شۆڕبوونەوەی مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-08-23:46:00 - کۆدی بابەت: 7784
شۆڕبوونەوەی مەمک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆڕبوونەوەی مەمک (بە ئینگلیزی: Sagging breasts) لە دەستەواژەی پزیشکیدا بە (breast ptosis) ناسراوە، یەکێکە لە باوترین حاڵەتەکان لە نێو ژناندا و هۆکاری زۆری هەیە، مەمکەکان لە شانەی ماسولکەیی پێکهاتوون ئەم شانانە بە هەر هۆکارێک لەوانەیە بتەویی و ڕێکی خۆیان لەدەست بدەن و شێوەیەکی شل و شێواو دروست دەکەن کە تێیدا مەمکەکە شۆڕ دەبێتەوە، مەمک بەپێی قەبارە و شێوە و ڕەنگ و تایبەتمەندی زۆرەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە و ئەمەش زیاتر بۆماوەییە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بوونی چەند هۆکارێک مەمک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

نیشانەکانی شۆڕبوونەوەی مەمک

  • تێکچوون و شێواویی مەمکەکان
  • شۆڕبوونەوە و نەبوونی ماسولکەی پتەو
  • هاتنە خوارەوەی گۆی مەمک بۆ خوارەوە

جۆرەکان

جۆری یەکەم

بەشی خوارەوەی گۆی مەمک کەمێک شۆڕ دەبێتەوە و ئەم جۆرەیان شۆڕبوونەوەیەکی کەمی مەمکەکانە.

جۆری دووەم

هەم گۆی مەمک و هەم بەشی خوارەوەی مەمک لە حاڵەتی ئاساییان دەردەچن و شۆڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە کە ئەم جۆرەیان شۆڕبوونەوەیەکی مامناوەندە.

جۆری سێیەم

سەرەوەی مەمک و گۆی مەمک و خوارەوەی مەمکیش لە حاڵەتی ئاساییان دەردەچن و بەرەو خوارەوە شۆڕ دەبنەوە کە ئەم حاڵەتە خراپترین جۆری شۆڕبوونەوی مەمکەکانە.

جۆری چوارەم 

ئەم جۆرەیان شۆڕبوونەوەی مەمکە بەشێوەیەکی نایەکسان، هەندێک کات لەوانەیە شۆڕبوونەوەی مەمکەکە لە یەک لاوە ڕووبدات و شێوەی مەمکەکە شێوەیەکی نایەکسان وەربگرێت، کە لەم حاڵەتەیاندا ئەگەری هەیە هۆکاری زۆر بوونی هەبێت کە یەکێک لەوانە شێرپەنجەی مەمکە، ئەگەر ئەم جۆرە شۆڕبوونەوەیەت هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

شۆڕبوونەوەی درۆی مەمک

هەندێک جار خانمان بە ڕووکەش کە سەیری مەمکیان دەکەن وادەزانن کە مەمکیان تووشی شۆڕبوونەوە بووە، بەڵام کاتێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەکەن بۆیان دەردەکەوێت کە شۆڕبوونەوەی مەمک ڕووینەداوە، لەم حاڵەتەدا گۆی مەمک بەرزترە لە بەشی خوارەوەی مەمک بەڵام شانەکانی بەشی خوارەوەی مەمک هاتوونەتە خوارەوە کە بەڕای پزیشک ئەمە بە شۆڕبوونەوە دانانرێت.

هۆکارەکان

شانەکانی مەمک زیاتر لە خانەی چەوری و ڕژێن و جۆگەی شیر پێکهاتوون، ئەم شانانە بەپێی تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و شۆڕ دەبنەوە بە چەندین هۆکار:

وەرزشی قورس

هەندێک وەرزشی قورس و جووڵەی زۆر لە کاتی ڕاکردندا دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی کۆلاجینی مەمک و وردە وردە پتەویی لە دەست بدات، هەر بۆیە دەبێت خانمان دوورکەونەوە لە وەرزشی قورس و ئەگەریش وەرزشیان کرد ستیانی وەرزشی بپۆشن.

تیشکی خۆر

بەرکەوتن بە تیشکی زیانبەخشی خۆر کە تیشکی UV دەگرێتەوە دەتوانێت زیانی زۆر بدات لە مەمک و شلی بکاتەوە و ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ شۆڕبوونەوەی مەمک.

