لاما

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-25-14:25:00 - کۆدی بابەت: 6711
لاما

ناوه‌ڕۆك

ئاژەڵی لاما

لاما (بە ئینگلیزی: Llamas)، مەمکدارێکی قەبارە گەورەی سەر بە تیرەی وشترەکانە، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا دەژی، وەک ئەمریکای باشوور، ئیکوادۆر، پیرۆ، چیللی و باکووری ڕۆژئاوای ئەرجەنتین و هتد، لە ئەمریکای باشووردا لاما گەورەترین ئەندامە لە خێزانی وشترەکان کە بوونی هەیە لە ناوچەکەدا، لاما تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە کە ئەگەر کەسێک زیاد لە پێویست لێی نزیک ببێتەوە ئەوا ئەو خۆراکەی هەرسی نەکردووە دەیکات بە ڕوخساریدا، واتە تف دەکات بە ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی بێزارکردنی، و لەبەر ئەوەی لە گەدەیدا بووە زۆر ترش و زیانبەخشە، بۆیە ئامۆژگاری خەڵکی دەکرێت کە زۆر لە لاماکان نزیک نەبنەوە و سەرکێشی نەکەن، بەڵام لاما لەگەڵ ئەوەدا ماڵێ دەکرێت و بەکاری دەهێنن بۆ سود وەرگرتن لە گۆشت و فەرووەکەی و پێستی و بۆ گواستەوەی شمەکیش، و پەینەکەی هیچ بۆنی نییە و وەک سووتەمەنی و بۆ بەپیتکردنی زەوی بەکار دێت، ئەم ئاژەڵە جیا لە زۆرینەی ئاژەڵەکانی دیکە مەترسی لە ناوچونی لەسەر نییە و ساڵانە بە بەردەوامی ژمارەیان زیاد دەکات، لاماکان چوار جۆری سەرەکییان هەیە و ئەوانەی ماڵی دەکرێت خاوەنەکانیان هاوشێوەی بەرخەکان گرنگیان پێدەدەن، و ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان دەگاتە ٢٠ ساڵ.

شێوەی دەرەوەی

دوو چاوی گەورەی هەیە یارمەتی بینینی زۆری دەدات، و بەرزییەکەی لە نێوان ١٢٠-٢٢٥ سم دەبێت و کێشی لە نێوان ١٣٠-١٥٥ کگم دایە، بەڵام مێینەکان کێش و بەرزییان کەمترە بە بەراورد بە نێرینەکان، فەرووەکەی زۆر پڕ و ئەستورە مرۆڤەکان بۆ دروستکردنی کەلوپەلی جیاواز سودی لێ وەردەگرن، و هاوکاری دەکات لە پاراستنی لە گەرمی و پێوەدانی مێرووەکان، ڕەنگەکانی زۆرن وەک قاوەیی و بێجی و زەرد و پرتەقاڵی و سوور و ڕەش و سپی و ڕەساسی، دەکرێت فەرووەکەی تەنها یەک ڕەنگ بێت و دەکرێت تێکەڵەی ئەو ڕەنگانە بێت، ملی درێژە هاوشێوەی وشترێکی بچووک و کلکی کورتە، ئاژەڵێکی بەهێزە دەتوانێت ٩٠ کگم شمەک هەڵگرێت و لە ڕۆژێکدا ٣٠ کم ببڕێت بە ئەو قورساییەوە، تەنانەت لە ڕێڕەوە بەستووەکانیشدا بە هۆی قاچە بەهێز و جێگیرەکانییەوە، بۆیە بە تایبەتی لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاش بۆ گواستنەوە لە هەندێک ناوچە بەکاردێت، و لە کاتی هەستکردن بە ماندوبوون و بارێکی قورس ئەوا لەسەر زەوی پاڵدەکەوێت و ناجوڵێت یاخود جووتە لە خاوەنەکەی دەدات و دەنگێک دەردەکات، بەڵام لە کاتی هێرشی ئاژەڵی دڕندە لاما دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٦٥ کم ببڕێت.

