کۆمپانیای گووگڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-11-04-18:05:00 - کۆدی بابەت: 7087
کۆمپانیای گووگڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای گوگڵ یان کۆمپانیای گۆگڵ (بە عەرەبی: جوجل، بە ئینگلیزی: Google) کۆمپانیایەکی ئەمریکی گشتییە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی بواری تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، تایبەتە بە ڕیکلامی پەیوەندیدار بە خزمەتگوزاری گەڕان لەسەر ئینتەرنێت و هەروەها ناردنی پەیامەکانی ئیمێڵ لە ڕێگەی جیمێڵەوە و چەندان خزمەتگوزاری تر، ئەرکی سەرەکی گوگڵ ئەوەیە کە زانیارییەکانی جیهان ڕێکبخات، بگاتە دەستی هەموو کەس و بۆ هەمووانیش سوودی هەبێت، بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە ناوی گوگڵ بلێکسە و بارەگای سەرەکی لە ماونتن ڤیوە، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای وڵاتی ئەمریکا، ژمارەی کارمەندەکانی نزیکەی 20,164 هەزار کارمەندە.

مێژووی دروستبوون

گوگڵ وەکوو کۆمپانیایەکی فەرمی لە 4ی ئەیلولی ساڵی 1998 لەلایەن "لاری بایج" و "سێرگی برین" دامەزراوە کە ھەردووکیان قوتابی بوون لە زانکۆی ستانفۆرد، یەکەمین بارەگای کۆمپانیاکە لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل بوو لە مینلۆ پارکی کالیفۆرنیای وڵاتی ئەمریکا هەردوو خاوەنی کۆمپانیا بایج و سێرگی توانیان بڕی نزیکەی 900,000 دۆلار بەدەست بهێنن لە ڕێگەی قایلکردنی چەندین وەبەرهێنەر، یەکێک لە  وەبەرهێنەرەکانی کۆمپانیاکە بریتی بوو لە "جێف بێزۆس" دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن، دوای ئەوەی گوگڵ دەستی کرد بە کارەکانی و بزوێنەری گەڕانەکەی بە شێوەیەکی تاقیکارانە لە ئینتەرنێت بەکارهێنرا، لەو ماوەیەی که وەکوو تاقیکردنەوە دانرا ڕۆژانە دە هەزار داواکاری و گەڕان دەکرا لە گوگڵ، بۆیە بە فەرمی بزوێنەری گەڕانەکە لە 21ی ئەیلولی 1999 دانرا، گوگڵ لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، لە ساڵی 2020دا بەهای بازاڕ و داهاتی نزیکەی 1000 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، هەروەها چوارەم کۆمپانیای تەکنەلۆژییە لە جیهاندا کە بەهای بگاتە ئەم ئاستە.

بەرهەم و خزمەتگووزارییەکانی گوگڵ

ـ یوتیوب (YouTube): یوتیوب یەکێکە لە پێگە دیار و گرنگەکان بۆ داگرتن و سەیرکردنی گرتە ڤیدیۆی هەمەجۆر، سایتێکە بە بێ بەرامبەر بۆ هەموو خەڵکی جیهان بەردەستە و ئەم سایتەش سایتێکی بێ وێنەیە و بە شێوەیەکی فراوان لە بوارەکەیدا بەکاردەهێنرێت.
ـ بزوێنەری گەڕان (Search): لە کاتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا بێگومان پێویستت بە چوونە نێو بزوێنەری گەڕانی گۆگڵەوە هەیە، ئەم بزوێنەرە لە بنەڕەتدا بووە بە یەکێک لە بنچینەیەکانی ئینتەرنێت و یەکێکە لە سایتە هەرە سەردانکراوەکان لەلایەن بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتەوە.
ـ سیستمی ئەندرۆید (Android): ئەندرۆید سیستمێکی کارپێکردنی ئازادە، لەسەر کەرنەڵی لینوکس دروستکراوە، هەروەها دیزاین کراوە بۆ کارکردن لەسەر ئەو تابلێت و ئامێرە مۆبایلانەی کە لەناو خەڵکیدا باون.
ـ جیمێڵ (Gmail): یەکێکە لە فراوانترین سایتەکانی ئیمەیڵ لە ئینتەرنێتدا، بەکارهێنەران بە مەبەستی ناردن و وەرگرتنی ئیمەیڵ و پەیامەکانیان بەکاریدەهێنن، هەروەها بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزاییە پێویستی بەوەیە کە ئەژمێرێکی تایبەتیت لەسەر جیمێڵ هەبێت.
- وەرگێڕانی گوگڵ Google Translator: ئەم خزمەتگووزارییە توانای وەرگێڕانی ئەو دەقانەی هەیە کە بەکارهێنەران دیاریدەکەن و پێویستیانە لە هەموو زمانەکانەوە بۆ ئەو زمانەی کە دەیانەوێت دابین دەکات، توانای دەربڕینی وشەکان و دەقەکانی هەیە بەو زمانەی کە تێیدا دەنووسرێن، و ڕوونکردنەوەیەکی زۆر بۆ مانای وشەکان و جۆری قسەکانیان دابین دەکات.
ـ گوگڵی زەوی Google Earth: ئەم پڕۆگرامە یەکێکە لە پڕۆگرامە هەرە بەناوبانگەکانی نەخشە لە نێو خەڵکی و بەکارهێنەراندا، نەخشە بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان دابین دەکات، بەکارهێنانی زۆر ئاسانە، و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە بگەیتە هەر شوێنێکی جیهان کە بتەوێت.
ـ گوگڵ (Hangouts): خزمەتگووزارییەکە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت پەیوەندی دەنگ و ڤیدیۆ ئەنجام بدرێت، هەروەها پەیام و نامەیش دەتوانرێت بنێردرێت.
ـ گوگڵ کڕۆم (Chrome): سیستمێکی کارپێکردن و گەڕانە.
ـ سایتەکانی گوگڵ (Google Site): خزمەتگوزاریەکە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بۆ درووستکردنی وێبسایتی تایبەت بە خۆیان و دەتوانن هاوبەشی بکەن لەگەڵ بەکارهێنەرانی تر و قازانجی لێوە بکەن.
ـ جزدانی گوگڵ (Google Wallet): خزمەتگوزارییەکی بانکی ئەلەکترۆنییە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بنێردرێت و وەربگیردرێت.
ـ گوگڵ پیکسڵ (Google Pixel): مۆبایلێکی زیرەکی بەرهەمهێنراوە لەلایەن گوگڵەوە.
ـ گوگڵ دیۆ (Google Duo): پڕۆگرامێکی تایبەتە بە ئامێرەکانی ئەندرۆید، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت پەیوەندی ڤیدیۆیی ئەنجام بدرێت. 

واتای ناوی گوگڵ

ناوی گۆگڵ Google لە بنەڕەتدا لە وشەی Googol ئینگلیزییەوە وەرگیراوە، کە ئاماژەیه بە ژمارەی 10 توان 100 واتا (100^10)، ئەم ژمارەیە ئاماژەیە بۆ بڕی ئەو داتا و زانیارییە بێ سنوورەی کە لە گوگڵدا بوونی هەیە. 


سەرچاوەکان



4375 بینین