ڤان کوخ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-12-13:40:00 - کۆدی بابەت: 7173
ڤان کوخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ڤینسینت ڤان کوخ (بە عەرەبی: فان غوغ، بە ئینگلیزی: Van Gogh) هونەرمەند و نیگارکێشی ناسراوی هۆڵەندی، لە ساڵی 1853 لە ناوچەی "گرووت زیندرت" لە هۆڵەندا لەدایکبووە باوکی فەرمانبەری دەوڵەت بووە، دایکیشی هونەرمەند بووە کە خۆشەویستی سروشت و نیگارکێشانی فێری کوڕەکەی کرد، ڤان کوخ ساڵێک دوای لەدایکبوونی برایەکی لەدایکبووە، ئەویش ناوی ڤینسنت بووە بەڵام کۆچی دوایی کردووە، بۆیە هەر بە ناوی ئەوەوە ناونراوە، ناو و بەرواری لەدایکبوونیشی لەسەر بەردی گۆڕی براکەی نەخشێنراوە، ئەم بابەتە تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر کەسایەتی ڤان کوخ کردووە، هەمیشە لەنێو خێزانەکەی خۆی وەکوو کەسێکی جێگرەوەی براکەی بینییوەتەوە، هەربۆیە منداڵییەکی ئاڵۆز و ناخۆشی هەبووە، کاتێک خێزانەکەی ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەتەوە لە تەمەنی 15 ساڵی ناچار بووە قوتابخانە بەجێبهێڵێت و لە دوکانی مامی "کۆرنێل" کار بکات، دوکانێک بوو کە بەرهەمی هونەری دەفرۆشت سەر بە کۆمپانیایەکی هونەری بوو لە لاهای، لەو ماوەیەدا ڤان کوخ فێری زمانی فەڕەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی بوو، لە ساڵی 1873 ڤان کوخ گەشتی شاری لەندەنی کرد، ئەو زۆر سەرسامی کەلتووری ئینگلیزی بوو، سەردانی زۆرێک لە گەلەرییە هونەرییەکانی شارەکەی کرد، هەروەها کاریگەر بووە بە نووسینەکانی چارلس دیکنز و جۆرج ئێلیۆت، هەرچەندە بە زۆرێک لە بیرۆکە ئایینییەکان کاریگەر بووە، بەڵام هیچ هەوڵێکی نەداوە لە تەرخانکردنی ژیانی بۆ کڵێسا، دوای ساڵێک لە خوێندنی کۆلێجی لاهوتی (بیروهزرێکی مەسیحییەتە) لە ئەمستردام، پاش ڕەتکردنەوەی تاقیکردنەوەی زمانی لاتینی، لە کۆلێجەکە دوورخرایەوە و بە بڕوای ئەو زمانی لاتینی زمانێکی مردووە، هەمان کێشەش لەگەڵ کڵێسای بەلجیکا دووبارە بووەوە و لەوێ وەکوو ئامۆژگاریکەرێکی کریستیان بۆ ماوەیەک کاری کردووە. 