خۆراک

ئاژەڵێکی ڕووەکخۆرە و ماوەیەکی زۆر بەرگە دەگرێت، خۆراک دەستکەوتنی ئاسانە چونکە زۆرینەی ڕووەک و گەڵای درەخت و دەوەنەکان کە هەن دەیکات بە ژەمی خۆراکی، هەروەها دەتوانێت چەند هەفتەیەک بە بێ ئاو بژی، چونکە بەشی پێویستی جەستەی شێ لە ڕووەکەکانەوە وەردەگرێت، بۆیە بۆ ژیانکردنی پێویستی بە بڕی زۆری ئاو و ڕووەکی تایبەت نابێت، لە ڕۆژێکدا پێویستی تەنها بە ٢.٧٢ کگم خۆراک هەیە، و بەدوایدا کاتێکی زۆر بەسەردەبات لە هەرس کردنی خۆراکەکەی.

زۆربوون

مێینەکان هەموو ساڵێک تەنها یەک بێچوویان دەبێت، و ماوەی سکپڕییەکەی ١١ مانگ دەخایەنێت، دوای لەدایکبوونی بێچووەکان لاما دایکەکان وەک ئاژەڵەکانی دیکە بێچووەکەی نالێسێتەوە بەزمانی چونکە زمانی کورتە و ناگات، و بێچووەکە تەنها دوای یەک کاتژمێر دەتوانێت بوەستێت و بجوڵێت، و دوای یەک ساڵ لە تەمەنیان مێینەکان دەگەنە قۆناغێ پێگەیشتن، بەڵام نێرینەکان لە تەمەنی سێ ساڵییەوە پێدەگەن.

ژیانکردن

لاماکان پێکەوە بە کۆمەڵە دەژین، و بەدەستهێنانی پلەی سەرۆک لە دوای شەڕی نێوان ئەندامە بەهێزەکان دەبێت، ئەوەی لە هەمووان بەهێزترە و توانای ڕوبەڕو بوونەوەی ئاژەڵی دڕەندە و پێشڕەوی کردنی هەیە دەبێت بە سەرۆک، بۆ هێرش کردن هەریەک لە شەڕ و جووتە و تف هاویشتن بەکار دەهێنێت و بە دەگمەن گەزینیش، هەروەها لاما بە ئاژەڵێکی ژیر دادەنرێت.

بەناوبانگترین جۆرەکانی لاما

  • لامای دێرین: یاخود لامای کلاسیک و کۆن، ئەم جۆرە کلتورییە درێژی جەستەی لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاترە و ناوی دێرینە چونکە فەرووە ڕەنگدارەکەی لە دوو چین موو پێکهاتووە، کە ئەگەر شانە بکرێت تەنک دەردەکەوێت و کەمدەبێتەوە.
  • لامای خوریدار: لە زۆرینەی جۆرەکانی لاما بچووکترە و تەواوی جەستەی بە خورییەکی زۆر ئەستوور و پڕ داپۆشراوە.
  • لامای ناوەند: ئەم لامایە هاوشێوەی لامای خوریدار جەستەی بە خوری داپۆشراوە و تەنانەت شارەزاکانیش بە زەحمەت جیاوازی دەکەن لە نێوانیاندا، بە گشتی ئەم جۆرەی لاما لە ئەنجامی پەڕاندنی لامای دێرین لەگەڵ لامای خوریدار دروست دەبێت.
  • لامای سوری: ئەم جۆرە بە نزیکەیی ژمارەی کەمترە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، چونکە بە قورسی زۆردەبن تەنانەت لەژێر چاودێری کەسانی شارەزاشدا، خورییەکەی هاوشێوەی لامای خوریدارە، تەنها جیاوازییەکەی ئەوەیە کە مووەکانی هاوشێوەی خوریدارەکە چڕ نەبووەتەوە و ئەستوور نییە.
  • لامای ڤیکونا: ئەم لامایە لە بنەڕەتدا لە شاخەکانی ئەندیانی ئەمریکای باشووردا بووە و هەتا ئێستاش بەهەمان شێوەیە، ڕەنگی پرتەقاڵییە و خاڵی سپی تێدایە، لەبەر جوانی ڕەنگەکەی خواستی زۆری لەسەرە بۆ دروستکردنی جلوبەرگ، بەڵام ئەگەر دیل بکرێت خۆراک ناخوات بۆیە پێویستە بە بەردەوامی لە نشینگەکەیدا بێت واتە زنجیرە شاخەکانی ئەندیانی ئەمریکا.


سەرچاوەکان



1166 بینین