سوودەکانی خواردنی سیر

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-03-13:08:00 - کۆدی بابەت: 7076
سوودەکانی خواردنی سیر

ناوه‌ڕۆك

چەند سوودێکی خواردنی سیر

باشترکردنی پەستانی خوێن

سیر ماددەکانی دژە هەوکردنی تێدایە و یارمەتی لێشاوی خوێن دەدات کە ئاسانتر بەناو جەستەدا بڵاوببێتەوە، بە گوێرەی چەند توێژینەوەیەک کە لەسەر چەند کەسێک ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە بڕی پەستانی خوێن لەو کەسانەی کە ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەیان بەکارهێناوە کە سیر لە پێکهاتەکایاندا هەیە بە ڕێژەی لە ١٠% کەمبووەتەوە، هەروەها ئەو ژەمانەی کە لە تەواوکەرە خۆراکییەکان وەریدەگریت نزیکەی ٦٠٠-١٥٠٠ میلیگرام دەبێت کە بڕەکەی یەکسانە بە چوار دەنک سیر لە ڕۆژێکدا.

نزمبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ

سیر دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان کەمبکاتەوە بەهۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ، لە توێژینەوەیەکدا کە کۆمەڵە کەسێک بەشداریان کردووە بۆ ماوەی پێنج مانگ لەسەر بەکارهێنانی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی کە سیر لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت کە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لەو کەسانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەروەها وەک هەموو چارەسەرە سروشتییەکانی دیکە بەکارهێنان و خواردنی سیر پێویستی بە کاتە بۆ ڕەنگدانەوەی سوودەکانی لە جەستەدا، چونکە تۆ دەبێت ڕێگە بدەیت کە ڤیتامینەکان و کانزاکان لە جەستەتدا دروست ببن، هەروەها زیادکردنی سیر بۆ ناو خواردنەکانی ڕۆژانەت ڕێگەیەکی تەندروستە بۆ پەرەپێدان بە خووێکی هەتاهەتایی کە دەتوانێت ساڵ لەدوای ساڵ سوود بە تەندروستی گشتیت بگەیەنێت.

کەمبوونەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ

سیر توانایەکی سروشتی زۆر باشی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ چونکە سیر دەتوانێت کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن بە ڕێژەیەکی زۆر باش کەم بکاتەوە، هەروەها ڕۆڵێکی زۆر باشی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ بە هۆی کەمبوونەوەی مەیینی خوێن و ڕێگەگرتن لە کۆبوونەوە و تۆپەڵبوونی خوێن، کە ڕوودەدات بە هۆی ئەوەی سیر بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریک زیاد دەکات کە خوێنە مەییوەکان خاو دەکاتەوە، هەروەها ڕێگری دەکات لە پێکەوە بەستنی خوێنە تۆپەڵبووەکان و پڕۆتینەکان کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێنی تۆپەڵبوو، هەروەها کاتێک کە باسی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ دەکرێت ئەوا سیر بە یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان دادەنرێت.

دوورکەتنەوە لە پەتا

سیر یارمەتی باشترکردن و بەهێزترکردنی چالاکییەکانی کۆئەندانی بەرگری دەدات و هەروەها توندی و درێژی ماوەی نیشانەکانی سەرما و ئەنفلۆنزا کەم دەکاتەوە، هەروەها لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانە بەکاردەهێنن کە پێکهاتەی سیریان تێدایە ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی تا و هەڵامەت و سەرما بە ڕێژەی لە سەدا ٦٣% کەمبووەتەوە، هەروەها توێژینەوەکان ئەوەشیان خستۆتە ڕوو کە سیر درێژی ماوەی نیشانەکانی تا و هەڵامەت و سەرمای لە ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ ڕۆژێک یاخود نیو ڕۆژ کەمکردۆتەوە، بۆیە هەوڵبدە لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییە وەرزی و پەتاکان سیر بە بڕێکی زیاتر لە خواردنەکانت بەکاربهێنیت.

باشترکردنی توانای وەرزشی

لە کلتوورە کۆنەکاندا سیر وەک هۆکارێکی کەمکردنەوەی ماندوویەتی و باشتر بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکە وەرزشییەکان لە لایەن خەڵکییەوە بەکارهاتووە، وردە وردە وەرزشوانانی ئۆڵمپیک لە یۆنان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی سیر بۆ بەرزکردنەوەی توانای وەرزشیان، هەروەها لە ئێستاشدا وەرزشوانانی هاوچەرخ (و خەڵکی ئاساییش) بەکاری دێن بۆ کەمکردنەوەی ماندوبوون لە ڕاهێنان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕۆنی سیریان خواردووە ئەوا ڕێژەی خێرایی لێدانی دڵیان بە ڕێژەی ١٢% باشتر بووە و دەتوانن زیاتر وەرزش بکەن بەبێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکەن، بۆیە ئەگەر دەتەوێت کێش و جەستەیەکی تەندروستت هەبێت ئەوا بڕێکی زیاتر سیر بۆ ناو خواردنەکانت زیاد بکە و پاشان کاریگەرییە باشەکانی دەبینیت کە لەسەر جەستەت دەردەکەون. 

