پشکنینی بەرگری ئەنسۆلین

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-01-18-22:19:00 - کۆدی بابەت: 7632
پشکنینی بەرگری ئەنسۆلین

ناوه‌ڕۆك

هۆڕمۆنی ئەنسۆلین

هۆڕمۆنی ئەنسۆلین (بە عەرەبی: فحص مقاومة الإنسولين, بە ئینگلیزی: insulin resistance test) یەکێکە لە هۆڕمۆنە سەرەکییەکانی لەشی مرۆڤ کە جگەر، ماسولکەکان، خانە چەورییەکان هاندەدات بۆ وەرگرتن و بەکارهێنانی گلوکۆزی ناو خوێن، هەروەها زۆربەی خانەکانی لەش پشت بە هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەبەستن بۆ وەرگرتنی گلوکۆز وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە.
لەشی مرۆڤ نیشانەی پێویستی ئەنسۆلینی هەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی جگەر بۆ مژینەوەی گلوکۆز و هەڵگرتنی لە شێوەی گلایکۆجیندا، هەروەها هۆڕمۆنی ئەنسۆلین پەیوەستە بە نەخۆشی شەکرەوە، لە جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرەدا لەش توانای دەردانی ئەنسۆلینی نییە، بەمەش تووشی گرفتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنسۆلین دەبێت و خانەکان وزەیان پێ ناگات، بەڵام لە جۆری دووەمدا خانەکان بەرگرییان بۆ ئەنسۆلین هەیە و تێیدا خانەکانی لەش وەڵامی هۆرمۆنی ئەنسۆلین نادەنەوە، بەمەش گلوکۆز لە ڕێڕەوی خوێندا کەڵەکە دەبێت. 

بەرگری ئەنسۆلین

لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جۆری دووەمدا پەنکریاس بڕێکی زۆرتری ئەنسۆلین دەردەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بەرگرییە، کە مەترسی کەڵەکەبوونی گلوکۆز لە خوێندا زیاد دەکات، پزیشکان پێشنیاری جۆرە پشکنینێکی تایبەت دەکەن کە لە دەوروبەری چل ساڵی ئەنجامدەدرێت، هەروەها لە حاڵەتی هەبوونی پێشینەی خێزانیدا پێویستە زووتر ئەنجام بدرێت نموونەی ئەو نەخۆشیانە (کەمجووڵەیی، بەرزی پەستانی خوێن، بەرزی خەستی کۆلیسترۆڵ.

ناوەندی ڕێگری و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی (CDC) ئەوەی دەرخستووە کە %90ـی نەخۆشانی شەکرە هیچ نیشانەیەکیان نییە، لە ڕاستیدا بەرگری ئەنسۆلین لەوانەیە ببێتە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشی بێجگە لە نەخۆشی شەکرە، بەتایبەت نەخۆشی (acanthosis nigricans)، ئەمەش نەخۆشیەکی پێستە و هۆکاری تۆخبوونەوەی ڕەنگییەتی لە ناوچەی ڕان و بن باڵ و پشتی مل، هەروەها بەرگری ئەنسۆلین مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و ملوولەی خوێن زیاد دەکات.

چۆنیەتی پشکنینی بەرگری ئەنسۆلین

وەکو لە پێشتردا ئاماژەی پێدرا بەرگری ئەنسۆلین هیچ نیشانەیەک دەرناخات، لەبەر ئەوە کۆمەڵێک پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی لەوانە:  
- پشکنینی شەکرەی سێ مانگی: ئەم پشکنینە بۆ زانینی ڕێژەی شەکرە لە خوێندا لەماوەی سێ مانگی پێشوودا، تێیدا نموونەیەکی خوێن وەردەگیرێت و لە تاقیگەدا بەشێوەیەکی ورد پشکنینی ئاستی گلوکۆز دەکرێت.
- پشکنینی (برسێتی) گلوکۆزی ناو خوێن: پزیشکی پسپۆڕ پێشنیاری ڕاگرتنی خواردن و خواردنەوە دەکات بەر لە هەشت کاتژمێر پێش پشکنینەکە، ئەمەش دووەم پشکنینی دڵنیابوونەوەیە.
- پشکنینی هەڕەمەکی گلوکۆز: پشکنینێکی تری گلوکۆزە لە هەرکاتێکدا بێت، بەبێ گوێدان بەوەی کەسەکە برسییە یاخود نا.
- پشکنینی تایبەتی گلوکۆز: ئەم پشکنینە بەشێوەیەکی تایبەت دەکرێت پێش پشکنینەکە ئاستی گلوکۆز دیاریدەکرێت، پاشان کەسەکە خواردنەوەیەکی شیرین وەردەگرێت کە بڕێکی دیاریکراوی شەکری تێدایە، پاش دوو کاتژمێر دووبارە پشکنینی بۆ ئەنجام دەدرێتەوە بۆ زانینی ئاستی گلوکۆز.


سەرچاوەکان



1334 بینین