ئەزموون و شێوازی وێنەکێشانی

ـ لە پاییزی ساڵی 1880 ڤان کوخ بڕیاریدا گەشت بکات بۆ برۆکسل لەوێ بووە هونەرمەند، هەرچەندە هیچ مەشقێکی وەرنەگرتبوو لەسەری، بەڵام برا بچووکەکەی "تیۆ" کە وەکوو دابەشکەری تابلۆی هونەری کاری کردووە، هاوکاری دارایی بۆ ڤان کوخ ناردووە، بەو شێوەیە دەستی کرد بە فێربوونی بنەماکانی هونەری وێنەکێشان.
ـ لە ساڵی 1886 دەچێتە لای تیۆی برای لە پاریس، لەوێ ئاشنای چەندان هونەرمەندی ناودار دەبێت.
ـ سەرەتای شێوازی نیگار کێشانی بریتی بووە لە کێشانی ڕووخساری هەمەجۆر.
ـ لە ساڵی 1888 گەشتی شاری "پڕۆڤانسی" دەکات لە باشوری فەڕەنسا، هەر لەوێش زنجیرەی نیگاری بەناوبانگی بەناوی "گوڵەبەڕۆژە" دەکێشێت.
ـ ڤان کوخ لەسەر ڕێباز و شێوازی هونەری دەربڕینگەری (ڕێبازێکی هونەریی سەردەمیانەیە) نیگاری کێشاوە، ئازادیگەری و واتاگەری بەشێوەیەکی بەرچاو لە نیگارەکانی بوونی هەبووە، و شێوازێکی ناوازەی هەبووە لە بەکارهێنان و تێکەڵکردنی بۆیەکان.
ـ کارەکانی پێکهاتوون لە 1100 وێنە و 900 نیگاری هونەری.
ـ ڤان کوخ تاکوو لە ژیاندا مابوو کارەکانی هیچ ناوبانگیان دەرنەکرد، لە پاش مردنی ناوبانگی ڤان کوخ بە شێوەیەکی لە پڕ و سەرسوڕهێنەرانە دەنگی دایەوە.
ـ مۆزەخانەی ڤان کوخ لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا تایبەتمەندە بە کارەکانی ڤان کوخ، لە ئێستادا وێنەکانی گرانبەها ترین وێنەی جیهانن. 

شێوازی کەسایەتی و تێکچوونی باری دەروونی

ـ ڤان کوخ کەسایەتییەکی توندی هەبووە، زۆر مشتومڕی لەگەڵ هونەرمەندانی تر دەکرد دەربارەی کارەکانیان و بۆیە هاوڕێی نەبووە و کەسێکی گۆشەگیر و نامۆ بووە.
ـ هەموو پارەی ڕۆژانەی لە کڕینی بۆیە و ڕەنگ و فڵچەی وێنەکێشان خەرج کردووە، لەسەر نان و قاوە ژیاوە، بۆیە دووچاری نەخۆشی و لاوازیی بووەوە.
ـ پاش ماوەیەک زۆر بە ڕوونی تێبینی دەکرا کە فان کوخ نەخۆشی دەروونی هەیە و باری دەروونی داڕوخاوە، چەند ڕەفتار و خوویەکی نامۆی هەبووە، ئارەزووی خواردنی ڕەنگ و بۆیەکانی کردووە.
- بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی ناوی لە چەند نەخۆشخانەیەکی دەروونی تۆمارکرا و هەر لەوێش بە مووسێک گوێچکەی خۆی بڕیوە و پێشکەشی کچێکی کردووە. 

باری سۆزداری

پەیوەندییە سۆزدارییەکانی نامۆ بووە و هەمیشە دووچاری کێشە و ئاڵۆزی بووەتەوە، دوای هەر پەیوەندییەکی خۆشەویستی تووشی داڕوخانی دەروونی بووەتەوە، لە سەرەتای لاویدا عاشقی کچە مامێکی خۆی بووە کە بێوەژن بووە، بەڵام کچەکە لەدەستی هەڵهاتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەمستەردام، لە هاوای عاشقێکی سەرسەختی لەشفرۆشێکی ئاڵوودەی مەی بووە بە ناوی ماریا هۆرنیک، ئەم کچە بووە هاوەڵ و دڵداری بەڵام کاتێک بەجێیهێشت، ڤان کوخ تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بوو، هەروەها عاشقی کچێکی تر بووە بە ناوی یوجینی لوێز، کاتێک داوای هاوسەرگیرییەکەی ڤان کوخی ڕەتکردووەتەوە ڤان کوخ تووشی داڕووخانی دەروونی بووە و هەموو کتێبەکانی لە ناوبردووە و بووەتە کەسێکی توڕە، مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی زۆر قورس و دژوار بوو، بۆیە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. 

کۆچی دوایی

بەهۆی فشارە دەروونییەکانییەوە دواجار لە ساڵی 1890 فیشەکێکی بە خۆیەوە نا و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە باوەشی تیۆی برای گیانی لەدەستدا، وتەی "خەم بۆ هەمیشە دەمێنێەوە" کۆتا ڕستەی بووە. 


سەرچاوەکان



1254 بینین