هۆکاری سەرئێشە پاش گریان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-17-15:56:00 - کۆدی بابەت: 6915
هۆکاری سەرئێشە پاش گریان

ناوه‌ڕۆك

گریان

گریان وەڵامێکی سروشتی جەستەیە بۆ ئەو هەستانەی کە دەکرێت لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ماندووکەربن، کاتێک گریانێکی بەهێز دەبێتە هۆی سەرئێشە، چەندین هەنگاو هەن کە مرۆڤ دەتوانێت بییانگرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی ئازاری جەستەیی، تەنانەت ئەگەر ئازارە سۆزدارییەکان بمێننەوە، کاتێک کە گریان تەواو دەبێت، زۆرینەی خەڵک هەست بەم نیشانانەی خوارەوە دەکەن وەک:

- هاتنە خوارەوەی ئاوی لووت
- سووربوونەوەی چاو
- ئاوسانی چاو و هەموو ڕوخسار بەگشتی
- هەروەها هەندێک لە خەڵکی، پاش وەڵامدانەوەیەکی بەهێزی سۆزداری و جەستەیی بۆ گریان تووشی سەرئێشە دەبن.

بۆچی پاش گریان تووشی سەرئێشە دەبین؟

سێ جۆر سەرئێشە هەیە کە بەهۆی گریانەوە دروست دەبن، هەروەها زانایان هێشتا لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی تەواوی نێوان گریان و سەرئێشە، گریان و جۆرەکانی سەرئێشە دەکرێت هۆکاربن وەک وەڵامدانەوەیەکی جەستە بۆ خەمۆکی، چونکە خەم دەبێتە هۆی دروستبوونی فشار، و لەم کاتەدا جەستە دەستدەکات بە زیاتر دەردانی هۆڕمۆنەکانی وەک کۆرتیسۆڵ، کە ئەم هۆڕمۆنانە ڕاگوزەری دەمارین لە مێشکدا و دەبنە هۆی کاردانەوە جەستەییەکانی وەک گریان، سەرئێشە، و هەروەها هاتنە خوارەوەی ئاوی لووت، لە کاتێکدا کە ئەم نیشانە جەستەییە کەمانە دروست دەبن، لەوانەیە کەسێک هەست بە پەیدابوونی یەکێک لەم سێ جۆرە سەرئێشە بکات وەک لاسەرئێشە (شەقیقە)، سەرئێشەی باو، ئازاری کەلێنی سەر (جیوب).

سەرئێشەی باو

زۆرینەی ئەو سەرئێشەیەی کە لە پاش گریان تووشی خەڵکی دەبێت بریتییە لە سەرئێشەی باو، سەرئێشەی باو کاتێک ڕوودەدات کە ماسولکەکانی سەر کرژ دەبن، و دەبنە هۆی دروستبوونی هەندێک ئازاری دیکەی وەک ئازاری شان و مل، سەرئێشەی باو بە شێوەیەکی ئاسایی نابێتە هۆی پەیدابوونی نیشانە زیادەکان، بۆ نموونە، کەسێک هەستیار نابێت بە ڕووناکی یان دەنگ.

ئازاری کەلێنی سەر (جیوب)

چاو و لووت و گوێ و گەروو هەموویان لە ناوەوە پێکەوە بەستراون، کاتێک فرمێسک لە چاوەکانەوە دێتە دەرەوە، بەرەو ناو درز و کەلێنەکان دەگەڕێنەوە، فرمێسک هۆکارێکە کە وا لە خەڵکی دەکات تاکوو تووشی هاتنە خوارەوەی ئاوی لووت ببن، چونکە بەشێکی فرمێسکەکە دەڕواتەوە ناو ڕێڕەوی لووت، کاتێک فرمێسک و چڵم دروستدەبن و یەکدەگرن، دەبنە هۆی دروستبوونی پەستان، بۆیە لە ئەنجامی ئەم پەستانەدا ئازاری کەلێنی سەر دروست دەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە تووشی ئازاری کەلێنی سەر دەبن لەوانەیە ئەم نیشانانەی دیکەیان لەگەڵدابێت:

١- لووت گیران
٢- ئازاری دەوری لووت، شەویلگە، ناوچەوان و سەرکووڵم
٣- ئازاری قوڕگ
٤- کۆکە

زۆرینەی خەڵک وا بیردەکەنەوە کە ئازاری کەلێنی سەریان هەبێت بەڵام لە ڕاستیدا لاسەرئێشەیان هەیە، ئەمە لەبەرئەوەی کە لاسەرئێشە دەتوانێت ببێتە هۆی لێشاوی شێواندنی کەلێنەکانی لووت.

