ئەژدیهای کۆمۆدۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-11-15:43:00 - کۆدی بابەت: 6856
ئەژدیهای کۆمۆدۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەژدیها یان هەژدیهای کۆمۆدۆ (بە عەرەبیتنين كومودو، بە ئینگلیزی: komodo dragon)، خشۆکێکی سنوردارکراوە، لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی ئیندۆنوسیا دەژی، نشینگەی گەرم و وشکی بۆ پەسەندە، و زۆرینەی جارەکان لە دەشتاییە وشکەکان و ساڤانا و دارستانەکانی هێڵی کەمەرەییدا دەبینرێت، ناوەکەی لە ناوی دوورگەی کۆمۆدۆیەوە هاتووە، بەڵام دانیشتوانە ڕەسەنەکەی کۆمۆدۆ ئەم ئەژدیهان بە وشەی دیکە ناوهێناوە کە بە زمانی ئەوان واتای تیمساحی وشکانی گەیاندووە، ئەژدیهای کۆمۆدۆ گەورەترین مارمێلکەیە لە تیرەکەی کە هەتا ئێستا ماوەتەوە، جۆرەکانی دیکە هەموویان لە سەدەکانی ڕابردوودا لەناوچون و نەماون، لە ئێستادا مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، و باخچەی تایبەتیان بۆ دروستکراوە لە ئیندۆنوسیا بۆ ڕێگریکردن لە نەمانیان، و بە وریاییەوە پاسەوانیان دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بردنیان و بازرگانی پێوەکردنیان لە وڵاتە جیاوازەکانی کیشوەرەکانی دیکە، بەڵام ئەم ئەژدیهایانە لە هەندێک جاردا دەکرێت هێرش بکەنە سەر مرۆڤەکان و ببنە هۆی مردن.

شێوەی دەرەوەی

لە خشۆکە جەستە گەورەکانە، چنگی تیژی درێژی هەیە، بۆ سەرکەوتن بە بەرزاییەکان و بڕینی جەستەی نێچیرەکانی بەکاریدەهێنێت، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەنیدا توندی و تیژییەکەی زیاد دەکات، درێژی کۆمۆدۆ دەگاتە ٣ م و کلکێکی درێژی هەیە، کێشی ٧٠ کگم دەبێت و دەکرێت لە هەندێک جاری دەگمەندا کێشی بگاتە زیاتر لە ئەوەش بە تایبەتی کاتێک دیلکرابێت و گرنگی تایبەتی پێبدرێت، هەروەها کێشی نێرینەکان زۆرترە لە مێینەکان، ئەم ئەژدیهایە ٦٠ ددانی هەیە درێژی هەریەکەیان دەگاتە نزیکەی ٣ سم، لە ئەگەری کەوتنی هەر ددانێکی یەکێکی نوێ جێگەکەی دەگرێتەوە، ڕەنگی لیکەکەی هاوشێوەی خوێنە، زمانێکی درێژی زەردی هەیە کە لە کۆتاییەکەیەوە بووە بە دوو بەشەوە، پێستی بە جۆرێک بەهێزە کە وەک پارێزەرێکی سروشتیە کە لە قەڵغانێکی پولەکەیی دروستبووە و ئێسکی بچووکی تێدایە، بەڵام بەهۆی ڕەقی و توندییەکەیەوە بۆ بازرگانی و دروستکردنی جلوبەرگ بەکارنایەت، کۆمۆدۆکان تەنها یەک ئێسکی گوێیان هەیە و بەهۆیەوە هەستی بیستنیان لاوازە، بە ڕۆژدا دەتوانێت مەودای ٣٠٠ م ببینێت بەڵام بە شەودا توانای کەمدەبێتەوە، لەبەر توانای بینینی و بەرزی پلەکانی گەرما ئەم خشۆکە بە ڕۆژدا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، هەروەها کۆمۆدۆ توانای جیاکردنەوەی ڕەنگەکانیشی هەیە، بەڵام توانای جیاکردنەوەی شتە جێگیرەکانی نییە و گرنگی پێنادات.

خۆراک

خشۆکێکی گۆشتخۆرە، و بە سوود وەرگرتن لە نەبوونی ئاژەڵی دڕندە لە نشینگەکانیان ئەم ئەژدیهایە جڵەوی ناوچەکەی کردووە و گەشتوەتە لوتکەی هەرەمی خۆراکیەکەی، بە ئاسانی و بەردەوامی خۆراکی زۆر دەکاتە ژەمی خۆراکی، و بە دوایدا قەبارە و کێشی زیاد دەبێت، بۆ خواردنیش مەمکدار و بێبڕبڕە و باڵندەکان دەخوات، کە سەرەتا خۆی ئامادە دەکات و بۆسە بۆ نێچیرەکانی دادەنێت، دەوترێت گاز گرتنەکەی ژەهراوییە و دوای چەند ڕۆژێک ئاژەڵەکە دەکوژێت، هەندێک لە زاناکان پێشنیاریان کردووە کە دوو ڕژێنەکەی شەویلگەی خوارەوەی کۆمەڵیک پڕۆتینی ژەهراوی دەردەدەن، بەڵام بە تەواوەتی سەلمێنراو نییە و هەتا ئێستە مشتومڕی لەسەرە.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتنی ئەم ئەژدیهایانە لە هاویندا دەسپێدەکات، دواتر مێینەکان لە پاییزدا هێلکەکانیان دادەنێن، بە گشتی ژمارەی هێلکەکان دەگاتە ٢٠ دانە، و مێینەکە هێلانەی باڵندەیەکی جێهێڵراو دەکاتە بە لانە و تێیدا دەمێنێتەوە، یاخود دەکرێت چاڵ هەڵکەنێت و هێلکەکانی تێدا دابنێت، بە درێژای ٧-٨ مانگ لەسەر هێلکەکانی دەمێنێتەوە، دواتر لە ناوەڕاستی بەهاردا بێچووەکان هەڵدێن لە هێلکەکان، و بۆ خۆپاراستن لە هەر ئاژەڵێک کە قەبارەیان لە بێچووەکان گەورەتر بێت ئەوا دەچنە جێگەی پارێزراو لەسەر لقی دارەکان، بێچووەکان لە تەمەنی ٨ یاخود ٩ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، و ئەژدیهای کۆمۆدۆ دەکرێت بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بژی.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

کۆمۆدۆ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی نییە و هەر تاکێکی بە تەنها ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، تەنها لەکاتی یەکگرتن و خواردنی هەمان نێچیر لە یەکدی نزیک دەبنەوە، و بە دەگمەن نەبێت بەشەودا دەرناکەوێت و چالاکی نییە، هەروەها لە کاتژمێرێکدا خێراییەکەی دەگاتە ٢٠ کم.


سەرچاوەکان



1216 بینین