باسکردنی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-11-16:36:00 - کۆدی بابەت: 7802
باسکردنی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

چۆن باسی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵ بکەین؟

باسکردنی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵان، دەکرێت مێشکی زۆربەی دایک و باوکانی سەرقاڵ کردبێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا، تێگەیشتنێکی ڕوونیان نییە بۆ لایەنی دارایی و لەوانەیە نەتوانن وەک پێویست سەیری ئەم بابەتە بکەن، ئەم ناهاوسەنگی و ناڕێکییەش لە تێگەیشتنی منداڵ لە بابەتە جیاوازەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە باسکردنی ئەم بابەتانە بتوانێت کاریگەری زیانبەخشی هەبێت لەسەر چۆنیەتی ڕوانینی منداڵ بۆ پارە و لایەنی دارایی لە داهاتوودا.  
زۆربەی دەروونناسان لەو باوەڕەدان کە قسەکردن دەربارەی کێشەی دارایی، دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر بیرکردنەوەی منداڵان دابنێت بەڵام لە بەرامبەردا زۆربەشیان پێیانوایە کە دەبێت دایک و باوک تا ڕادەیەک باسی بڕی داهات و کێشە داراییەکانی خێزان بۆ منداڵان بکەن بۆئەوەی ئەوانیش تێگەیشتنێکیان بۆ لایەنی دارایی خێزانەکەیان هەبێت، بۆ قسەکردن دەربارەی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵەکانمان، پێویستە سنوورێکی دیایکراو لەبەرچاو بگرین و بەم جۆرە، زۆر بە وریاییەوە لێی نزیک ببینەوە و دەربارەی ئەم جۆرە بابەتانە ئاگاداری بکەینەوە. 
ڕەنگە بیرکردنەوەی ئێوە بۆ دایک و باوکێکی باش ئەوە بێت، کە هەموو ئەو شتانەی منداڵەکەتان پێویستی پێیەتی یان داوای دەکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی خێزان و لە هەر بارودۆخێکدا بێت بۆ منداڵەکەی دابین بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا پەروەردەیەکی دروست بەم جۆرە نییە، منداڵ دەبێت بە شێوەیەک ڕابهێندرێت کە بتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو و باش لەگەڵ بارودۆخەکان و کێشەکاندا مامەڵە بکات، ئەگەرنا لە داهاتووشدا بە بێ گرنگیدان بەو بارودۆخ و کێشانەی کە خێزانەکەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە هەموو داواکاری و خواستەکانی بۆ دابین بکرێت، پێویستە بەپێی پێویست و لە شوێنی خۆیدا لەگەڵ منداڵەکانتاندا قسەبکەن بۆ ئەوەی بتوانن وەک پێویست، بەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە بۆ لایەنی دارایی و خێزانەکەتان هاتۆتە پێشەوە زاڵ ببن و بتوانن کۆنترۆڵی بکەن. 

باسکردنی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵان

کێشە داراییەکان دەکرێت بە شێوازی جیاواز، ڕووبەڕووی خانەوادەیەک ببنەوە و ئێوە ناتوانن هیچ خێزانێک بدۆزنەوە کە لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا پارێزراوبن، کێشە داراییەکان بۆ هەر خێزانێک بە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی خێزانەکە بە کێشە دادەنرێت، کاتێک کە کێشەیەکی لەم شێوەیە ڕوودەدات، بارودۆخەکە بۆ گوزەراندنی ژیان وەکوو پێشتر لەبارنابێت، گۆڕینی لەناکاوی پیشە، دەرکران لە شوێنی کار، لاوازبوونی بازاڕی کاری ئازاد، ڕووبەڕووبوونەوەی زیانی دارایی یەک لەدوای یەک، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوی سروشتی، زیانبەخش و چەندین شتی تر، هەموویان دەتوانن هۆکارێک بن بۆ ئەوەی خێزانێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی دارایی بکەنەوە، بەڵام هەندێک کاتیش هەیە بارودۆخی دارایی بەشێوەیەک دەگۆڕێت کە دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و پێویست ناکات خێزانەکە باسی کێشەکە بۆ منداڵەکانیان بکەن.
یەکەم شت کە پێویستە لەکاتی قسەکردن دەربارەی کێشەی دارایی لەگەڵ منداڵەکانتان ئاگاداری بن ئەوەیە کە، پێویست ناکات منداڵەکەتان وردەکارییەکان بزانێت کەواتە هیچ پێویست ناکات بە باسکردنی وردەکاری بێسوود، مێشکی منداڵەکەتان ئاڵۆز بکەن، تەنها و تەنها لەو چوارچێوەیەدا قسەی لەگەڵدا بکەن کە کێشەکە هەرچییەک بێت، ئێمە لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی و ئەمەش پێویستی بە کات هەیە، تێگەیشتن لەم ڕستە سادەیە بەسە بۆ منداڵ بۆ ئەوەی بتوانێت بەهاودڵییەوە لەگەڵ خانەوادەکەیدا بێت، منداڵان زۆر هەستیار و بەسۆزن، لەلایەکی تریشەوە چونکە هیچ کارێکیان پێناکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، هەرئەوەندەی کە بزانن هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، دەکرێت زۆر یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە تێبگەن کە هاتۆتە پێشەوە و هەستی پێبکەن. 