بەهێزترکردنی ماسولکەکان

چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوە دەردەخەن کە خواردنی سیر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لەدەستدانی کێشی ماسولکەکان بەتایبەت لە ئافرەتاندا ئەویش بەهۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین هەروەها پتەوی ماسولکەکان زیاد دەکات، کە ئەمەش دەتوانێ سەرکەوتنێکی گەورە بێت بۆ تەندروستی ئێسکەکانت پاش لێچوونەوە لە سوڕی مانگانە، هەروەها زیادکردنی سیر بۆ ناو خواردنەکانت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی تەنکبوون و هەوکردنی ئێسک و جومگەکان، و زیادکردنی خۆراکە تەندروستەکانی دیکەی وەک بەرهەمە شیرەمەنییەکان و سەوزە و ماسی و گوێز بە هەمان شێوە یارمەتی پتەوکردن و توندبوونی ئێسک دەدەن. 

باشترکردنی یادەوەری

تێکچوون لە free radicalـەکان (جووت ئۆکسیدەکانەوە) کاردەکاتە سەر تەمەن کە ئەمانە چەند ماددەیەکن ژەهرن بۆ لەش هەروەها فری ڕادیکاڵەکان تەمەن کورت دەکەنەوە چونکە کاردەکەنە سەر DNA، به‌ڵام خواردنی سیر كه‌ دژه‌ ئۆكساندێكی به‌هێزه‌ هاوكاری ده‌كات له‌ ڕووبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ پڕۆتینه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ S-allyl cysteine، ئەم دژە ئۆکسیدانە یارمەتی پاراستنی مێشک دەدەن لە زیان و دەبنە هۆی باشتر هێشتنەوەی کارکردنی مێشکت بەگوێرەی تەمەنی ئاسایی خۆت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی لێشاوی خوێن بۆ مێشک ڕوودەدات کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی سیر چونکە سیر ڕێژەی کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە، کە ئەمەش مانای کەمبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی مێشکە وەک نەخۆشی تێکچوونی باری دەروونی (شێتی) و ئەلزایمەر.

باشترکردنی پێست

سیر یەکێکە لە خۆراکە هەرە بەسوودەکان چونکە چەندەها ماددەی گرنگ لە پێکهاتەکەیدا هەیە کە بریتین لە دژە ئۆکسیدانتەکان و دژە بەکتریا و دژە کەڕووەکان، کە سوودێکی زۆر بە پێست دەگەیەنن، هەروەها دەتوانیت بۆ چارەسەری زیپکە بەکاریبێنیت کە لەم کاتەدا دەتوانیت سیری خاو بدەیت لە زیپکەکە و سیرەکە دەبێتە هۆی کوشتنی بەکتریاکانی ناوی، بەڵلام دەبێت ئاگاداری ئەوەبیت ئەگەر پێست یاخود خۆت بە خواردنی سیر هەستیاریت ئەوا نابێت زیاد لە پێویست بەکاریبێنیت، سیفەتەکانی دژە ئۆکسیدی سیر دەبنە هۆی ڕزگارکردن و پاراستنی پێست و ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە زیانەکانی پێست، هەروەها بەتێپەڕبوونی کات بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە سیر لە پێکهاتەکەیاندا هەیە لەوانەیە کاریگەری دژە پیری هەبێت چونکە سیر یارمەتی زیادکردنی گەشە و توانای خانەکانی پێست دەدات.

کەمبوونەوەی مەترسی شێرپەنجەی سییەکان

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە سەنتەری پارێزگای جیانگۆ بۆ کۆنتڕۆڵ و نەهێشتنی نەخۆشی لە چین ئەنجام درا، ئەو کەسانەی کە لە هەفتەیدا بە لایەنی کەمەوە دوو جار سیری خاویان خواردووە لە ماوەی ٧ ساڵدا مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سییەکان بە ڕێژەی لە ٤٤% کەمتربووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە سیریان کەمتر خوردووە یان هەر بەکاریان نەهێناوە.


سەرچاوەکان



1705 بینین