ڕێوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-17-02:28:00 - کۆدی بابەت: 6600
ڕێوی

ناوه‌ڕۆك

ڕێوییەکان

ڕێوییەکان (بە ئینگلیزی fox)  لە هەمان تیرەی سەگەکانن، گۆشتخۆری مەمکدارن، بۆ خواردن هەردوو ڕووەک و گۆشتیش دەخۆن بە گوێرەی وەرز و نشینگەکانیان، جۆری زۆری هەیە، تەمەنیان لە سروشتدا دەگاتە نزیکەی ٨ ساڵ، لانەی ڕێوییەکان پێکهاتووە لە چەند ژوورێک بۆ نووستن و بێچوو بەخێوکردن و خۆراک هەڵگرتن، هەروەها دەرچەی زۆری هەیە بۆ ڕزگاربوون لە ئەگەری هەبوونی هێرشی ئاژەڵێکی دڕندە، لە ژینگەدا گرنگیەکی زۆری هەیە، کێڵگەکان ڕزگار دەکات لە دەرد و نەخۆشی، بەهۆی خواردنی مێرووەکانەوە و ڕێگری دەکات لە زۆربوونی ژمارەیان، هەروەها هاوکاری دەکات لە بڵاوکردنەوەی تۆوی ئەو ڕووەکانەی کە دەیخوات لە ناوچە جیاوازەکان، مرۆڤیش سوود دەبینێت لە فەرووەکەی، کە بە دووەم باشترین فەروو هەژمار دەکرێت. 

شێوەی دەرەوەی

لە شێوەی دەرەوەیاندا بە گوێرەی جۆرەکان وردەکارییەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی وەک سەگی قەبارە بچووک یان ناوەندی کلک ئەستوورن، جەستەیان ماسولکەییە و پەلەکانیان کورتە، کلکە ئەستوورەکەی کە هێندەی سێ یەکی جەستەی دەبێت هاوکاری دەکات لە پاراستنی هاوسەنگی، زۆر جاریش ڕەنگەکەی ڕەشە، کێشەکەی لە نێوان ٦٣٠ گم بۆ ١١ کگم دەبێت، هەروەها دەرکەوتووە بە ڕۆژدا رێوییەکان پشت بە هەستی بینین دەبەستن بۆ ڕاوکردن بەڵام بە شەودا هەستی بیستن بەکاردەهێنن، و لەبەر ئەوەی جیڕ و نیشتۆکن بۆیە توانای ژیانکردنیان لە زۆربەی نشینگەکان هەیە، وەک ئەمریکا و ئاسیا و ئەورووپا و باکووری ئەفریقا.

پەیوەندیکردن

زمانی جەستە هۆکارێکی پەیوەندیکردنە، بە جۆرێک کە شێوازی وەستانیان مانای دیاریکراوی هەیە، بۆ سڵاوکردنیش کلکیان دەجوڵێنن، هەروەها دەنگ هۆکارێکی دیکەی پەیوەندیکردنە، بەڵام بە گشتی ڕێوییەکان زۆربەی کاتەکان بێدەنگن، دەنگەکان بۆ پەیوەندیکردنە لەگەڵ ئاژەڵی دیکە یان ڕێوی دیکە کە بریتین لە کۆمەڵی دەنگی جیاواز، وەک (وەڕین، نرکاندن، لوورە و دەنگدانەوە)، ئەمانەش بۆ بانگکردنی دایک یان هەستکردن بە مەترسی و بینینی ڕاوچی یاخود بۆ بانگکردنی ڕەگەزی بەرامبەر لە وەرزی زۆربووندا، ڕێگەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن بۆنکردنە، بۆ دیاریکردنی نشینگە تایبەتەکەی بەکاریدەهنێت، وەک بۆنی ( میز، پیسایی، بۆنی کلکی و پێیەکانی و لیکەکەی).

