مێسۆفۆنیا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-17-22:34:00 - کۆدی بابەت: 7292
مێسۆفۆنیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێسۆفۆنیا (بە ئینگلیزی: Misophonia) ناڕێکییەکە کە تێیدا کەسی تووشبوو بە چەند دەنگێکی فیزیایی لایەنی کاردانەوەی سۆزداری و دەروونی هاندەدرێت، کە ئەم کاردانەوانە وەک هەڵسوکەوتێکی بێ هۆکار دەدانرێن، ئەو کەسانەی کە مێسۆفۆنیایان هەیە حاڵەتەکەیان بە (ئەو دەنگەی شێتت دەکات) پێناسە دەکەن، کاردانەوەکانیان مەودایەکی فراوان لە کاردانەوەی وەک تووڕەیی و بێزاری تاکوو ترس و ویستی هەڵهاتن لەو دەنگە دەگرێتەوە، ئەم ناڕێکییە زۆرجار پێی دەوترێت نەخۆشی هەستیاریی بە دەنگێکی دیاریکراو.
تووشبووانی مێسۆفۆنیا باسیان لەوە کردووە کە بەزۆری بەو دەنگانە بێزاردەبن کە لە دەمەوە دەردەچن، وەک ئەو دەنگەی کە هەندێک کەس لە کاتی خواردندا دەری دەکەن (مڵچە مڵچ)، هەناسەدان یان جوین، هەروەها بە دەنگی دیکەی وەک دەنگی تەختەکلیل (کیبۆرد)، پەنجە داگرتن لەسەر شتێک یان دەنگی سڕینی شووشە.
هەروەها ئەو کەسانەی کە تووشی مێسۆفۆنیا بوون جگە لە دەنگ زۆرجار بە بینینی ئەو کردارانەی کە دەنگە بێزارکەرەکان دەردەکەن تێکدەچن، لەگەڵ ئەوەشدا بە توندی کاردانەوەیان هەیە بۆ جووڵەی دووبارەی دەوروبەر، توێژەرەوەکان بڕوایان وایە کە ئەو کەسانەی تووشبووی مێسۆفۆنیان دەکرێت مێشکیان لە چۆنییەتی پاڵاوتنی دەنگەکاندا کێشەی هەبێت، هەروەها هۆکاری بێزارییان لەو دەنگانە دووبارەبوونەوەی یەک لەدوای یەکی دەنگەکان بێت، ئەم دووبارەکردنەوەیەش دەبێتە هۆی پەستکردنی بیسەر و دروستکردنی کێشە لە پڕۆسەی مێشکیدا.

هاندەرەکان

دەنگە هاندەرەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەشێوەیەی بەرفراوان دەگۆڕێن، هەروەها ڕێژەی ئەم دەنگانە بەپێی تێپەڕبوونی کات دەکرێت زیاد بکەن، کاتێک کە بۆ یەکەمجار کەسێک تووشی مێسۆفۆنیا دەبێت کاردانەوەی بۆ یەک دەنگی تایبەت دەبێت، دواتر دەکرێت دەنگی دیکەش وای لێبکات بە هەمان شێوە بێزار ببێت، زۆربەی ئەم دەنگە بێزارکەرانە ئەو دەنگانەن کە لە دەمی کەسانی دیکەوە دەردەچن، وەک:

  • دەنگی کرماندنی خواردن.
  • هەڵقوڕاندن.
  • قووتدان.
  • هەناسەدان بە دەنگی بەرز.
  • دەنگی پاککردنەوەی قوڕگ.
  • مڵچە مڵچکردن.

دەنگە بێزارکەرەکانی دیکە بریتیین لە:

  • دەنگی خشانی قەڵەم لەسەر کاغەز.
  • مشکردن بە لووت.
  • دەنگی تەختەکلیل (کیبۆرد).
  • تەقەتەقکردن بە نووکی قەڵەم.
  • خشەی کاغەز.
  • چرکە چرکی کاتژمێر.
  • پێخشاندن بە زەویدا لە کاتی ڕۆیشتندا.
  • دەنگی کێشان بە شووشە و کەلوپەلی زیو.
  • دەنگی بڕینی نینۆک یان ڕێککردنی.
  • چریکەی باڵندە.

