پشک

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2021-09-27-14:06:00 - کۆدی بابەت: 6732
پشک

ناوه‌ڕۆك

پشک چییە؟

بەڵگەیەکی داراییە گوزارشت لە مافی خاوەنداریەتی کەسێک دەکات له بەشێکی بچوکی کۆمپانیا یان پرۆژەیەک خاوەن پشک لە خودی کۆمپانیا و قازانجی کۆمپانیاش سوودمەند دەبێت بەپێی قەبارەی ئەو پشکەی کە هەیەتی لەناو کۆمپانیادا، بەشێوەیەکی گشتی پشکەکان و هەندێک کاڵا و شتومەکی تایبەت له ناو بۆرسەدا ئاڵوگۆڕیان پێوەدەکرێت، ئەم ئاڵوگۆڕ و مامەڵانەش لە بۆرسەدا لە ژێرچاودێری وردی حکومەت دەبن، بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە وەبەرهێنەرەکان لە فێڵ و خەڵەتاندن، ئەو کەسەی خاوەن بەش بێت لە کۆمپانیا پێی دەوترێت خاوەن پشک یان هاوبەش، خاوەن پشک دەتوانێت داوای مافی خۆی بکات لە کاتی فرۆشتنی کۆمپانیا دا

ئەو هۆکارانە چین کاردەکەنە سەر نرخی پشکەکان؟

  • ئابووری جیهان بە گشتی
  • کاروباری کۆمپانیاکە
  • سیاسەتی سەپێنراوی حکومەت
  • کارەساتە سروشتییەکان
  • پشتیوانی وەبەرهێنەران بۆ کۆمپانیاکە

کاتێک وەبەرهێنەران متمانەیان بە کۆمپانیاکە هەبێت، ئەم متمانەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکان

ئەو بارودۆخانەی سامانی کۆمپانیا زیاد دەکات

  • زیاد بوونی دەستکەوت: تێکڕای بەرزبوونەوەی دەستکەوت دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی پشکەکان 
  • زیاد بوونی قازانج: دەگەڕێتەوە بۆ چالاکیی دەستەی کارگێڕێ لە کۆمپانیاکەدا.

کارکردن لە پشکەکاندا چۆنە؟

پشکەکان بە هۆکاری یارمەتیدانی کۆمپانیاکان دادەنرێن، کاتێک خاوەن پشک پشک دەکڕێت، ئەو پارە دەبێتە دەستەبەری هەندێک لە پێداویستییەکانی کۆمپانیا وەک دانەوەی قەرز، یان یارمەتی دانی کۆمپانیا بە مەبەستی گەشەپێدان بە کارەکانیان، یەکەم قۆناغی فرۆشتنی پشکەکان بە پێشنیاری کۆمپانیا دەبێت، دواتر هەڵدەستن بە نوسینی گرێبەس، خواست و خستنەڕوو بڕیار لەسەر نرخی پشکەکان دەدەن لە بازاڕە داراییەکاندا، بە جۆرێک پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لە نێوان نرخی پشک و خواست لەسەر پشک، کاتێک خواست زۆر دەبێت نرخی پشک بەرزدەبێتەوە پێچەوانەکەشی ڕاستە، شایەنی باسە گریمانە و پێشبینیەکانی خاوەن پشکەکان و ڕاپۆرتەکانیان دەربارەی کۆمپانیاکە کاردەکاتە سەر ئاستی کڕین و فرۆشتنی، پشکەکان بە شێوەیەک نرخی پشکەکان دەگۆڕێت بە پێی پێشبینی و لێکدانەوەکانی خاوەن پشکەکان، دەکرێت لێدوانێکی ئەرێنی ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکان و بەم هۆیەوە کۆمپانیا قازانجێکی باش بکات، ئەمەش دەکرێت وەک هەلێک بێت بۆ خاوەن پشکەکان کە هەستن بە فرۆشتنی پشکەکانیان و قازانجێکی چەند هێندەیان دەست بکەوێت بەراورد بە نرخی ڕابردووی.

لاوازی لایەنی بەڕێوبردنی کۆمپانیا دەبێتە هۆی نزم بوونەوەی نرخی پشکەکان و بەو هۆیەوە خاوەن پشک لە ئەگەری فرۆشتنی پشکەکەیدا زەرەرمەند  دەبێت.