ڕوونکردنەوە دەربارەی کەمبوونەوەی خەرجی ژیان، بۆڵەبۆڵ و گلەییکردن لەو بارودۆخەی دووچاری بوون لەلای منداڵ، بەهیچ شێوەیەک ئەنجامێکی باشی نابێت بەبێ تووڕەبوون، شەڕ و توندی ئەوە بۆ منداڵەکەتان ڕوونبکەنەوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخە نوێیەی لەڕووی داراییەوە خێزانەکە ڕووبەڕووی بۆتەوە، لەوانەیە هەندێک لە چوونەدەرەوە و کاتبەسەربردنەکانی کۆتایی پێ بێت یان بۆ ماوەی کاتێکی دوابخرێن، بۆ نموونه کڕینی جلوبەرگی زیادە، یەکێکە لەو شتانەی کە تەواوی ئەندامانی خێزانەکە چێژی لێوەردەگرن، بە زمانێکی خۆش منداڵەکەتان تێبگەیەنن کە ئەم جۆرە تێچووانە لەم بارودۆخەدا زیادەیە و گونجاو نییە، زۆر بەسادەیی بۆی ڕوون بکەنەوە کە ئەو پارەیەی کە بڕیارە بۆ کڕینی جلوبەرگی نوێ خەرج بکرێت دەکرێت بۆ کڕینی پێداویستی سەرەکیتر و گرنگتر بەکاربهێنرێت، ئەم جۆرە ڕوونکردنەوانەش بۆ ئەو منداڵانەیە کە تەمەنێکی زیاتریان هەیە، بەڵام منداڵی بچووک ناتوانێت لەم بابەتانە تێبگات و هەست بە بارودۆخەکە بکات.
نانخواردن لە دەرەوە، لە چێشتخانە، بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە لە شوێنە گەشتیارییەکان و گەشتکردن بۆ شارەکانی تر، یان هەر بابەتێکیتری هاوشێوە کە بە تێچووی زیادە و ناپێویست دادەنرێن، پێویستە سنووردار بکرێن و دەبێت منداڵان لەم سنوورە ئاگاداربکرێنەوە، دەبێت منداڵ وەک ڕێگه چارەیەک سەیری ئەم ڕێکار و سنوورە دیاریکراوانە بکات کە بەهۆی ڕەچاوکردنی ئەم ڕێگە چارانەوە، دەتوانێت لەم بارودۆخە نوێیەدا هاوکاری خانەوادەکەی بکات، هەندێک کات خراپ نییە ئەگەر لەگەڵ منداڵدا باسی بابەتی کڕینی خانوو، تێچووەکانی ئۆتۆمبێل و کرێ خانوو بکرێت و ئاگاداری ئەم بابەتانە بێت بۆ ئەوەی بزانێت لەژیانی ڕۆژانەدا پێویستە پارە بۆ چی شتانێک خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت ژیانێکی گونجاو بەڕێبکات، لە کۆتاییدا منداڵەکەی ئێوە پێویستە بزانێت ئەو شتەی کە ئێوەی کردووە بە خێزانێکی گەرم و لێک نزیک و بەختەوەر پارە نییە، بەڵکوو ئەوە خۆشەویستی و هاودڵی و پێکەوەبوونی بەردەوامی ئێوەیە کە هەمیشە و هەموو کات ئێوە لەلای یەکتری دەهێڵێتەوە و دەتانکات بە خێزانێکی بەختەوەر و سەرکەوتوو. دەبێت هەوڵ بدەن نەک تەنها لەکاتی بوونی کێشەی داراییدا، بەڵکوو لەهەر بارودۆخێکدا و تەنانەت لە کاتی باشترین بارودۆخی داراییشدا، ئەم بابەتە وەکوو شتێکی گرنگ و بەنرخ فێری خانەوادە و منداڵەکانتان بکەن بۆ ئەوەی بزانن کە هەر ڕووداوێک ڕووبدات، ئێوە بۆ هەمیشە یەک خێزانن و لەلای یەکتری دەبن.

