شارۆچکەی زوبێر 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-06-14:32:00 - کۆدی بابەت: 7511
شارۆچکەی زوبێر 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی زوبێر (بە عەرەبی: الزبیر) (بە ئینگلیز: Alzubair) ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای بەسڕەیە، دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری عێراقەوە، هاوسنوورە لەگەڵ چەند ناوچەیەکی بیابانی نموونەی "بیابانی نەجد"، لە چوار ناحیەی سەرەکی پێکاتووە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 7,243 کیلۆمتر دووجایە. 

دانیشتوان

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی سوننەن، چەندان هۆز و عەشیرەتی عەرەبی ناودار دانیشتوی ناوچەکەن نموونەی نەجد و  یەمانی و چەندانی تر، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2018 لە عێراق ژمارەی دانیشتوانی زوبێر لەگەڵ ئەو  ناحیانەی کە سەر بە شارۆچکەکەن نزیکەی 511 هەزار کەسن، ناوچەکە بە کشتوکاڵی ناودارە بە تایبەتی بەرهەمەکانی شووتی و خەیار و تەماتە.

مێژووی ناوچەکە

ـ واتای ناوەکەی: ناوی شارۆچکەکە لە ناوی هاوڵ و کوڕە پووری پێغەمبەر ﷺ "زوبێری کوڕی عەوام" وەرگیراوە و کە یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتیان پێدراوە، گۆڕ و مەزاری ئەو هاوەڵە هەر لەو شارۆچکەیەیە.
ـ مێژووی دروستبوونی: شارۆچکەی زوبێر لە سەردەمی عوسمانییەکان بنیاتنراوە، لەلایەن سوڵتان سەلیمی دووەم  لە ساڵی 1571 شارۆچکەکە دروستکراوە.
ـ زۆرێک لە ناوچە و گەڕەکەکانی زوبێر هەر بە ناوی  کەسایەتییە ناودارەکانی هۆزی نەجدەوە ناونراوە.
ـ بەهۆی ئەوەی چەندان بیرە نەوتی گرنگی تێدایە، بەر بۆردومانەکانی جەنگی کەنداو کەوت و زیانی زۆر بە ناوچەکە گەیشت.
ـ بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافی ناوچەکە و نزیکی لە وڵاتی کوەیت، شارۆچکەی زوبێر بەپێی سەردەم و دەسەڵاتەکان بایەخی خۆی هەبووە، وەکوو وێستگە و بەندەری گەیاندنی بازرگانی بووە لە عێراق.

نەریتە باوەکانی شارۆچکەکە

ئەم شارۆچکەیە کۆمەڵێک دابوونەریتی هەیە مۆرکی خێڵایەتی و هۆزداری پێوە دیارە، گرنترین نەریتی ناوچەکە بریتییە لە دابوونەریتی هاوسەرگیری، ئەوان هاوسەرگیری تەنها لەنێوان خۆیان ئەنجام دەەن، واتا تەنها لەنێوان هۆز و عەشیرەتەکانی ناوچەکەی خۆیان بۆیان هەیە هاوسەرگیری بکەن، هەروەها دانیشتوانەکەی زۆر ئارەزوویان لە ڕاوکردن هەیە، بەهۆی نزیکیان لە بیابانەکانی عێراق، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئاژەڵی کێوی و هەمەجۆر ڕاوبکەن.

کەسایەتییە ناودارەکانی ناوچەکە

ـ حەسەنی بەسڕی: پیاوچاکی ئیسلامی 
ـ ڕابیعەی عەدەوی: ژنە ناوداری ئیسلامی 
ـ مالیکی کوڕی دینار: پیاوچاکی ئیسلامی 
ـ ئیبن سیرین: ڕاڤەکەری خەون وخاوەن چەندین خەونامە
ـ فەرەزدەق: شاعیری ناوداری عەرەبی
ـ بەدر شاکر سەیاب: شاعیری عەرەبی


سەرچاوەکان



450 بینین