سلۆڤینیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-23-16:17:00 - کۆدی بابەت: 6685
سلۆڤینیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی سلۆڤینیا

وڵاتی سلۆڤینیا (بە ئینگلیزی: Slovenia) یەکێکە لە وڵاتانی هەڵکەوتەی کیشوەری ئەورووپا و سەر بە وڵاتانی هەرێمی بەڵکانە، وڵاتەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەورووپا و لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی نەمسادا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتی هەنگاریادا، وڵاتی کرواتیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە سنووری هاوبەشی هەیە و هەرچی وڵاتی ئیتاڵیاشە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم نیشتیمانەوە، دەریای ئەدریاتیک لە باشووری ڕۆژئاوای سلۆڤینیا هەڵکەوتووە، سرووشتی جوگرافی وڵاتەکە شاخاویی و دارستانە و ڕووبەرەکەی ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، زیاتر لە ٢ میلیۆن کەسی لێ دەژی و نزیکەی ٥٠٠ هەزاریان لە پایتەختی وڵاتەکەدان، شاری لیوبلیانا گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە، زمانی فەرمی وڵات سلۆڤینییە و نەتەوە و ڕەگەزی سلۆڤینییەکان زۆرترینن لە وڵاتەکەی خۆیاندا و دوای ئەوانیش چەندین کەمەنەتەوەی تری لێ دەژی کە سڕبییەکان زۆرترین ڕێژەیان پێکدێنن.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات سلۆڤینیا
پایتەخت لیوبلیانا
زمانی فەرمی سلۆڤینی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٣ سلۆڤینی
  • ٪٢ سڕبی
  • ٪١.٨ کرواتی، بۆسنەیی
  • ٪٠.٤ ڕۆمانی
  • ٪١١ نەتەوەکانی تر
ئایین
  • ٪٧٨ مەسیحی
  • ٪١٨ بێ ئایین
  • ٪٤ ئایینەکانی تر
ویلایەتی سلۆڤینیا و سڕبیا و کرواتیا ١٩١٨
بەشێک لە یوگسلاڤیا ١٩٤٥
سەربەخۆیی وڵات لە یوگسلاڤیا ٢٥/٦/١٩٩١
ڕووبەر ٢٠ هەزار و ٢٠١ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٢,١٠٨,٩٧٧ کەس
چڕی دانیشتووان ١٠٣ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٥٦ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٢٧,٤٥٢
دراو یۆرۆ
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٨٦

جوگرافیا

وڵاتی سلۆڤینیا لەناوەڕاستی کیشوەری ئەوروپا و لەناو وڵاتانی بەڵکاندا هەڵکەوتووە، سنووری وشکانی لەگەڵ وڵاتانی (ئیتاڵیا، نەمسا، هەنگاریا، کرواتیا) دا هەیە، دەکەوێتە سەر دەریای ئەدریاتیک، ئەم وڵاتە لەنێوان هێڵی درێژی ١٣ بۆ ١٧ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٤٥ بۆ ٤٧ باکوور هەڵکەوتووە، ڕووبەری خاکەکەی ٢٠ هەزار و دانیشتووانی ٢ میلیۆن کەسە، لەگەڵ بچووکی خاکەکە شوێنێکی ستراتیژی هەیە و دەکەوێتە سەر دەریای ئەدریاتیک و لەوێشەوە سنوورەکەی بەستراوە بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە بەشی باکووری وڵاتەکە و لە وشکانییەوە دەکەوێتە قەدپاڵەکانت چیای ئەڵپەوە.

بەرزترین لووتکە و خاڵی وڵاتەکە بەناوی “تریگلاڤ”ـە کە ٢,٨٦٤ مەتر بەرزە و تێکڕای بەرزی وڵاتەکە لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٥٥٧ مەتر دەبێت، چوار هەرێمی سەرەکی ئەورووپا دەکەوێتە وڵاتی سلۆڤینیاوە (زنجیرە چیاکانی ئەڵپ، سنووری دەریای ناوەڕاست، تەختاییەکانی پانۆنیان و زنجیرە چیاکانی دیناراید) زنجیرە چیاکانی ئەڵپ دەکەونە باکووری وڵاتەکەوە لەسەر سنوورەکانی وڵاتی نەمسا، سنووری لەگەڵ دەریای ئەدریاتیکدا ٤٧ کیلۆمەتر دەبێت و لە سنووری ئیتاڵیاوە بۆ کرواتیا درێژدەبێتەوە، زۆرینەی خاکی وڵاتەکە بەرز و شاخاوییە و لە ٪٩٠ خاکەکانی زیاتر لە ٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن، ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکە لەسەر سنووری هەنگاریا و کرواتیا دەکەونە ناو تەختاییەکانی پانۆنیانەوە و بەتەواوی تەختن ئەو ناوچانەی وڵاتەکە، زۆرینەی خاکەکانی وڵات دارستانە کە ڕووبەری زیاتر لە نیوەی خاکەکەی دەگرێتەوە لەسەر ڕووبەری ١١ هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە کە بەمەش دەبێتە سێیەم وڵاتی ئەورووپا کە ئەو ڕێژە زۆرە دارستانی هەبێت لەدوای هەریەک لە وڵاتانی فینلەندا و سوید.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی سلۆڤینیا دەگۆڕێت بەگوێرەی شوێنەکانی و لەنێوان کەشی زنجیرە چیاکانی ئەڵپ لە باکووری وڵات و کەشی دەریایی لە کەنارەکانی وڵات، کەشی هەرێمەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هاوینێکی گەرم و زستانێکی ساردە و مەودای پلەکانی گەرمی لە ساڵدا زۆر دەگۆڕێت، لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەش کەشی دەریای ناوەڕاست کاریگەری بەسەر وڵاتەکەوە هەیە و ڕێژەی شێی بەرز دەبینرێت، کاریگەری دابارینی وڵات لەڕێی کەنداوی جەنەواوەیە و ساڵانە باران و بەفرێکی زۆر دەبارێت کە ڕێژەکەی لەنێوان ٨٠٠ میلیمەتر بۆ ٣٥٠٠ میلمەتر دەبێت، بەفربارینی لە زستاندا شتێکی باوە و لە پایتەختی وڵات و شاری لیوبلیانادا ڕیکۆردی تۆمارکردووە کە ١٤٦ سانتیمەتر باریوە لە ساڵی ١٩٥٢ دا، لەچاو وڵاتانی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپادا ئەم وڵاتە زۆر باو نییە بۆ ڕەشەبا، لەبەرئەوەی زۆر ناوچەی لە قەدپاڵی چیای ئەڵپدا هەڵکەوتووە و ڕێگری دەکات لە بوونی بای زۆر لە وڵاتدا، بە هەمان شێوە لە هەرێمە نزمەکانی ناو تەختاییەکانی پانۆنیاندا ڕێژەی با کەمترە لەچاو وڵاتانی دراوسێی کە دەکەونە ناو هەمان هەرێمەوە.


سەرچاوەکان



1216 بینین