیین لە:

  1. ژەهراوی بوون بەشێوەیەکی خۆویست یان خۆنەویستانە.
  2. قوتدانی بڕێکی ناژەهراوی یان کەم لە ماددە ژەهراوییەکان.
  3. قوتدانی تفتە بەهێزەکان.
  4. قوتدانی هایدرۆکاربۆنەکان.

شۆردنی گەدە یەکێکە لە کردە هەراسانکەرەکان و ڕەنگە چەندین کاریگەریی لاوەکی هەبێت وەکوو ئازاری سنگ و خیزە و کۆکەی بەڵغەماوی و شینبوونەوەی ڕەنگی پێست و تا، هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی تر وەکوو کەشەنگبوونی دەنگە ژێیەکان و خوێنبەربوون و چوونە ژوورەوەی سۆندەکە بۆ رێڕەوی هەوا لەجێی چوونە ناو سورێنچک، توشبوونی سورێنچک بە زیان بەهۆی سۆندەیەکەوە.

ئامادەکاری

کاتێک بە مەبەستی خۆکوشتن کومەڵێک دەرمان دەخۆیت یاخود هەر ماددەیەکی تری کیمیایی، بەخێرایی سەردانی پزیشک بکە و مەهێڵە چەند کاتژمێرێکی بەسەردا تێ بپەڕێت. پزیشک بڕیار دەدات بەپێی بڕی ئەو ماددەیەی کە خووراوە و ئەگەر بڕەکەی زۆر بێت، دەست دەکات بە شۆردنی گەدە.

پێداویستییەکان

  • سۆندەیەکی گەدە بە قەبارەی گونجاو بۆ کەسەکە 
  • بیستۆکی پزیشکی
  • سرنجی تایبەت بە شۆردنی گەدە
  • خۆراکپێدەری نۆڕماڵ سەلاین 
  • سۆندەی خۆراکپێدەر 
  • کیسەی بەتاڵکردنەوە
  • جێڵی لیدۆکایین 
  • پلاستەر
  • دەستکێش

شێوازی شۆردنی گەدە 

سەرەتا دەست دەکرێت بە دانانی سۆندەی گەدە لەڕێگەی لووتەوە بۆ نەخۆشەکە، دانانەکەی نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ چرکەی پێ دەچێت و دەکرێت کەمێک یاخود زۆر ئازاری هەبێت، سەرەتا نەخۆشەکە دەبێت دابنیشێت، پاشان ئەم چەند هەنگاوە جێبەجێ دەکرێت:

  1. ئەو پزیشکە یاخود پەرستارەی کە سۆندەکە دادەنێت دەبێت بەباشی دەستی بشوات.
  2. پاشان دەستکێشی پاک لەدەست بکات.
  3. سۆندەکە لە پاکەتەکەی دەربهێنێت و هەوڵبدات لە کاتی دەرهێنانیدا دەستی لێ نەدات. 
  4. دواتر لەلای گوێی کەسەکەوە تاکوو سەر گەدەی ئەندازەی سۆندەکە بگرێت، بەجۆرێک سەری سۆندەکە لەسەر لووتی نەخۆشەکە دابنێت
  5. پاشان بیبات بۆ لای گوێی و پاشان پێنج سانتیم بۆ خوارەوە بۆ سەر بەشی خوارەوەی کۆڵەی سنگ دایبنێت، بەمەش درێژییەکەی چەند دەرچوو تەنها دەبێت ئەوەندە بنێردرێتە ناو جەستەی نەخۆشەکە.
  6. پاشان جێڵی لیدۆکاین بدە لەسەری سۆندەکە و ئینجا لە ڕێگەی لووتی کەسەکەوە پاڵی پێوە بنێ بەرەو گەدەی، و دەبێت نەخۆشەکە هاوکار بێت و کاتێک دەگاتە قوڕگی قووتی بدات.
  7. ئەگەر نەخۆشەگە هۆشی هەبێت و بتوانێت دەبێت دابنیشێت، پێی بڵێ: "کاتێک سۆندەکە دادەنێم پێویستە هەستی ڕشانەوەت کۆنتڕۆڵ بکەیت. هەروەها کاتێک سۆندەکە چووە قوڕگتەوە قووتی بدە"، ئەگەر نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دڵتێکچوون و ڕشانەوە بکات باشترە لەوکاتەدا کە سۆندەکەی بۆ دادەنرێت بە قەسەب پەرداخێک ئاو بخواتەوە.
  8. بەڵام ئەگەر بێ‌هۆش بوو ئەوا بە پاڵکەوتنەوە بۆی دادەنرێت و کاتێک سۆندەکە خەریکە دەگاتە قوڕگی سەری بەرز بکەرەوە تاکوو بڕوات. 
  9. پاشان کە دڵنیابوویتەوە لەوەی سۆندەکە لە گەدەی نەخۆشەکەدایە بەشی دەرەوەی بە پلاستەرێک جێگیر دەکەیت، بەشێوەیەک لێ نەبێتەوە و ڕێڕەوی هەناسەدانی نەخۆشەکەش نەگرێت.
  10. دەتوانرێت لە ڕێگەی بیستۆکی پزیشکییەوە دڵنیاببیتەوە لەوەی کە سۆندەکە لە گەدەدایە، بە سرنجێک ٥٠ میلیلیتر هەوا دەکرێتە ناو سۆندەکەوە بەخێرایی و کەسێکیش بیستۆکە پزیشکییەکە لەسەر گەدەی نەخۆشەکە دادەنێت و ئەگەر هەواکە بگاتە گەدە ئەوا دەیبیستێت و دەنگەکەی لە شێوەی بڵقێکە، بەو واتایە دێت کە سۆندەکە لە گەدەدایە.