تەمەنی نائومێدی

لە تەمەنی نائومێدیدا هۆڕمۆنەکانی جەستە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت کە کاریگەری دەخاتە سەر تەواوی جەستە و مەمکیش بەشێکە لە جەستە.

دووگیانی و شیردان

دووگیانی بەردەوام و بەدوای یەکدا وادەکات کە ئەو بەستەرانەی مەمک دەپارێزن کێشیان بێت و شل ببنەوە، هەروەها لەماوەی دووگیانیدا خانمان کێشیشیان زیاتر دەکات کە ئەمەش خۆی هۆکارێکە، لەماوەی شیردانیشدا منداڵەکە بەردەوام مەمکی دایکی دەمژێت کە ئەم مژینە مەمک تێک دەدات و زیاتر شلی دەکاتەوە.

سیستمی خۆراکی و کێش

ئەو خانمانەی لەناکاو کێشیان زۆر زیاد دەکات و مەمکیان گەورە دەکەن زووتر تووشی شۆڕبوونەوەی مەمک دەبن و تێک دەچێت، کەسانێک کە سیستمێکی خۆراکی قورس و وەرزشی قورس بۆ خۆیان دادەنێن و لەناکاو کێشیان کەم دەکات بەهەمان شێوە کاریگەری هەیە لەسەر تێکچوونی مەمکەکان.

دووکەڵ

کێشانی دووکەڵ بە هەموو جۆرەکانییەوە بەتایبەت جگەرە وادەکات کە پێست پتەوی و بەهێزی لە دەست بدات و شل ببێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەخاتە سەر پڕۆتینی (Elastin) کە بەرپرسە لە پتەوی پێست.

ستیانی نەگونجاو

ستیانی نەگونجاو ناتوانێت بەباشی مەمک ڕاگرێت، هەر بۆیە بە تێپەڕبوونی کات مەمکەکە تووشی شۆڕبوونەوە دەبێت، بۆیە دەبێت ستیانێک بەکاربهێنیت کە ئەندازەی خۆت بێت نە بچووک و نە گەورە بێت.

نەخۆشی

کۆمەڵێک نەخۆشی وەک شێرپەنجەی مەمک و نەخۆشی سیل دەبنە هۆی لاوازبوون و لەناوچوونی شانەکانی مەمک.

بۆماوەیی

لەگەڵ هەموو ئەم هۆکارانەدا بۆماوەیش ڕۆڵی خۆی هەیە، ئەو خێزانانەی کە ئافرەتەکانیان بەگشتی مەمکیان شۆڕ دەبێتەوە زیاتر ئەگەری هەیە نەوەکانیشیان هەمان حاڵەتیان بەسەردا بێت.

تەمەن

تاکوو تەمەنی ژنەکە زیاتر بێت ئەگەری شۆڕبوونەوەی مەمک زیاترە، بۆیە دەکرێیت بڵێین شوڕبوونەوەی مەمک نیشانەیەکی پیریشە.

قەبارە و شێوەی مەمکەکان

ئەو ژنانەی کە مەمکیان بچووکتر و پڕترە کەمتر تووشی شۆڕبوونەوەی مەمک دەبن، بەڵام ئەوانەی قەبارەی مەمکیان گەورەیە زیاتر وادەکات مەمکیان بەرەو خوار بێتەوە و شۆڕ ببێتەوە.

ڕێگریکردن

بەم ڕێگایانە دەتوانین ڕێگری بکەیت لە شۆڕبوونەوەی مەمکەکان:

  • لە کاتی دانیشتن و هەستاندا ئاگاداربە و زۆر مەچەمێرەوە و بەوشێوەیە زۆر مەمێنەرەوە، هەوڵبدە بە ڕێکی پاڵبکەویت و دابنیشیت تاکوو مەمکت دووربێت لە شۆڕبوونەوە.
  • کێشی جەستەت جێگیر بکە، سیستمی خۆراکییەکی جێگیرت هەبێت و ڕۆژانە وەرزشی ئاسان ئەنجام بدە بە ستیانی وەرزشییەوە، هەرگیز کێشت زۆر بەخێرایی دامەبەزێنەوە و بەخێرایی زیادی مەکە.
  • ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆرەوە و جەستەت بە شێداری بهێڵەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە دووکەڵ و کێشانی جگەرە.
  • بەکارهێنانی ستیانی گونجاو
  • پارێزگاری لە پێست لە بەرامبەر تیشکی خۆر و بەکارهێنانی دژەخۆر.
  • دوورکەوتنەوە لە خۆشۆردن بە ئاوی گەرم 
  • بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بۆ مەمک