لاسەرئێشە

لاسەرئێشە (شەقیقە) بریتییە لە سەرئێشەیەکی توند و پل لێدەرە، ئەم سەرئێشەیە تەنها لە یەکلای سەردا ڕوودەدات بۆیە پێیدەگوترێت لاسەرئێشە، جگە لە ئازار، ئەو کەسانەی کە تووشی لاسەرئێشە دەبن ئەزموونی ئەم نیشانانەی دیکەش دەکەن:

١- دڵتێکەڵهاتن
٢- هەستیاری بە ڕووناکی و دەنگە دەنگ
٣- ڕشانەوە

ئەو فشارەی کە جەستە دەریدەکات، و دەبێتە هۆی گریان، هەروەها دەتوانێت لاسەرئێشە دروستبکات، هەروەها ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری دیکە دەگرین، وەک لەتکرنی پیاز، تووشی لاسەرئێشە نابن تەنها گریانی سۆزداری دەتوانێت لاسەرئێشە دروست بکات.

چارەسەرەکان

زۆر جار دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەری کەمبوونەوەی ئازاری ئەو سەرئێشانەی کە بەهۆی گریانەوە دروستدەبێت بکرێت، بەبەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە چارەسەری ماڵەوە و دەرمانەکان، خەڵکی دەتوانن ئەم ڕێگایانەی خوارەوە تاقی بکانەوە بۆ هەر یەکێک لە سەرئێشە بەستراوەکان بە گریانەوە:

١- لە ژوورێکی تاریکدا بمێنەرەوە، پشوو وەربگرە، چاوەکانت دابخە.
٢- بەکارهێنانی جەوەنەیەکی گەرم یان سارد لەسەر مل، چاو، یان ناوچەوان.
٣-هەوڵ بدە بۆ سەر ھەڵدانەوەی ئازارەکان دەرمانەکانی وەک ئەسپرین، ئێستامینۆفن، یان ئیبوپرۆفن بەکاربێنیت.
٤-ترێپتانەکان (چارەسەری لاسەرئێشە) تاقی بکەوە، کە یارمەتی چاککبوونەوەی لاسەرئێشە دەدەن و بە ڕەچەتە بەردەستن.
٥-مەساجکردنی شان و مل بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی گرژی ماسولکەکان.
٦- ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی درێژخایەن تووشی یەکێک لەم سێ جۆرە سەرئێشەیە دەبن، دەبێت قسە لەگەڵ پزیشکەکەیان بکەن و شوێن ڕێنماییەکانی پزیشکەکەیان بکەون.

ڕێگرییەکان

باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە سێ جۆرەکەی سەرئێشە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو پلان و ڕێنماییانەی کە پزیشکەکەت پێتدەدات، هەرچۆنێک بێت گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە فشار دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی هەردوو جۆری سەرئێشەی باو لەگەڵ لاسەرئێشە، بۆیە لەوانەیە هەمیشە نەتوانرێت پاش گریان بەهۆی ڕووداوێکی سۆزداری ئەم سەرئێشانە دووربخرێنەوە، مرۆڤ دەتوانێت هەوڵبدات کە لە لایەنەکانی دیکەی ژیانییەوە فشارەکان کەم بکاتەوە، هەروەها وەرزشکردن، خواردنی باش، و خەوتنی پێویست هەمووی دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی فشاری گشتی کەسێک دروستبکات، کە یارمەتی دەدات کاتێک هەستەکان زاڵ دەبن بەسەریدا، بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی سەرئێشەی باو یان لاسەئێشە دەبن، پزیشک دەتوانێت هەندێک دەرمان وەک یارمەتیدەرێک بۆ ڕێگری لێ کردنیان لە داهاتوودا بنووسێت، هەروەها پزیشک دەتوانێت  دەرمانی تایبەت بە هەستیاریش پێشنیار بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هەستیاری.

سەردانیکردنی پزیشک

زۆر جار، سەرئێشەیەک کە لە ئەنجامی گریان بەهۆی ڕووداوێکی سۆزدارییەوە ڕوودەدات، هۆکارێکی سەرەکی نییە بۆ نیگەرانی، لەگەڵ هەندێک چارەسەری ماڵەوە و پشوودان، مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەست بە باشتربوونی جەستەی دەکات، بەڵام لە کاتێکدا یەکێک لەم سێ جۆرەی سەرئێشە زووزوو تووشت ببێت، ئەوا دەبێت سەردانی پزیش بکەیت، چونکە لەوانەیە جۆرەکانی سەرئێشە بارودۆخێکی تایبەتی هەبێت کە دەبێتە هۆی ڕوودانیان، بۆ نموونە، سەرئێشە لەوانەیە نیشانەی خەمۆکی بێت، هەروەها ئەگەر گریان دەستپێکێکی نوێ بێت بۆ سەرئێشە، ئەوا لەوانەیە پزیشک بتوانێت ڕێگایەکی جیاوازت بۆ پێشنیار بکات بۆ ڕێگریکردن لە سەرئێشە لە داهاتوودا.


سەرچاوەکان



609 بینین