دەربارەی چی شتێک لەگەڵ منداڵەکەمان قسە نەکەین؟

ـ گرنگترین و ڕووخێنەرترین هۆکار کە دەتوانێت منداڵەکەی ئێوە نیگەران بکات، سکاڵاکردنی ئێوەیە بۆ منداڵەکەتان دەربارەی کێشە داراییەکانتان لە ژیاندا، دووبارە دەیڵێینەوە کە منداڵەکەی ئێوە ناتوانێت ئەو تێگەیشتنەی ئێوەی بۆ کێشە خێزانییەکانتان هەبێت، لەبەرئەمەش چونکە ناتوانێت لەم بابەتانە تێبگات، بارودۆخی دەگۆڕێت و لەبری ئەوەی هاودڵی بکات، تووڕەبوون، گۆشەگیری، توندوتیژی، کەمخەوی و کەمخواردنی و زۆر کاردانەوەی ناپەسەندتر نیشان دەدات، کەواتە دوورکەونەوە لە دەردەدڵی و وتنی وردەکارییەکان بە منداڵەکەتان، چونکە ئەم کارە نەک تەنها ئەنجامێکی دڵخوازتان پێنابەخشێت، بەڵکوو بارودۆخەکە خراپتر دەکات. 
ـ خۆتان لەگەڵ خێزانی تر و باری داراییان بەراورد مەکەن، ئەم کاره دەبێتە هۆی ئەوەی کە مێشکی منداڵەکەتان ئاڵۆز ببێت، بەبێ هیچ هۆکارێک هەست بە نەفرەت و داخ بکات بەرامبەر بە خێزانەکانی تر و ئەم هەستەش لەگەڵیدا گەورە و گەورەتر دەبێت.
ـ پێویست ناکات منداڵەکەتان بزانێت کە ئێوە بڕی چەندە داهاتی مانگانەتان هەیە، بەڵکوو ئەوەندە بەسە کە بزانێت هەندێک لە بابەتە هەمیشەییەکانی پێشتر ئێستا سنووردار کراون و ئەمەش بۆ ماوەیەکی کاتییە و بەزوویی چارەسەر دەکریت، وتنی ئەم ڕستانەی وەکوو ئێمە هیچ پاشەکەوتێکمان نییە، یان تەنها ئەوەندە پارەمان هەیە ئەوەندە قەرزارین، تەنها منداڵەکەتان تووشی فشار دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە سات بەسات، نیگەرانتر بێت بارودۆخی خراپتر بێت، بۆیە وتنی ئەم بابەتانە هیچ پێویست نییە. منداڵان زۆر هەستیارن و هەندێک کات بۆ ئەوەی دایک و باوکان بتوانن باشتر لە منداڵەکەیان تێبگەن، پێویست دەکات کە لە دیدی ئەوانەوە و بەپێی تواناییەکانی ئەوان لە دونیای دەوروبەریان بڕوانن، لەیادتان بێت کە ئێوە تا تەمەنێکی دیاریکراو، پاڵەوانەکانی ژیانی منداڵەکانتانن و لە کاتی بێتوانایی و نائارامیاندا تەنها پەنا بۆ ئێوە دەهێنن کەواتە ئاگاداری ئەو وێنایە بن کە منداڵەکانتان لەئێوەی هەیە، بە باسکردنی هەندێک بابەت و ڕستەی هەڵە بارودۆخی باشی خۆتان و منداڵەکەتان خراپ مەکەن ئاگاداری ڕەفتارەکانی منداڵەکەتان بن و هەرشتێک کە بووتە هۆی نیگەرانی و ترساندنی هەوڵ بدەن بەپێی توانا لێی دووربخەنەوە، چونکە توانای بەرگەگرتنی منداڵەکەتان لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێگەیشتن لە بابەت و کێشە قووڵەکانی ژیان، زۆر سنووردار و کەمە.


سەرچاوەکان



739 بینین