چۆنییەتی ئەنجامدانی شۆردنی گەدە 

بەزۆری کرداری شۆردنی گەدە بە شێوەیەکی لەناکاو و پاش خواردنی ماددەی ژەهراوی یان زیادەڕەوی لە خواردنی دەرمان بەبێ ئامادەکاری پێشوەخت ئەنجام دەدرێت، هەنگاوەکانیشی بریتین لە:

  1. سەرەتا بە سڕکردنی قوڕگی نەخۆش دەستپێدەکات بۆ کەمکردنەوەی هەراسان بوونی نەخۆشەکە.
  2. دواتر و پاش سڕکردنەکە سۆندەی گەدەی بۆ دادەنرێت.
  3. ڕەنگە پزیشک لەپێناو ڕێگریکردن لە تێکچوونی هاوسەنگی ئیلیکترۆلایتەکان لەکاتی تێکەڵبوونی شلەکانی گەدەدا، پێش دەستکردن بە نەشتەرگەرییەکە هەندێک ئاو یان خۆراکپێدەر بکات بەسەر سۆندەکەدا.
  4. لەرێگەی سۆندەکەوە پزیشک پێکهاتەکانی ناو گەدە بەتاڵ دەکاتەوە و ماددە ژەهراوییەکان دەردەهێنێت.
  5. دەکرێت بۆ ماوەیەک سۆندەکە جێبهێڵرێت و گیراوەی خۆراکپێدەر بدرێت بە نەخۆش.
  6. دەکرێت کرداری شۆردنی گەدە یەکێک لە کردارە هەراسانکەرەکان بێت و نەخۆش لەکاتی ڕەوانەکردنی سۆندەکەدا بیەوێت بڕشێتەوە و ئەمەش هەستێکی ئاساییە.
  7. دەکرێت شۆردنی گەدە لە ڕێگەی ئەو سۆندەیە بچووکەوە چەندین مەترسی هەبێت، گرنگترینی ئەو مەترسییانەش هەوکردنی سییەکانە.

ڕێنمایی لە کاتی شۆردنی گەدەدا

  • دەبێت بە ئارامی سۆندەکە بخرێتە گەرووی نەخۆشەکەوە و پاڵ بنرێت، دووربکەرەوە لە پاڵنانی توند و پەستان خستنە سەری.
  • نەخۆشەکە دەبێت نیوە دانیشتوو بێت و سەری بۆ پێشەوە بنووشتێنێتەوە.
  • نەهێڵیت نەخۆشەکە خەوی لێ بکەوێت تاکوو پڕۆسەی دانانی سۆندەکە تەواو دەکەیت.

چاودێری دوای شۆردنی گەدە

دوای شۆردنی گەدە دەبێت نەخۆشەکە بڕێکی باش ئاو بخواتەوە، بەڵام دەبێت بە کەمی و وردە وردە ئاوی پێ بدرێت تاکوو بڕێکی باش وەردەگرێت. هەروەها دووربکەوەرەوە لە خواردنی چەور و ئەو خواردنانەی درەنگ هەرس دەکرێن، واباشە لە ئاوی میوەی سروشتی و شۆربا و سووپەوە دەست پێ بکەیت.


سەرچاوەکان



1105 بینین