زانیاری باو

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2021-12-24-13:52:00 - کۆدی بابەت: 7367
زانیاری باو

ناوه‌ڕۆك

زانیاری باو چییە؟

ڕەنگە گوێت لە خەڵکی بووبێت کە وتبێتیان پێویست ناکات بەڵگە لەسەر زانیارییەکەت بهێنیتەوە لەبەر ئەوەی زانیارییەکی باوە و هەمووان دەیزانین، زانیاری باو (بە ئینگلیزی: Common knowledge) بریتییە لەو زانیارییانەی کە تێکڕای خوێنەری  ڕووناکبیران پەسەندی دەکەن و متمانەی پێ دەکەن، بەبێ ئەوەی بگەڕێن تا لە سەرچاوەکانەوە بیدۆزنەوە، بۆ نموونە وەک: ئەو زانیارییانەی زۆرینەی خەڵکی دەیزانن (ڕاستییە جێگیرەکان - فاکت) بۆ نموونەی شەو و ڕۆژ ٢٤ کاتژمێرە یاخود ئاو لە پلەی سفری سەدیدا دەیبەستێت، ئەو زانیارییانەی لەلایەن کولتوور یان گروپێکی نەتەوەییەوە بڵاو کراوەتەوە، نموونە وەک: ناوی پاڵەوان و نووسەر و زانا دیارەکان وەک ئەنیشتاین، ئەو زانیارییانەی کە تایبەتن بە بوارێکی دیاریکراو بۆ نموونەی وەک یاساکانی نیوتن.

زانیاری باو ئەو زانیارییانەیە کە هەمووان یاخود بە نزیکەیی زۆرینەی خەڵکی دەیزانن و دەکرێت سەبارەت بە بابەتێک بێت وەک زانست، ئەدەب، مێژوو، یاخود بابەتە هونەرییەکان، زۆرجار زانیارییە باوەکان پێویستیان بەوە نییە ئاماژە بە سەرچاوەکانی بکرێت و جیاوازییان هەیە لەگەڵ زانیارییە گشتییەکاندا.

زانیارییە باوەکان بە شێوەیەکی فراوان ئاماژە بەو زانیارییانە دەکەن کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بە شێوەیەکی بڕوا پێ کراو  پەسەند دەکرێن وەک ئەو زانیارییانەی کە چەندەها بەکارهێنەر دەیزانن، هەروەها دانانی شتێک لە چوارچێوەی زانیارییە باوەکاندا پێویستی بە ڕەچاوکردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵ، تاک، کاتێکی دیاریکرا و شوێنەکەوە هەیە و دەست نیشان کردنی شتێک وەک زانیارییەکی باو جیاوازی هەیە بە پێی جیاوازی کۆمەڵەکان، جیاوازییەکانیش لە کات و ماوە و کولتوور و ژمارەی دانیشتوان و ئاست و تەمەن و پێکهاتەی دانیشتووانەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە ڕەنگە زانیارییەک لە وڵاتێکدا باو بێت بەڵام لە شوێن و جێگەیەکی تر وانەبێت و ئەوانیش زانیاریی باوی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت.

زانیارییە باوەکان جێگیر نین

زانیارییە باوەکان هەردەم بە جێگیری نامێننەوە بەڵکو بە پێی کات دەگۆڕێن و زانیاری باوی تر دروست دەبن و جێگەیان دەگرنەوە، ڕەنگە زانیارییەک لە نێو کۆمەڵگەیەکدا باو بووبێت بەڵام دواتر سەلمێنرابێت کە هەڵەیە و ڕاست نییە، بۆ نموونە چەندەها سەدە وا بڵاو ببوەوە لە نێو خەڵکیدا کە خۆر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، بەڵام لەدوای ساڵانێک لێکۆڵینەوە ئێستا زانیارییە باوەکە ئەوەیە کە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

زانیارییە باوەکان و پێوەرە گەورەکان

لە پێوەرێکی جیهانی گەورەدا، ناتوانرێت بە نزیکەیی هیچ زانیارییەک وەک زانیارییەکی باو پێناسە بکرێت چونکە سەختە بزانرێت کە ڕاستییە جێگیرەکەی ئەو زانیارییە تا چ ڕادەیەک لە ناو دانیشتوانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە بەبێ لێکۆڵینەوە لە فراوانی دانیشتوانی جیهان، بۆ نموونە ڕەنگە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە زۆربەی جیهاندا زانراو و ناسراو بێت و بە زانیارییەکی باو هەژمار بکرێت بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی و پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە هەیە، بەم هۆکارەیە تاک ناتوانێت وا دابنێت کە تێگەشتنی تەواوی بۆ (ڕاستییە جێگیرەکان - فاکت) هەیە وەکو زانیارییەکی باو، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە زانیاری گشت دانیشتوانی جیهان بکات.

بیروباوەڕە باوەکان

پێناسە کردنی (ڕاستییە جێگیرەکان - فاکتەکان) لە ڕووی بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە ئاسان نییە چونکە هەندێک لە زاناکان ئاماژە بە جیاکردنەوەی زانیارییە باوەکان لەگەڵ بیروباوەڕە باوەکان دەکەن، بیروباوەڕە باوەکان شتێکە کە ئاسانتر پێناسە دەکرێت چونکە تەنیا ئەوەیە کە کۆمەڵێک، کۆمەڵگەیەک، یاخود کولتوورێک باوەڕیان بەوە هەیە شتێک ڕاستە، لەهەمان کاتدا زانیارییە باوەکان بێجگە لەو خاڵانە پێویستیشی بەوەیە ڕاستییەکە بسەلمێنرێت.

هەروەها زۆر تەکنیک گەشەیان سەندووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەبارەت بە جیاکردنەوەی گرنگی ڕاستییە گۆڕاو و ڕاستییە جێگیر و نەگۆڕاوەکاندا هەیە و پاشان هەوڵدان بۆ ناساندنیان وەک ڕاستییەکی باو.


سەرچاوەکان



1033 بینین