تایبەتمەندییەکانی منداڵی تەندروست لەڕووی دەروونییەوە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-26-20:07:00 - کۆدی بابەت: 7712
تایبەتمەندییەکانی منداڵی تەندروست لەڕووی دەروونییەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵی تەندروست ئەو منداڵەیە کە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، گەشەی پێویستی کردبێت و بتوانێت هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەشەی خۆی بەسەرکەوتوویی تێپەڕێنێت، بەسەر تەواوی کێشەکان کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە زاڵ ببێت.
هەموو ئەو کارانەی کە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەتان ئەنجامی دەدەن و هەر جۆرە ڕفتارێک کە لە بەرامبەر ئەودا دەینوێنن، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی کەسایەتی منداڵ هەیە، پەروەردەیەکی دروست و باش دەتوانێت منداڵێکی تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات، پەروەردەی هەڵە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کەسایەتییەکی ناتەندروست و سەرنەوکەتوو لە منداڵەکەتاندا.

تایبەتمەندییەکانی منداڵی تەندروست لەڕووی دەروونییەوە

- منداڵێکی ئومێدەوارە.
- بە پەرۆشە و هیوایەکی زۆری هەیە، بەگشتی دڵخۆشە و بەگەشبینیەوە لە ژیان دەڕوانێت. 
- منداڵی تەندروست بڕوابەخۆبوونی پێویستی هەیە، ئەم بابەتە لە ساڵەکانی قوتابخانەدا گرنگییەکی زیاتری دەبێت، زۆر کات لاوازی له وانەکان و ئەو کێشانەی کە منداڵان لە قوتابخانە دووچاری دەبن لە ئەنجامی نزمی ئاستی بڕوابەخۆبوونیانەوە دێتە ئاراوە، لە ئەنجامدا ئەگەر منداڵەکەتان کێشەی شەرمنی هەیە و زیاد لە پێویست شەرم دەکات بۆئەوەی کە لە قوتابخانە تووشی کێشە نەبێت، یان کێشەکەی نەبێتە هۆی ناجێگیری دەروونی وەک فۆبیای کۆمەڵایەتی پێویستە هۆکارەکانی ئەم حاڵەتەی بدۆزنەوە و دەبێت کێشەکە لەگەڵ دەروونناسێکی منداڵان باس بکەن.  
- منداڵی تەندروست کەسانی دیکەی خۆش دەوێت، منداڵەکەی ئێوە کاتێک تەندروستە کە کەسانی دیکەی خۆش بوێت، توانای هاوخەمی و دڵدانەوەی هەبێت و پێی خۆش بێت لەگەڵ کەسانیتر تێکەڵ بێت، کاری بەکۆمەڵیان لەگەڵ ئەنجام بدات، منداڵی گۆشەگیر بەهیچ شێوەیەک کەسایەتیەکی تەندروستی نابێت.

هەندێک ڕێکار بۆ پەروەردەکردنی منداڵێکی تەندروست

١. بەردەوام هانیان بدەن و ستایشیان بکەن.
٢. خۆشەویستییەکی بێ مەرج و بێ سنوور بە منداڵەکانتان ببەخشن.
٣. ماڵێکی پارێزراو و دڵنیایان بۆ دابین بکەن. 
٤. هەندێ کات یارییان لەگەڵدا بکەن. 
٥. لەکاتێکدا کە هەڵەیەک ئەنجام دەدەن، خۆتان بەدووربگرن لە سەرزەنشتکردنیان.

نیشانەکانی کەموکووڕیی دەروونی لە منداڵاندا

دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەمیشەیی.
• بەردەوام خەوی ناخۆش ببینێت.
• بەدەستهێنانی نمرەی نزم سەرەڕای هەوڵدان و وانە خوێندن.
• پشتگوێ خستنی ئەرکەکانی قوتابخانە و بەتەواوی ئەنجام نەدانیان.
• ڕەتکردنەوەی بەردەوامی چوونه قوتابخانە یان لە چالاکیەکانی منداڵان بەشداری ناکات.
• زۆر چالاکی و لاساری.
• تووڕەیی و نائارامی بەردەوام.
خەمۆکی، زوو زویربوون.

چۆن منداڵێکی تەندروست پەروەردە بکەین؟

بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا منداڵانی تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن پێویستە ژینگەیەکی پارێزراو و تەندروست بۆ گەشەکردن و گەورەبوونیان ئامادە بکەن، لەبەرئەوە لەکاتێکدا کە دایک و باوک خۆیان کێشەی دەروونییان هەبێت، نەتوانن کۆنترۆڵی تووڕەیی خۆیان بکەن یان ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بن، باشترە لە پێش دووگیانی و منداڵبوون ئەم کێشانەی خۆیان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێت بێتە ناو ژینگەیەکی پارێزراو و سەلامەتەوە. 
هەروەها پێویستە ژینگەیەکی خێزانی دروستکەر بۆ منداڵەکەیان دابین بکەن، فێربوونی منداڵ لە دوو تا سێ مانگی سەرەتای تەمەنی بەشێوەیەکی سروشتییە، بەڵام لەدوای ئەم تەمەنەوە منداڵان لە ژینگەی ماڵەوەدا هەنگاو بە هەنگاو فێری کارامەییە جیاوازەکان دەبن.


سەرچاوەکان



1272 بینین