قرشی کەرەکێوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-12-18:46:00 - کۆدی بابەت: 7576
قرشی کەرەکێوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قرشی کەرەکێوی (بە ئینگلیزی: zebra shark)، یەکێکە لە ماسییە بێ زیانەکان و جۆرێکی قرشەکانە، نشینگەکەی بە درێژایی زەریاکانە لە هێڵی کەمەرەیدا، کە لە دەوری شیلانەکاندا دەمێنێتەوە لە قوڵایی ٦١ مەتر، یاخود دەکرێت لە هەندێک لە کەنارەکاندا هەبێت، لە نێو خەڵکیدا وا باوە کە قرشەکان گیانەوەری دڕندەن و دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیان، بەڵام بە پێچەوانەی جۆرە مەترسیدارەکانەوە ئەم جۆرەیان زۆر هێمن و بێ زیانە، و شێوازی ژیانکردنیشیان بە کۆمەڵ نییە بەڵکو بە تەنها دەژین، بەڵام دەکرێت ساڵانە هەندێکیان لە ماوەی وەرزی هاویندا پێکەوە ببینرێن، قرشی کەرەکێوی گیانەوەرێک نییە کە مەترسی زۆری لەسەر بێت لە لایەن گیانەوەرەکانی دیکەی نشینگەکەیەوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و چالاکی مرۆڤەکانەوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەر دروستبووە، چەندین هەوڵی جیهانی هەیە بۆ ڕزگارکردنیان، لە ساڵانی ڕابردوودا و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە چلەی هاویندا ژمارەیەک لە ئەم جۆرە قرشە پێکەوە کۆدەبوونەوە، هەتا ئێستەش جێگەی مشتومڕی زاناکانە و هۆکارەکەی نەزانراوە.

شێوەی دەرەوەی

ژمارەیەکی زۆری خەڵکی قرشی پڵنگی و قرشی کەرەکێوی تێکەڵ دەکەن و لێکیان ناکەنەوە، باوەڕیان وایە کە هەمان جۆرن، لە کاتێکدا هەریەکەیان جۆری جیاوازن، جەستەی قرشی کەرەکێوی بە پێستێک داپۆشراوە کە بەڕادەیەکی زۆر نەرم و گونجۆکە و دەتوانێ بە درز و قڵیشاوییە باریکەکاندا تێپەڕێت و خۆراک بەدەستبهێنێت، سەری تەخت و پانە و شێوەی چاوەکانی تیژن و دەکەونە هەردوو تەنیشتەکەی سەریەوە، لووتی کورتە و دەمی بە ژمارەیەکی زۆر ددان پڕبووەتەوە، کە ٥٠-٦٥ ددان دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی درێژییەکەی دەگاتە ٢.٥ مەتر، و جۆرە پێگەیشتووەکانیش درێژی نموونەییان دەگاتە ٣.٥ مەتر، هەروەها درێژترین قرشی کەرەکێوی کە هەتا ئێستا ناسرابێت درێژییەکەی گەشتووەتە ١١ پێ.

خۆراک

ئەم جۆرە قرشە قرتێنەرە، واتە دەتوانێت هەردوو ڕووەک و گۆشتیش بخوات، بە درێژایی ڕۆژەکە نوستووە و بە شەودا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات و ژەمە خۆراکییەکانی بەدەستدەهێنێت، بە گشتی ماسی و قرژاڵ و هێلکە شەیتانۆکە و توێکڵدار و ماری ئاوی و مەرەکەبەکان ڕاودەکات، پەسەندترینیشیان ماسییەکانە، هەروەها خۆشی دەکرێت ببێت بە نێچیری قرش و مرۆڤەکان، وەک ژەمی خۆراکی یاخود مرۆڤەکان سوود وەردەگرن لە زەیتی جگەری.

یەکگرتن و زۆربوون

لە کاتی وەرزی زۆربووندا نێرینەکە نزیک دەبێتەوە لە مێینەکە و بە دوایدا دەڕوات و بە چەندین شێوە گرنگیپێدانی نیشاندادەت، دواتر بۆ ماوەی چەند خولەکێک پێکەوە دەمێننەوە لە قوڵایی ئاودا، کە لە ئەم ماوەیەدا یەکگرتنەکە ڕوودەدات، بەوەی کە نێرینەکە بەشێکی جەستەی دەخاتە نێو مێینەکە، مێینە دەتوانێت بە یەکجار نزیکەی ٤ هێلکەی قاوەیی و ئەرخەوانی بکات، و لە ماوەی وەرزی زۆربووندا هەر مێینەیەک دەتوانێت نزیکەی ٤٦ هێلکە بکات لە زیاتر لە ١١٢ ڕۆژ، و بە گوێرەی پلەی گەرمی نشینگەکەی بۆ ماوەی ٥-٦ مانگ لەسەر هێلکەکان دەمێنێتەوە، لە سەرەتای لەدایکبوونی بێچووەکان بەشی سەرەوەی جەستەیان قاوەییەکی تۆخە و بەشی سکیان زەردە، هەروەها هێڵی زەردیشیان تێدایە، لەگەڵ گەورەبووندا هێڵەکان دابەشدەبن و دەبن بە خاڵ، زانا زیندەییەکانی دەریاکان باوەڕیان وایە کە ئەو هێڵانە وەک هۆکارێکن بۆ فریودان و خۆ حەشاردان لە سەرەتای لەدایکبوونی بێچووەکاندا، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی قرشی کەرەکێوی ١٢-٢٠ ساڵ دەبێت، و هەندێکیان ٢٥- ٣٠ ساڵ دەژین، بەلام باوەڕ وایە کە لە جێگەی داخراودا واتە بە دیلکراوی تەمەنیان کورتترە، بە شێوازێکی ناوازە و تایبەت مێینەی قرشی کەرەکێوی دەتوانێت بە بێ نێرینەکەی هێلکە بکات و بێچووی ببێت، واتە زۆربوونی ناتوخمانە دەکات بە بێ یەکگرتن، ئەمەش بە گوێرەی دوو ڕوودای متمانە پێکراو کە مێینەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە بێ نێرینە ژیاون لە  دوو جێگەی دیاریکراو لە ئوستوڕالیا و دوبەی، دواتر مێینەکان هێلکەیان کردووە و بە سەرکەوتویی بێچووی نێو هێلکەکە هەڵهاتووە. 


سەرچاوەکان



331 بینین