ئازاری مل

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-12-23:33:00 - کۆدی بابەت: 6564
ئازاری مل

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی مل و ئازاری مل

مل لە بڕبڕە پێکهاتووە کە لە کەللەی سەرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەشی سەرەوەی ناوقەدی مرۆڤ، دیسکە گەردنییەکان (پەپکە)
ئەو بەشەیە کە دەکەوێتە نێوان ئێسکەکانی بڕبڕەی مل و لە ماددەیەکی شێوە جەلاتینی پێکهاتووە و یارمەتی جووڵەی مل دەدات و جێگیری دەکات، ئێسکەکان و بەستەری نێوان ئێسکەکان و ماسولکەی مل پاڵپشتی سەری مرۆڤ دەکەن و یارمەتی جووڵەی دەدەن، هەر ناڕێکی و هەوکردن و زیانێک لەمانەدا دەبێت بە هۆی ئازاری مل و ڕەقبوونی مل، هەندێک کەس جاروبار ئەزموونی ئازاری مل و ڕەقبوونی مل دەکەن، زۆربەی جار ئەم ئازارە بە هۆی ناڕێک وەستاندنی مل و زۆر بەکارهێنانی مل بە یەک شێوازی وەستان بۆ ماوەیەکی درێژ دروست دەبێت، هەندێک جاریش ئازاری مل بەهۆی زیانپێکەوتنی لە کەوتنێکەوە یان هەندێک جۆری وەرزشەوە دروست دەبێت، زۆربەی جارەکان ئازاری مل نەخۆشییەکی ترسناک نییە و بە چەند ڕۆژێکی کەم چاک دەبێت، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا ئازاری مل نیشانەیە بۆ زیانپێکەوتن یاخود نەخۆشی و پێویستی بە بینینی پزیشکە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئەم ئازارە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بێت.

نیشانەکان

  • ئازارێک کە زۆرجار خراپتر دەبێت بە وەستاندنی مل لەیەک شوێن و بەیەک شێواز بۆ ماوەیەکی درێژ، وەک شۆفێریکردن و کارکردن  لەسەر کۆمپیوتەر.
  • گرژبوونی ماسولکەی مل.
  • کەمبوونەوەی توانای جووڵاندنی سەر.
  • سەرئێشە.

هۆکارەکانی ئازاری مل

گرژبوونی ماسولکەکان

ئەم جۆرەی ئازاری مل بەهۆی چالاکی و کرداری وەک:

  • وەستانی ناڕێک.
  • کارکردن لەسەر مێز بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بەبێ گۆڕینی شێوازی وەستان.
  • خەوتن لە کاتێکدا ملت بە شێوەیەکی ناڕێک و لە شوێنێکی نەگونجاودایە.
  • تەقاندنی مل لە کاتی ڕاهێنانکردندا.

زیانپێکەوتن

مل بەرگری کەمە بۆ زیانپێکەوتن، واتە بە زووی زیانی پێدەگات بەتایبەت لەکاتی کەوتن، ڕووداوی ئۆتۆمۆبیل، وەرزشکردن، یاخود لە هەرکاتێکدا کە ماسولکە و بەستەری نێوان ئێسکەکانی مل پەستانیان بخرێتەسەر بۆ ئەوەی بجووڵێن بە ئاڕاستەی دوور لە مەودا ئاساییەکەی جووڵەکەیان، ئەگەر ئێسکەکانی مل تووشی شکان بوون ئەوکات دڕکەپەتکیش تووشی زیان دەبێت، زیانپێکەوتنی مل بەهۆی تەقاندنی لەناکاو پێی دەوترێت ویپڵاش.

جەڵتەی دڵ

ئازاری مل نیشانەیەکە بۆ نەخۆشی جەڵتەی دڵ، بەڵام لەگەڵ بوونی چەند نیشانەیەکی دیکە ئاماژەیە بۆ جەڵتەی دڵ کە ئەمانەن:

  • کورتی هەناسەدان.
  • ئارەقکردنەوە.
  • سەرسووڕان.
  • ڕشانەوە
  • ئازاری قۆڵ یان شەویلگە.

بوونی ئەم نیشانانە لەگەڵ ئازاری ملدا پێویستی بە سەردانیکردنی خێرای پزیشکە.

هەوکردنی پەردەکانی مێشک

هەوکردنی پەردەکانی مێشک جۆرێکی هەوکردنە تووشی ئەو شانە تەنکانە دەبێت کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، ئەو کەسانەی هەوکردنی پەردەی مێشکیان هەیە تووشی تا و سەرئێشە و رەقبوونی مل دەبن.

چارەسەرکردنی ئازاری مل لە ماڵەوە

  • بۆ چەند ڕۆژێکی سەرەتا سەهۆڵ بخرێتە سەر شوێنی ئازارەکەی مل، ڕۆژانی دواتر شتێکی گەرمی وەک پەڕۆیەکی گەرم بخرێتەسەری یان خۆشۆردن بە ئاوی گەرم سوودبەخش دەبێت.
  • خواردنی دەرمانی ئازارشکێنی وەک ئیبۆپڕۆفین (ibuprofen) یان ئەسیتامینۆفین (acetaminophen).
  • بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دوورکەوتنەوە لەو وەرزش و چالاکییانەی کە ئازاری مل خراپتر دەکات.
  • کاتێک توشبوو دەگەڕێتەوە سەر چالاکی ئاسایی ڕۆژانە، دەبێت بە هێواشی هەڵسوکەوت بکات تاکوو ئازارەکەی کەم دەکات.
  • ڕۆژانە ڕاهێنانکردن بە مل بەم شێوەیە، جووڵاندنی مل بەشێوەیەکی هێواش و فراوان لە ڕاستەوە بۆ چەپ و لە سەرەوە بۆ خوارەوە و بە پێچەوانەوە.
  • وەستاندنی مل بەشێویەکی گونجاو.
  • توشبوو دووربێت لە وەستاندنی مۆبایل لە نێوان شان و ملیدا.
  • نابێت بۆ ماوەیەکی درێژ ملی بەیەک شێواز ڕابگرێت بەڵکو دەبێت زوو زوو شێوازی وەستانی بگۆڕێت.
  • بە هێواشی مەساجکردن بە مل.
  • بەکارهێنانی سەرینێکی تایبەت و گونجاو بۆ نووستن.
  • نابێت بەبێ ڕێنمایی پزیشک قایشی مل بەکاربێت، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو بەکارنەیەت دەبێتە هۆی خراپتربوونی ئازاری مل.


سەرچاوەکان



1552 بینین