جەمیل عەلی شاوێسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-17-00:36:00 - کۆدی بابەت: 6905
جەمیل عەلی شاوێسی

ناوه‌ڕۆك

مامۆستا جەمیل

جەمیل عەلی پیرداود یوسف شاوێسی کە بە مامۆستا جەمیل عەلی ناسراوە، ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی شاوێس لەدایکبووە، بانگخواز و وتارخوێنی دیاری ھەرێمی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆلێژی مەعریفە لە شاری مووسڵ تەواو دەکات و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەم بنکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، لە ساڵی ٢٠١٤ دەبێتە بەڕێوبەری ڕێکخراوی اقرٲ بۆ زانستەکانی قورئانی پیرۆز.

هەریەک لە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و تورکمانی زانییوە.

ژیاننامە

جەمیل عەلی لە ڕێکەوتی ١ی تەممووزی ١٩٤٦ لە گوندی شاوێسی شاری ھەولێر و لە عەشیرەتی میران بەگ لەدایکبووە. جەمیل عەلی لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ خوێندن دێتە شاری ھەولێر، ھەر لە منداڵییەوە حاجی عەلی باوکی لەبەر زیرەکیی و دەنگەخۆشەکەی گرنگی زۆر بە مامۆستا جەمیل دەدا و ڕاستەوخۆ دەینێرێتە بەر خوێندنی فەقێیاتی و حوجرەی زانایان لە گوندەکەی خۆیان، لەدوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەگەڵ خوێندنی قۆناغی ناوەندی درێژە بەخوێندنی زانستە ئیسلامییەکان دەدات و لەسەر دەستی چەند گەورە زانایەکی شاری ھەولێر زانستە ئیسلامییەکان دەخوێنێت، سەرەتا لای زانایان مامۆستا سەید عەبدوڵڵا توتمەیی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سێبەردان لە گوندی شاوێس و پاشان ڕوو لە ھەولێر دەکات و لای زانایان مامۆستا شێخ عەبدوڵڵا زیخان و مامۆستا مەلا عومەری کەوری و مامۆستا عەبدوڵڵا قەڵات لە مزگەوتەکانی سەر قەڵای ھەولێر و مزگەوتی حاجی مراد و مزگەوتی سەید غەریب درێژە بەخوێندنی ئیسلامیی دەدات، پاشان لای ئەو زانا بلیمەتانەی شاری ھەولێر مۆڵەتی پێدەدرێت و ھەرزوو بۆ بانگەواز و ئاشناکردنی خەڵکان بە ئایینی ئیسلام ڕوو لە گوند و دێھاتەکان دەکات و دەچێتە گوندەکانی دەوروبەری بەحرکە و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی خۆشناوەتی ھەتاکو گوندی ھەرووت و دەوروبەری ھەریر، لە ناوەڕاستی شەستەکان ئامادەیی کشتوکاڵ تەواو دەکات و دواتر دەبێت بە مامۆستا لە ھەمان ئامادەیی کشتوکاڵ.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٤ی زایینی یەکێک دەبێت لەو کەسانەی ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لە سەحوەی ئیسلامیی و کۆمەڵی برایانی موسڵمان لە عێراق و بە سەدان قوتابی پێدەگەیەنێت کە ئێستا زۆربەیان کەسایەتی ئیسلامیی و بانگخوازن، ھەر لەو ساڵەدا لەگەڵ حاجییە سەبیحەی ئامۆزای ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێنێت و دەبنە خاوەنی پێنج کوڕ و سێ کچ بە ناوەکانی: ئوسامە، بوخاری، موسعەب، بیلال، سوھەیب، مارییە، سومەییە و ئەسما.

مامۆستا جەمیل لە گەنجێتیدا هەموو قورئانی پیرۆز لەبەردەکات، لە ساڵی ١٩٧٣ یەکەمین وتاری بۆ نوێژخوێنان خوێندووەتەوە، ساڵی ١٩٧٦ بە نەخۆشییەکی لەناکاو هەردوو چاوی لەدەست دەدات، لە ساڵی ١٩٨٠ لە مزگەوتی ئازادی شاری ھەولێر دادەمەزرێت. پاشان ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ ھەریەک لە سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین، مامۆستا ئەحمەد حەمەد ئەمین، زوھێر خۆشناو و شەھید فوئاد چەلەبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان دامەزراند، بەڵام ھەر زوو دەستبەرداری سیاسەت دەبێت و خۆی بۆ خزمەتی قورئان و پێگەیاندنی سەدان قوتابی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز یەکلاکردەوە، ھەر لەساڵی ١٩٩٤دا بە پیشەی ئیمام و وتاربێژ دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی عەلائەدین سەجادی لە گەڕەکی شۆڕشی شاری ھەولێر و لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر داوای خۆی دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی زین ستی.

کۆچی دوایی

لە ڕێکەوتی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٠ دوای نزیکەی سێ مانگ لە نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانەی ھەولێری تایبەت بەھۆی ئازاری سوورێنچک کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



501 بینین