هەندێک کەسیش بە بینینی هەندێک هاندەر کاردانەوەیان دەبێت، وەک بینینی کەسێک کە ئەم کارانە ئەنجام بدات:

  • لەرینەوە و بەردەوام جووڵاندنی قاچ و پێ.
  • سڕینی لووت.
  • سوڕاندنی پرچ یان قەڵەم بە دەست.
  • جوینی خواردن بە دەمی کراوەوە.
  • جووڵاندنی لێو یاخود شەویلگە بە ئاڕاستەی جووڵەی جوینی خواردن.

ئەگەر تووشبووی مێسۆفۆنیا بیت دەکرێت تێبینی ئەوەت کردبێت کە دەرکردنی هەمان دەنگ لەلایەن خۆتەوە تووشی هیچ کاردانەوەیەکت ناکات، بۆیە هەندێک کەس پێیان وایە لاساییکردنەوەی دەنگە بێزارکەرەکان لەلایەن خۆیانەوە یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی بێزاربوونیان.

نیشانەکان

مێسۆفۆنیا بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت بەم نیشانە سەرەکییە بناسرێتەوە: (کاردانەوەیەکی بەهێزی نەرێنی کاتێک گوێی لە دەنگە هاندەرەکان دەبێت).
ئەگەر وردتر باس بکرێت ئەم کاردانەوەیە دەکرێت مەودایەکی فراوان لە هەست و سۆز و هەستکردنی جەستەیی بگرێتەوە:

  • هەستکردن بە بێزاریی، هەڵچوون، تووڕەیی زۆر، کینە یان هەستی زیادەڕەوەی کردن وەک خواستی هەژانی جەستەیی یان سەرزارەکی، نائاسوودەیی و شڵەژانی زۆر لەو دۆخانەی کە ئەو دەنگانە دەبیستن کە بێزارییان دەکات.
  • هەستی دڵەڕاوکێ و ترس وەک هەستی بێزارکردنی بە ئەنقەست و لەدەست دانی کۆنترۆڵ.
  • هەناسە توندی و هەستی پەستانێک لەسەر هەموو لەش یاخود لەسەر سنگ.
  • زیادبوونی خێرایی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و پلەی گەرمی لەش.

تێبینی: ئەم نیشانانە بەشێوەیەکی گشتی بۆ یەکەمجار لە تەمەنی تازە پێگەیشتن یان پێگەیشتوواندا دەردەکەون.

ئەگەر کەسێکیت کە بەدەست مێسۆفۆنیاوە دەناڵێنیت ئەوا دەتوانیت کاردانەوەی خۆت هەست پێ بکەیت بۆ چەند دەنگێکی دیاریکراو، هەروەها هەست دەکەیت کە قورسە بۆت زاڵ ببیت بەسەر ئەو بێزارییەی بەهۆی بیستنی ئەو دەنگانەوە تووشی دەبیت، یان ناتوانیت توندی کاردانەوەت ڕێک بخەیت.

کاردانەوە

ئەم ناڕێکییە دەکرێت مامناوەند یان توند بێت، کەسانی تووشبوو بەشێوەی جیاواز باسیان لەوە کردووە کە مەودایەکی فراوانیان لە کاردانەوەی دەروونی و سۆزداری هەبووە، ئەوانەی کە کاردانەوەی مامناوەندیان هەبووە هەستیان بە:

  • دڵەڕاوکێ.
  • نائاسوودەیی.
  • ویستی بەجێهێشتنی ئەو شوێنە.
  • بێزکردنەوە.

ئەوانەشی کە کاردانەوەی توندیان هەبووە، دەنگەکان بوونەتە هۆی:

  • کینە.
  • تووڕەیی.
  • بێزاری.
  • ترس.
  • سام.
  • هەستی پەست بوون.

ئەم ناڕێکییە دەکرێت کێشە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی کەسی تووشبوو دروست بکات، ئەو کەسانەی کە تووشبووی مێسۆفۆنیان بەوە ناسراون کە تووشی دڵەڕاوکێیەکی چاوەڕوانکراو دەبن کاتێک کە دەچنە دۆخێک یان شوێنێک و ئەو دەنگانە دەبیستن کە بێزارییان دەکات، دەکرێت ئەم کەسانە دووربکەونەوە لە نانخواردن و چێشتخانە یان نەتوانن لەگەڵ هاوسەرەکەیان، خێزان یان هاوژووریان نان بخۆن و بەجیا نان بخۆن.
بەپێی تێپەڕبوونی کات کاردانەوەیان دەبێت بە بینینی ئەو شتانەشی کە ئەو دەنگەیان لێدەردەچێت کە بێزارییان دەکات.

