شەمشەمەکوێرە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-04-14:59:00 - کۆدی بابەت: 6789
شەمشەمەکوێرە

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی شەمشەمەکوێرە

شەمشەمەکوێرە (بە ئینگلیزی: bat)، تاکە گیانەوەری کۆمەڵەی مەمکدارەکانە کە توانای فڕینی هەیە، شەمشەمەکوێرەکان زیاد لە ١٤٠٠٠ جۆریان هەیە و دابەش دەبن بۆ دوو کۆمەڵەی سەرەکی، شەمشەمەی میوەکان و شەمشەمە بچووکەکان، جۆری دووەمیان باوتر و بڵاوترە بە بەراورد بە جۆری یەکەم و زۆرینەیان مێروو دەخۆن، شەمشەمەکان دەتوانن لە چەند نشینگەیەکی جیاوازدا بژین بەڵام بە گشتی ناوچە گەرمەکانیان بۆ پەسەندە، وەک بیابان و دارستان و ئەشکەوت و شارەکان و چەندین ناوچەی دیکە، هەموو شەمشەمەکان تایبەتمەندن بە شێوازی وەستانیان کە پێچەوانەی دۆخە ئاساییەکەیە واتە سەریان دەکەوێتەوە خوارەوە (سەرەوژێر)، ئەم توانای هەیە بەبێ ئەوەی زیانی پێبگات چونکە لوولەی خوێنەکانی بە جۆرێک دروستبوون کە ڕێگری دەکەن لە گەڕانەوی خوێن بە ئاڕاستەی دواوە، واتە خوێنی شەمشەمەکان هەمیشە بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات.

سوودەکانی شەمشەمەکوێرە

شەمشەمەکان بە چەند ڕێگەیەک هاوکاری سروشت دەکەن، وەک ئەوەی کە دەبنە هۆی گواستنەوەی تۆوی گوڵە نێرینەکان بۆ مێینەکان و لە ئەنجامدا پەڕینیان، ٥٠٠ جۆر ڕووەک هەیە بۆ پەڕین پشت بە شەمشەمەکان دەبەستن، هەروەها دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەکان بە خواردنیان و دواتر پاراستنی دارستانەکان لە توشبوونیان بە زیان و نەخۆشی.

شێوەی دەرەوەی

شەمشەمەکان جەستەیان بەکاردەهێنن بۆ ڕاوکردن و پەیوەندیکردن و فڕین، باڵەکانی بە بەراورد بە باڵی باڵندەکان زۆر ناسکن و پێکهاتوون لە کڕکڕاگە کە بڕێکی کەم کالسیۆمی تێدایە، بەهۆیەوە دەچەمێتەوە بە بێ ئەوەی تێکبشکێت و زیانی پێبگات، باڵەکانی زۆر ناسکن بەهۆی هەبوونی جۆرێکی دیاریکراوی خانەکان، و لە ئەگەری تێکشکان و زیان پێگەیشتنیان ئەوا شەمشەمەکان توانای چاکبوونەوەیان هەیە، باڵەکان نووساون بە پەنجەکانییەوە و سەری پەنجەکانیشی نینۆکی کورت و تیژی پێوەیە، شەمشەمەکان زمانێکی درێژیان هەیە لەگەڵ ددانی بچووک ئەمانەش بەکاردێن بۆ گرتن و خواردنی نێچیرەکانیان، بۆ دۆزینەوەی جێگەی نێچیرەکانیشیان سوود لە هەستی بیستنە پەرەسەندووەکەیان دەبینن، و بۆنەکانیش لە یەکتری جیادەکەنەوە.

خۆراک

ئەم گیانەوەرانە بە شەودا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن و بە ڕۆژدا لە لانەکانیان پشوو دەدەن، خۆراکی شەمشەمەکان بە گوێرەی جۆرە جیاوازەکانی دەگۆڕێت، بەم شێوەیە:

  • مێروو خۆر: ئەو جۆرانەن کە ئارەزووی خواردنی قالۆنچە و مێشوولە و مۆرانە (پەپوولەی بچووک) دەکەن.
  • میوە خۆر: هەندێکی دیکەیانن کە بەری درەخت و دانەوێڵەکان دەخۆن وەک میوە و تۆوەکان.
  • گۆشتخۆرەکان: ئەمانە ماسی بچووک و باڵندە و مارمێلکە و تەنانەت شەمشەمەی بچووکتر لە خۆیان راودەکەن و دەیانکەن بە ژەمی خۆراکیان.
  • خوێنمژەکان: ئەم جۆرانە بە خواردنی خوێنی مانگا و ئەسپەکان دەژین، ئەم جۆرەش تاکە جۆری شەمشەمە بچووکەکانە کە خوێنمژە، هەروەها شایانی باسە کە تەنها ٣ جۆر شەمشەمەی خوێنمژ هەیە، ئەوانیش لە ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و باشووردا دەژین.

یەکگرتن و زۆربوون

شەمشەمەکان لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، لە زستاندا هەندێکیان کۆچ دەکەن و جۆرەکانی دیکەش دەچنە سوڕی متبوونەوە، هاوشێوەی هەموو مەمکدارەکانی دیکە نێرینە و مێینەی شەمشەمەکان یەکدەگرن و بەدوایدا مێینەکە سکپڕ دەبێت، دواتر بێچووی دەبێت و بە شیری دایکەکەی گەورە دەبێت، لە ڕووی زۆربوونەوە شەمشەمەکان بە یەکێک لە هێواشترین گیانەوەرەکان هەژمار دەکرێن، چونکە مێینەکان لە ساڵێکدا تەنها یەک جار بێچوویان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی شەمشەمە لە ٢٠ ساڵ کەمترە، بەڵام بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان ٦ جۆر لە شەمشەمەکان هەن کە دەتوانن بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بژین.

مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ شەمشەمەکوێرە

بە شێوەیەکی سروشتی شەمشەمەکان دڕندە نین و لە مرۆڤەکان دووردەکەونەوە، بەڵام لە کاتی مامەڵە کردن لەگەڵ شەمشەمەکان کۆمەڵێک خاڵ و وردەکاری هەیە کە پێویستە ڕەچاوبکرێت، وەک ئەوەی کە پێویستە ئەو کەسانەی زانیارییان نییە و ڕاهێنانیان نەکردووە بە هیچ جۆرێک دەست نەدەن لە شەمشەکان و یارییان لەگەڵ نەکەن، تەنانەت ئەگەر پێویستیشیان بە هاوکاری بێت، چونکە هەڵگری ڤایرۆس و بەکتریای زیانبەخشن، و بەدوایدا مرۆڤ تووشی نەخۆشی ترسناک دەکەن، هەندێک جۆریشیان ددانی زۆر گەورە و تیژیان هەیە بەهۆیەوە دەتوانن گاز بگرن و پێستی مرۆڤ کونبکەن، بۆیە لە کاتی گەستنی شەمشەمەکان پێویستە دەستبەجێ جێگەکەی پاکبکرێتەوە زۆر بە جوانی و بە بەکارهێنانی پاککەرەوەی بەهێز و دواتریش ڕێنوێنی وەرگرتن لە پزیشکەوە.


سەرچاوەکان



4855 بینین