کەمتیار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-20-17:10:00 - کۆدی بابەت: 6645
کەمتیار

ناوه‌ڕۆك

کەمتیارەکان

کەمتیارەکان (hyena) لە خێزانی سەگە دڕندەکانن، بە مەمکدار پۆلێندەکرێن، زۆربەیان لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقادا دەژین، خۆراکی سەرەکییان بریتییە لە خواردنی جەستە مردووەکان، بە نێچیر گرێکی فێڵباز دەناسرێن و زۆر زیرەکن، هەروەها هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ و ئەوانەی پیادەن، هاوشێوەی شەمشەمە کوێرەکان بە ڕۆژدا دەخەون و بە شەودا دەڕۆن بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، هەندێکجار کەمتیار سەرکێشی دەکات و بە بەیانیانی زوو لە لانەکەی دەردەچێت، دەوترێت هیچ کاتێک تێر بوون و هیلاک بوون و بێزار بوون نازانێت، چاوبرسییە و ڕاوی زۆر دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاژەڵی گەورەی وەک شێر و پڵنگ ڕاو ناکات، لە ناو خەڵکیدا بە ترسنۆک ناودەبرێت، بەڵام لە چیرۆک و نووسینە کۆنەکاندا بە ترسناک ناودەبرێت، کە پێویستبووە لەناوببرێت، لە ئێستادا باوەڕ وایە کە کەمتیارەکان دەتوانن گۆڕەکان و پیادە و منداڵەکان بدزن، هەروەها ئەندامێکی بۆ جادوو کردن بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا هەندێک لە ئەندامەکانی دیکەی جەستەی بۆ چارەسەکردنی نەخۆشی بەکاردەهێنرێت.

شێوەی دەرەوەی

پەلەکانی پێشەوەی درێژترە لە پەلەکانی دواوەی، شەویلگەی بەهێز و کاکیلەی گەورەی هەیە، یارمەتی دەدات لە پارچەکردن و گواستنەوەی نێچیرەکەی، هەستی بینینی تیژە، و بۆنکردنیشی بەهێزە، هاوکاری دەکات لە زانینی جێگەی تەرمەکان.

ڕەوشتەکانی

کەمتیارەکان بە کۆمەڵە پێکەوە دەژین، هەندێک جار کۆمەڵەکانیان دەکرێت نزیکەی ٨٠ کەمتیار لەخۆ بگرێت، بۆ ڕاوکردن، ئاژەڵی کێوی دەکەنە نێچیر وەک (باڵندە، مار، مارمێلکە، ڕێوی، هێلکە، مێروو، ئەسپی ئاوی و بزنی کێوی)، خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ٦٠ کم، و ناوچە بەردەڵانەکان پەسەندترین جێگەی مانەوەیانە.

یەکگرتن و زۆربوون

بە پێچەوانەی ئاژەڵەکانی دیکەوە، مێینەی کەمتیارەکان جڵەوی کرداری یەکگرتن دەکەن، بەهۆی گەورەیی قەبارەیان و بەهێزی ماسولکەکانی، هەروەها مێینەکان شەڕانی ترن، کرداری یەکگرتنی کەمتیارەکان زۆر قورسە، توێژەرەکان دەڵێن کەمتیارە نێرینەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕاهێنان دەکەن پێش یەکگرتنەکە، کەمتیارەکان دوای چوار ڕۆژ لە نزیک بوونەوەیان لە یەکتری یەکگرتنەکە لە دەرەوەی کۆمەڵەکە ڕودەدات، ماوەی سکپڕییەکە ٣ مانگ دەخایەنێت ، بە دوایدا بێچووی کەمتیار لەدایکدەبێت، کە ٥-٩ ڕۆژی یەکەم چاوەکانی ناکرێتەوە، ماوەی شیر پێدانی بێچووەکەش ٦ مانگ دەخایەنێت.

جۆرەکانی کەمتیار

  • کەمتیاری خاڵدار: بەربڵاوترین جۆرە، درێژییەکەی دەگاتە ١.٢-١.٨ م، بەرزییەکەی لە چنگییەوە هەتا شانی دەگاتە ٧٧-٨١ سم، کێشی دەکەوێتە نێوان ٤٠-٨٦ کگم، خاڵی جیاکەرەوەی لەگەڵ جۆرەکانی تر، ئەوەیە کە کێشی مێینەکەی بە رێژەی ٪١٠ لە نێرینەکان زیاترە، مێینەکان بە شکۆتر و دڕندە ترن بە بەراورد بە مێینەی جۆرەکانی دیکە، ئەو دەنگەی کەمتیاری خاڵدار دەریدەکات هاوشێوەی پێکەنینی مرۆڤە، بۆیە پێی دەوترێت کەمتیاری پێکەنیناوی.
  • کەمتیاری هێڵدار: بە جەستە هێڵدارەکەی تایبەتمەندە، کە سەر و پەلەکانی و قەدی هیڵی ڕەشی تێدایە، ڕەنگی فەرووەکەی ڕەساسیەکی درێژە و ڕەنگی دەمیشی ڕەشە، درێژییەکەی دەگاتە ١٠٠-١١٥ سم، بەرزییەکەشی هەتا شانەکانی دەگاتە ٦٦-٧٥ سم، کێشی لەنێوان ٢٦-٤١ کگم دایە.
  • کەمتیاری قاوەیی: دووەم باوترین جۆرە، بە قژە درێژەکەی تایبەتمەندە کە قاوەییەکی تۆخە یان ڕەشە، کە لە سەر ملی درێژ دەبێت و لە قاچەکانی و نزیک گوێیەکانی و ڕوخساری کورت دەبێتەوە، کلکێکی کورتیشی هەیە، درێژییەکەی لە نێوان ١٣٠-١٦٠ سم دایە، و کێشی لە نێوان ٣٤-٧٢.٦ کگم دایە.

کۆمەڵێک زانیاری گشتی دەربارەی کەمتیارەکان

  • ئەو دەنگەی دەریدەکەن نامۆیە، لە هەر سەرچاوەیەک و بە گوێرەی ڕەگەز و تەمەنی کەمتیارەکە بە جۆرێک ناودەبرێت، بەڵام بە گشتی دەنگەکەی بێزارکەرە، پێی دەوترێت لوورە یاخود وەڕین.
  • لەگەڵ ئەوەی زۆر هاوشێوەی پشیلەکانە، بەڵام خەڵک زیاتر بە هاوشێوەی سەگی دادەنێن.
  • میکانیزمی هەرسکردنی بەڕادیەک بەهێزە کە پێست و ئێسکەکان هەرس دەکات، دەوترێت کەمتیارەکان توانای خواردنی ئەلەمنیۆمیشیان هەیە، بەڵام ناتوانێت قژ و سم و قۆچ بە تەواوەتی هەرس بکات.


سەرچاوەکان



1397 بینین