بودجەی گشتی

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-03-17:11:00 - کۆدی بابەت: 7481
بودجەی گشتی

ناوه‌ڕۆك

بودجەی گشتی چییە؟

بودجەی گشتی وڵات (بە عەرەبی: الموازنة العامة للدولة، بە ئینگلیزی: government budget) بەو هاوکێشەیە پێناسە دەکرێت کە دەوڵەت پێشبینییەکانی خۆی بۆ ساڵێک یان ماوەیەکی دیاریکراو دەخاتە ڕوو، بەو ماوەیە دەگوترێت ساڵی دارایی دەکرێت ئەم بودجەیە لەگەڵ ساڵنامە بگونجێت یان نەگونجێت، بەو مانایەی هەندێک جار ئەو بودجەی دیاریکراوە لە ۱/١ بۆ ٣١/۱۲ نییە، ئەم وشەیە لە وشەی (bougette) بووجیتی زمانی فەڕەنسییەوە وەرگیراوە بە واتای جانتا بچووکەکە دێت، خەرجییەکان و داهاتەکانی حکوومەت لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی بودجەن.

ئامانج لە هەبوونی بودچە چییە؟

بودجە کار لەسەر خەمڵاندنی خەرجییەکانی بەڕێوبردن و ڕێکخستن و کاروباری دەوڵەت و داهات و سەرچاوەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەکات، هەروەها خوێندنەوە بۆ بارودۆخەکان و ئامانجە داراییەکانی داهاتوو دەکات، کاری پێشبینیکردن و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی ئایندە پشت بە بودجەی ساڵی پێشوو دەبەستێت، بەڵام هەندێک جار خەرجی و داهات گۆڕانی بەسەردا دێت وەک ساڵی پێشوو نابێت بە گشتی بارودۆخی نەخوازراوەکان ئەم گۆڕانە دروست دەکەن بۆ نموونە (کارەساتە سروشتییەکان، جەنگ، بوونی بەرهەم و داهاتی زیاتر، هەبوونی پلانی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە خراپەکان خۆی لەخۆیدا کارەساتێکی دیکەیە، بودجە کار لەسەر ئەو ئامانجانە دەکات کە پەیوەندییان بە (بڕ)ـەوە هەیە وەک پێوانەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکان و هەروەها ئامرازێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە نەرێنییە پێشبینی کراوەکان، گرنگی بودجە لە سەدەی بیستەمەوە دەرکەوت، ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی چالاکییە ئابورییەکانەوە بوو، بودجەی گشتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی حکوومەت هەیە، ئەم  کاریگەری و زاڵبوونە دەکرێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت.

ئەرکی بەڕێوبەراییەتی و فەرمانگەکانە پێش مانگی ۱ـی هەموو ساڵێک خەرجی و داهاتە پێشبینی کراوەکانیان پێشکەش بە وەزارەتەکانیان بکەن و ئەوانیش پێشکەشی بەڕێوبەرایەی بودجەی دەکەن دواتر ئەرکی وەزارەتی پلان دانان و داراییە کە بودجەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکات و پەرلەمان بڕیاری کۆتای لەسەر بووجەکە دەدات بە پەسەند کردن یان دووبارە بەدواداچوون کردنەوە.

گرنگی بودجە بۆ وڵات

- چاودێری کردنی داهات و خەرجییە گشییەکانی حکوومەت.

- بەکارهێنانی باج بۆ زیادکردنی داهات و دابەشکردنی داهات.

- هاندانی پرۆژە و چالاکییه پێویستەکان و دامرکاندنەوەی پرۆژە بێ سوودەکان.

- کاریگەری زۆری لەسەر سەرمایەی حکوومەت و ڕێژەی سوودی بانکی هەیە.

- هاونیشتیمانیان بەرچاو ڕوون دەبن لە دۆخی ئابوری و دارایی وڵات دەتوانن پلان و کار و بودجەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بودجەی حکوومەت.

- پێکهاتەی ئەم هاوکێشەیە داهات و خەرجییە کە دوو توخمی گرنگی ئابووری نەتەوەین ڕێکخستنی ئەم هاوکێشە  دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجەکانی سیاسەتی ئابووری دەوڵەت.

- سنوردانان بۆ بەرز و نزمی و گۆڕانە ئابوورییەکان.

- گەشەدان بە ئابووری و خۆ دەربازکردن لە دۆخی سستی و پاشەکشەی ئابووری لە ڕێگای زاڵبوون بەسەر هەڵئاوسانی ئابووریدا.

- کاریگەری لەسەر دابەشکردنی داهاتی گشتی هەیە بە جۆرێک ئەگەر بێت و کورتهێنان لە بودجە ڕووبدات داهاتی تاک کەم دەکات، هاندانی کار و پرۆژەکان بە جۆرێکی دیکە دەبن.

- چاودێری کردنی سامانی دەوڵەت ئەویش لە ڕێگای چاودێری کردنی بانکە حکوومییە ئاست جیاوازەکانەوە دەبێت.

- هاوکاری و بەرچاو ڕوونییەکی باشی حکوومەتە لە بڕیارە چارەنووس سازەکاندا.

کورتهێنانی بودجەی گشتی دەوڵەت

کورتهێنانی بودجە بریتییە لە ناهاوسەنگی هاوکێشەکە بە جۆرێک خەرجی زیاتر بێت لە داهات، کەمی داهات و نزمی ڕێژەی باجی سەپێنراو لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووست بوونی کورتهێنانن، نەبوونی یەدەگی تایبەت بۆ ڕووداوە کتۆپڕەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان و بەرزبوونەوەی خەرجی حکوومەت و کورتهێنان دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ئابووریبەدوایدا کەمی قازانجی کۆمپانیاکان و بەرزبوونەوە ڕێژەی بێکاری و کەمبوونەوەی داهاتی باج، لەم دۆخانەدا کە بودجەی دەوڵەت کورتهێنانی بەسەر دێت دەوڵەت هەڵدەستێت بە پەیڕەوکردنی سیاسەتە داراییەکان، لەم کاتانەدا دەبێت خەرجییەکانی کەم بکاتەوە یان قەرز لە وڵاتانی دیکە یان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت یان بە پلان دەست بە فراوانکردنی ئابووری بکات ئەمەش دەبێتە هۆی باشبوونی لایەنی ئابووری و دارایی و دەوڵەت دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان قەرزەکانی بداتەوە.

دەتوانی ڕێژەی کورتهێنان دەست نیشان بکەیت بە دیاریکردنی ڕێژەی قەرز لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی کاتێک ڕێژەی قەرز لە بەرهەمی ناوخۆی یەکسان بێت بە ۷۷٪ یان کەمتر بێت وا لە دەوڵەت دەکات هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ بەرزکرنەوە داهات و ڕێژەی باج و نەهێشتنی کورتهێنان، یەکێک لە سیاسەتە داراییەکان کە حکوومەت پەیڕەوی دەکات بریتییە لە سیاسەتی خۆگرتنەوە (الانکماش)  ئەم سیاسەتە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و کەم کردنەوەی نرخی کاڵا و شمەک بەکاردێت ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ پاشەکەوت کردن لە ئێستادا بۆ دانەوەی قەرز لە داهاتوودا.


سەرچاوەکان



5980 بینین