دیاریکردن

دیاریکردنی ئەم حاڵەتە بەو جۆرەیە کە ئەگەر گۆی مەمکی کەسەکە لە خەتی ژێر سنگ خوارتر نەبێت ئەوە پێی ناوترێت شۆڕبوونەوەی مەمک و بەڵکوو لێرەدا ناودەبرێت بە شۆڕبوونەوەی درۆی مەمک، ئەگەر گۆی مەمک لە خواری خەتی ژێر سنگەوە بوو ئەوە دیاری دەکرێت بە شۆڕبوونەوەی مەمک و بەپێ ڕێژەی هاتنە خوارەوەی گۆی مەمکەکە جۆری شۆڕبوونەوەکە دیاری دەکرێت.

چارەسەر

ئەگەر بە چەند هۆکارێکی سروشتی و ئاسایی شۆڕبوونەوەی مەمک ڕوویدابێت پێویستی بە چارەسەر بە دەرمان نییە، چونکە شانەکانی مەمک بە حاڵەتی ئاسایی خۆیاندا تێپەڕیون، و ئەگەر پزیشک بڕیار بدات کە نەشتەرکاری بکات بۆ شۆڕبوونەوەی مەمک ئەوا پێویستە بەپێی جۆری شۆڕبوونەوەکە بکرێت.

شۆڕبوونەوەی کەم

ئەگەر شۆڕبوونەوەی مەمکەکە کەم بێت واتە دوو بۆ سێ سانتیمەتر خوارتر بێت لە بەشی تەختایی مەمک پێی دەوترێت شۆڕبوونەوەی کەم و ئەگەر مەمکەکە بچووک بێت بە دانانی ئەندامی دەستکرد مەمک شۆڕبوونەوەکەی نامێنێت چونکە ئەو ئەندامە دەستکردە خۆی شانەکانی مەمک گەورەتر دەکات و مەمکیش بەرزتر دەکاتەوە.

شۆڕبوونەوەی مامناوەند

ئەگەر هاتوو شۆڕبوونەوەی مەمک مامناوەند بوو لە سێ بۆ حەوت سانتیمەتر خوارتر بوو لە بەشی تەختایی خوارەوەی مەمک لەم کاتەدا پێویستی بە نەشتەرکاری هەیە و بە بڕینێک لە دەوروبەری گۆی مەمک ئەم شۆڕبوونەوەیە نامێنێت کە ئەم نەشتەرکارییە ناسراوە بە نەشتەرکاری جوانکاری دۆنەت.

شۆڕبوونەوەی زۆر

لە حاڵەتی شۆڕبوونەوەی زۆردا نەشتەرکاری بەرزکردنەوەی مەمک (Mastopexy) ئەنجام دەدرێت کە لەم نەشتەرکارییەدا بڕینێک لەدەوروبەری گۆی مەمک و هێڵێکی ستوونی لە گۆی مەمکەوە بەرەو خوارەوە دەکرێت، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر شۆڕبوونەوەکە زۆر زیاد بێت بڕینەکە بەشێوەی لەنگەری دەبێت کە جگە لەو دوو بڕینە لە بەشی خوارەوەی مەمکەکەش بڕینێکی دیکە دەکەن.

چارەسەر بە وەرزش

ئەنجامدانی وەرزش بەتایبەت ئەو وەرزشانەی کە دەبنە هۆی پتەوبوونی ماسولکەکانی سنگ تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتیدەرە و دەتوانێت کێشەی شۆڕبوونەوەی مەمک چارەسەر بکات، بەڵام ئەگەر شۆڕبوونەوە بەهۆی کێش دابەزینێکی زۆرەوە بێت واتە لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ کیلۆ، بە وەرزش چارەسەر ناکرێت.


سەرچاوەکان



4870 بینین