هۆکار

تەمەنی دەست پێکردنی ئەم حاڵەتە درێژخایەنە تاکوو ئێستا بە تەواوی دیاری نەکراوە، بەڵام هەندێک کەس باسیان لە بوونی نیشانەکان کردووە لە تەمەنی نێوان ٩ بۆ ١٣ ساڵیدا، تووشبوون بە مێسۆفۆنیا زیاتر لە کچاندا باوە و بەخێرایی تووشیان دەبێت، هەروەها دیاری نەکراوە کە پەیوەندی بە هەر ڕووداوێکی ژیانەوە هەبێت، پزیشکان دڵنیانین لەوەی کە چ شتێک هۆکارە بۆ تووشبوون بە مێسۆفۆنیا، بەڵام ئەوە حاڵەتێک نییە کە هۆکارەکەی کێشەی گوێیەکان بێت، بەڵکوو پێیان وایە کە ئەم ناڕێکییە بەشێکی دەروونی و بەشێکیشی جەستەیی بێت، هەروەها دەکرێت پەیوەست بێت بە چۆنییەتی کاریگەری ئەو دەنگانە لەسەر مێشک و هاندانی کاردانەوە خودکارەکانی لەش، چونکە گوێیەکانی کەسی توشبوو بێ کێشەن و توانای بیستنی باشە، دەکرێت پزیشک کێشەی هەبێت لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتەدا، هەروەها هەندێک جار تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ دڵەڕاوکێ و نەخۆشی دوو جەمسەری، هەندێک پزیشک پێیان وایە کە دەبێت وەک ناڕێکییەکی نوێ پۆلێن بکرێت.
زۆرجار پزیشکەکان بێ ئاگان لەم جۆرە حاڵەتە، هەروەها هیچ بۆچوونێکی گشتگیر نییە بۆ پۆلێنکردنی ئەم جۆرە حاڵەتە و ناساندنی، مێسۆفۆنیا وا دەردەکەوێت کە حاڵەتێکی سەربەخۆ بێت و هەندێک جاریش لەگەڵ کێشەی دیکەی تەندروستی و گەشەکردن و دەروونیدا ڕوودەدات.
توێژینەوەیەکی گرنگ و لەناکاو لە ساڵی ٢٠٢١ ئەوەی دۆزیوەتەوە کە ئەم ناڕێکییە سەرچاوەکەی مێشکە، توێژەرەوەکان ئاماژەیان بە ناڕێکی لە پەیوەست بوونی ئەو بەشانەی مێشک داوە کە کار لەسەر هەردوو کرداری هاندانی دەنگ و کاردانەوەی ڕووبەڕوو بوونەوە و هەڵهاتن دەکەن، هەروەها ئەو بەشانەی مێشکیش دەگرێتەوە کە گرنگی دەنگەکان دەنرخێنن.

چارەسەر

ئەم ناڕێکییە دەتوانێت کاربکاتە سەر ژیانی ڕۆژانە، بەڵام دەتوانرێت بە فێربوونی چۆنییەتی ڕێکخستنەکەی ڕێکبخرێت، چارەسەرەکە زۆرجار ڕێگایەکی فرەلق دەگرێتەوە کە لەلایەن دەنگزانان و ڕاوێژکارانی یاریدەدەرەوە چەند دەنگێکی چارەسەرکەر لێک دەدەن و تێیدا چەند چارەسەرێکی کرداری دووبارە دەکرێنەوە. 
هەروەها دەتوانرێت ئامێرێکی وەک بوژانەوەی بیستن بەکاربێت کە دەنگێک لە گوێیەکاندا دروست دەکات هاوتایە لەگەڵ دەنگی تاڤگەدا، ئەم ژاوەژاوە لە گوێدا وادەکات بیسەر سەرنجی لای دەنگە بێزارکەرەکانی دەوروبەر نەمێنێت و کاردانەوەی کەم دەکاتەوە.
شێوازی ژیانیش بەهەمان شێوە کاریگەری هەیە، وەک وەرزشکردن بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و خەوی باش و ڕێکخستنی پەستانی دەروونی، جگە لەوانەش دەتوانرێت گوێ کپکەر بەکاربێت بۆ نەبیستنی ئەو دەنگانە.


سەرچاوەکان



1305 بینین