یەکگرتن و زۆربوون

باوەڕ وایە کە ڕێوییەکان تەنها لەگەڵ یەک ڕێوی یەکگرتن دەکەن، چونکە هەمیشە پێکەوەن لە وەرزی زۆربووندا، بەڵام جۆرێکی دیاریکراو هەیە کە نێرینەکان لەگەڵ زیاتر لە یەک مێینە یەکگرتن ئەنجام دەدات، ماوەی سکپڕی ٥٢ ڕۆژ دەخایەنێت، بە دوایدا بە یەکجار ٤ یان ٥ بێچوو لەدایکدەبێت، هەموویان نابینان و نابیستن، پێوسیتیان بە مانەوە هەیە لە لای دایکەکەیان بۆ ماوەی ٢-٣ هەفتە، دایکەکە تەنها مانگی یەکەم شیر دەدات بە بێچووەکان، لە ئەم ماوەدا باوکەکە خۆراک دەهێنێتەوە بۆ لانەکەی، دواتر قۆناغی پشت بەخۆبەستن دەستپێدەکات.      

جۆرەکانی ڕێوییەکان

شەش جۆری لەناوچووی بە هۆی بەبەردبووەکانەوە ناسراوەتەوە، و بە چەند شێوازێک جۆرەکانی پۆلێندەکرێت، باوترین شێوازیش دابەشکردنیانە بۆ ١٢ جۆری سەرەکی بەم شێوەیە:

  • ڕێوی جەمسەری: پێی دەوترێت ڕێوی بەفریش، کە لە نیوە گۆی باکووری زەوی دەژی، بە زستاندا ڕەنگی فەرووەکەی سپییە، بەڵام بەهاویندا دەبێتە ڕەساسیەکی قاوەیی باو.
  • ڕێوی سوور: گەورەترین و بڵاوترین گۆشتخۆرە لە نێو ڕێوییەکاندا، دەتوانێت لە زۆرترین ژینگەی جیاوازدا بژی.
  • ڕێوی بنگالی: تەنها لە هیندستان دەژی بۆیە ڕێوی هیندیشی پێدەوترێت، لە هیمالایا زۆر بڵاون، چونکە ناوچەی سەوزی بەلاوە پەسەندە.
  • ڕێوی ڕووبل: لە بیابان و دەوەنەکان و بەردەڵانەکاندا دەژین، خاڵی جیاکەرەوەی لەگەڵ جۆرەکانی دیکە، هەبوونی نیشانەی ڕەساسییە لەسەر ڕوخساری.
  • ڕێوی کوورتە باڵا: لە ناوچە بەرزەکاندا دەژی، کۆمەڵیک ڕەنگی جیاوازی هەیە.
  • ڕێوی خێرا: لە لەوەڕگاکاندا باون چونکە حەزیان لە ناوچەی گژ و گیای کورت و ناوەندە، ئەو ناوچانەی کە خەڵکی کەمی لێیە.
  • ڕێوی تبت: لە نێو چاڵ و بەردەکاندا دەژی.
  • ڕێوی دەشتەکی: لە بیابان و دەشتەکانی ناوەڕاستی ئاسیا دەژی، حەز بە جێگەکانی تر ناکات، و قەبارەشی ناوەندە.
  • ڕێوی پشت زیوی: ئەم جۆرە تەنها بە شەودا دەچێت بۆ گەڕان بە دوای خۆراکدا.
  • ڕێوی ئەفغانی: لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەژی، ڕەنگێکی تۆخی هەیە، هەندێک جار خاڵدارە.
  • ڕێوی کاڵ: لە کەناراوەکانی ئەفریقا دەژی، ئەم جۆرە دەگمەنە بۆیە زانیاری تەواو نییە دەربارەی پێکهاتەکەی و نشینگە و شێوازی ژیانکردنی.
  • ڕێوی فینیک: لە زۆربەی ناوچەکانی ئاسیا و ئەفریقا دەژی، جیادەکرێتەوە بە گوێیە گەورەکانی و کلکە ڕەشەکەی لەگەڵ فەرووە ئەستورەکەی.


سەرچاوەکان



2357 بینین