جۆرەکانی پشک

پشکی  ئاسایی

خاوەن پشکی ئاسایی توانای دەنگدانی هەیە لە کۆبوونەوەکانی دەستەی بەڕێوبردنی کۆمپانیا و لەکاتی دابەشکردن و وەرگرتنی قازانجەکان بۆ  ئەوەی ئاگاداری دابەشکردنی قازانجەکان بێت.

پشکی نایاب

خاوەن پشکە نایابەکان لە پێشترن و گرنگی زیاتریان پێدەدرێت بەراورد بە خاوەن پشکە ئاساییەکان، تەنانەت لە کاتی مایەپوچ بوونی کۆمپانیا وهەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا خاوەنی قازانجی جێگیرن و پێش ئەوانی دیکە مافیان  پێدەدرێت خاوەن هێز و دەسەڵاتن توانای، بڕیاردانیان هەیە لە کۆمپانیادا.

سوودەکانی وەبەرهێنان بە پشکەکانەوە

  • گەشەپێدانی سامانەکانیان

ئامانجی هەموو وەبەرهێنەرێک ئەوەیە هۆکاری جیاجیا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر بەدەست بهێنێت، ئەمەش بە  گەشەپێدانی جانتا)ی پشکەکانیەوە دەبێت، بە جۆرێک بەشداردەبێت لە چەندین پیشەسازی گەورە و جۆراوجۆر لە وڵات یان کۆمپانیا جیاوازەکاندا، بۆ ئەم مەبەستە هەڵدەستێت بە وەبەرهێنان و کڕینی پشک لە چەندین کۆمپانیا و گەشەپێدانی سامانەکەی و خۆلادان لە مەترسی گەورە ئەم جۆراوجۆریە وادەکات وەبەرهێنەر پشت بە یەک سەرچاوە نەبەستێت لە بەدەست هێنانی قازانج، ئەمه وادەکات لە ئەگەری مایەپوچ بوون و دابەزینی نرخی پشکەکەی لە کۆمپانیایەک کاریگەری گەورەی نەبێت لەسەر تێکڕای سامانەکەی.

  • داشکاندن لە باجدا (کەمکردنەوەی باج)

حکومەت باجێکی کەمتر وەردەگرێت لەو قازانجەی کە وەبەرهێنەر بەدەستێ دەهێنێت، بە مەبەستی هاندانی خەڵکی بۆ ئەوەی لە بازاڕە داراییەکاندا وەبەرهێنان بکەن.

  • بەدەست هێنانی قازانجی  جێگیر

کۆمپانیا بچوکەکان بە چەندین مەترسی دەورەدراون، بەپێچەوانەی کۆمپانیا گەورەکان کە بەهێواشی گەشەدەکەن و قازانجیان جێگیرە بۆ ئەوەی چارەنووسی وەبەرهێنان وابەستە نەبێت بە یەک بوار لە قازانج و زیان، پێویستە وەبەرهێنەر وەبەرهێنان لە چەندین بوار بکات، وەک وارن بافت دەڵێت "هەموو هێلکەکانت مەخەرە نێویەک سەبەتەوە".

مەترسیەکانی وەبەرهێنان بە پشکەکانەوە

  • مەترسییەکانی بازاڕ

کاتێک هەموو وەبەرهێنەران کۆدەنگ بن لە پێدانی بەهایەکی کەم بە پشکەکان بەهای پشکەکان دادەبەزن  لە کۆمپانیا.

  • مەترسییەکانی کۆمپانیا

کاتێک کۆمپانیا دەکەوێتە بارودۆخێکی نائاسای و نەخوازراو، کار لە بەهای پشکەکان دەکات و بەهای پشکەکان دادەبەزن.

  • مەترسییە پیشەسازییەکان

ئەم مەترسییەش هاوشێوەی مەترسی ناوخۆی کۆمپانیا کاریگەری دەبێت لەسەر بەهای پشکەکان و دەبێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو وە داڕمانی کارە پیشەسازییەکانی لێدەکەوێتەوە و دواجار دەبێتە هۆی داڕمانی بەهای پشکەکان.


سەرچاوەکان



2370 بینین