چەقەڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-09-14:18:00 - کۆدی بابەت: 7544
چەقەڵ

ناوه‌ڕۆك

چەقەڵەکان

چەقەڵ (بە ئینگلیزی: jackal)، یەکێکە لە ئەو ئاژەڵانەی کە لە خێزانی سەگەکاندا پۆلێندەکرێت، کە ئەم خێزانە هەریەک لە گورگ و ڕێوی و سەگەکان لەخۆ دەگرێت، نشینگەی چەقەلەکان ناوچە جیاوازەکانی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا دەگرێتەوە، شێوازی ژیانکردنیان بە چەند جۆرێکە، دەکرێت بە تەنها بێت یان جووت دانەن بن پێکەوە یاخود لە کۆمەڵەدا بن کە بە گشتی لە ٦ ئەندام پێکهاتووە، هەندێکجار خەڵکی باوەڕیان وایە کە ڕێوی و چەقەڵ هەمان گیانەوەرن و ناتوانن جیاکاری بکەن لە نێوانیاندا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە شێوەیان زۆر لەیەک دەچیت، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی هەندێک جۆری دیاریکراوی چەقەڵەکان هەمان خۆراک دەخۆن کە ڕێوییەکان دەیکەن بە ژەمی خۆراکی، واتە شێوازی ژیانکردنیان لە یەکدی نزیکە، چەقەڵ گیانەوەرێکی دەگمەن نییە و مرۆڤەکان بە ئاسانی دەتوانن بیانبینن لە ناوچە کێڵگە و گەشتیارییەکان و نزیک جێگەی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان و گوندەکانیش.

شێوەی دەرەوەی

تایبەتمەندە بە ڕووخسارە بچووکەکەی کە هاوشێوەی ڕێوییە، کلکی بە گەندەموو داپۆشراوە و قاچەکانی باریک و ناسکن، بەڵام قەبارەی پێیەکانی گەورەن و ئێسکەکانی قاچیشی پێکداچوون کە بەهۆیانەوە توانای ڕاکردنی خێرای هەیە، لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت ١٦ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها گوێچکەکانیشی هاوشێوەی گوێچکەی سەگی شوانی ئەڵمانییە، ئەو جێگەیەی کە تایبەتمەندە بە خۆی بە میز و پیسایی دیاریدەکات، بۆ پاراستنیشی لە دژی هەر گیانەوەرێکی دیکە شەڕیان لەگەڵدا دەکات، ڕەنگی فەرووەکەی دەکرێت نزیک ڕەنگی زەرد یان ژەنگی بێت هەروەها  دەکرێت بە گوێرەی جۆرەکانی ڕەنگی پشتی بگۆڕێت یان تەنیشتەکانی هێڵدار یاخود میلدار بێت. 

خۆراک

چەقەڵ یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، ژەمە خۆراکییەکانی بە گشتی پێکهاتووە لە باڵندەی زەمینەیی و خشۆک و ئاسک و مێرووەکان، هەروەها بەروبومە ڕووەکییەکان و توو و گژوگیا، هەروەها دەتوانێت پاشماوەی خۆراکی گیانەوەرەکانی دیکەش بخوات، تەنانەت تەرم و لاشە شیبووەوەکانیش دەخوات، لە ئەو وەرزانەی کە خۆراک تیایدا بە دەگمەن بەدەستدێت ئەوا دەکرێت پاشماوەی مرۆڤەکان بخۆن، زۆرینەی جارەکان چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات، لە ماوەکانی بەرەبەیان و ئێواراندا چالاک نییە، شێوازی ڕاوکردنیشی دەکرێت بە تەنها بێت یاخود لەگەڵ کۆمەڵەدا بێت، هەروەها چەقەڵەکان خۆشیان دەبن بە نێچیری پڵنگ و هەڵۆ و کەمتیارەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

پاش یەکگرتنی نێرینە و مێینە، بەدوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکە ٥٧-٧٠ ڕۆژ دەخایەنێت، لە هەر جارێکدا ٢-٤ بێچووی دەبێت، کە هەردوو دایک و باوکەکە هاوبەشن لە گرنگی پێدان بە بێچووەکانیان، سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان نابینان و دوای ١٠ ڕۆژ چاوەکانیان دەکرێتەوە، خۆراکەکەشیان بریتییە لە شیری دایکەکە لەگەڵ ئەو خۆراکەی کە بۆیان هەڵدەهێنێتەوە (یەقدانەوە)، پاش ئەوەی تەمەنیان دەبێت بە ٢ مانگ لە شیری دایکیان دەبڕدرێنەوە، لە تەمەنی ٦ مانگیدا توانای پشتبەخۆبەستن و ڕاوکردنی خۆراکیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی چەقەڵەکان لە سروشتدا دەگاتە ٨-٩ ساڵ، بەڵام لە جێگەی تایبەتدا کە گرنگی پێدەدرێت دەکرێت تەمەنی بگاتە ١٦ ساڵ.

جۆرەکانی

تەنها ٤ جۆری جیاواز لە چەقەڵ هەیە، بەم شێوەیە:

  • چەقەڵی ئاڵتوونی یان ئاسیایی: کە لە ناوچەکانی نێوان ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەتا باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەتەوە.
  • چەقەڵی ئەفریقی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا بڵابووەتەوە، ڕەنگی فەرووەکەی نزیکە لە زەرد و لەم تایبەتمەندییەیدا لە چەقەڵی ئاڵتوونییەوە نزیکە.
  • چەقەڵی پشت ڕەش: ئەم جۆرەیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا دەژی، ڕەنگی پشتی ڕەشە و بەشەکانی دیکەی فەرووەکەی سوورێکی ژەنگاوییە.
  • چەقەڵی تەنیشت هێڵدار: ئەم جۆرەشیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا دەژی، ڕەنگی فەرووەکەی نزیکە لە ڕەنگی ڕەساسییەوە، و بەشی کۆتایی کلکەکەی سپییە، هەروەها هاوشێوەی ناوەکەی لە تەنیشتەکانەوە فەرووەکەی هێڵداری کاڵە


سەرچاوەکان



2174 بینین