کاریگەرییەکانی بەرزایی لەسەر مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-13-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7823
کاریگەرییەکانی بەرزایی لەسەر مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری بەرزایی چییە لەسەر مرۆڤ؟

کاریگەرییەکانی بەرزایی لەسەر مرۆڤەکان زۆر و زەبەنن، لە بەرزاییە زۆر بەرزەکاندا پەستانی هەوا نزم دەبێتەوە ئەمەش بەو واتایە دێت کە بەشی پێویست ئۆکسجین نییە بۆ هەناسەدان، ھەرچەندە لەشی مرۆڤ گونجاندنێکی کورت و درێژ خایەنی هەیە بۆ بەرزایی کە ڕێگەی پێدەدات تا ڕادەیەک قەرەبووی کەمی ئۆکسجین بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سنوورێک هەیە بۆ ئاستی خۆگونجاندن، شاخەوانان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزایی زیاتر لە 8000 مەتر "ناوچەی مردن"ـە و بە گشتی بڕوا وایە هیچ جەستەیەک ناتوانێت خۆی لەگەڵ ئەو ژینگە بەرزەدا بگونجێنێت، دوای ئەوەی لەشی مرۆڤ دەگاتە نزیکەی 2,100 مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوە، تێربوونی ئۆکسی هیمۆگلۆبین بەخێرایی دەست بە دابەزین دەکات.

جەستەی مرۆڤ لە ئاستی دەریادا توانای بەئەنجامگەیاندنی هەموو کاروبارێکی هەیە، چونکە لە ئاستی دەریادا پەستانی کەش 101,325 پاسکاڵە و چڕی ئۆکسجین (O2) لە هەوادا 20.9٪ ە، بۆیە پەستانی بەشەکی ئۆکسجین (pO2) ‌21.136 کیلۆپاسکاڵە، ئەمەش لە تاکی تەندروستدا هیمۆگلۆبینی ناو خوێن تێردەکات، پەستانی کەش بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەرزاییدا کەمدەبێتەوە لە کاتێکدا ڕێژەی ئۆکسجین بۆ نزیکەی 100 کیلۆمەتر دەمێنێتەوە، کاتێک پەستانی کەشەکی ئۆکسجین دادەبەزێت جەستەی مرۆڤ وەڵامدانەوەی دەبێت و هەوڵ دەدات لەگەڵ بەرزایی و کەشەکەدا خۆی بگونجێنێت.

پزیشکانی بواری شاخەوانی سێ ناوچەی بەرزایی دەناسێنن کە تێیدا بڕی ئۆکسجین لە کەشدا کەمدەبێتەوە، ئەوانیش:

  • بەرزایی = 1,500 تا 3,500 مەتر
  • بەرزایی بەرز = 3,500 تا 5,500 مەتر
  • بەرزایی زۆر بەرز = سەرووی 5500 مەتر

گەشتکردن بۆ هەریەک لەم ناوچە بەرزانەی سەرەوە دەشێت کێشەی تەندروستی دروست بکات، لە نیشانە سووکەکانی نەخۆشی شاخەوە بۆ ئاوسانی توندی سییەکان و ئاوسانی توندی مێشک، هەریەک لەم دوو نەخۆشییە کوشندە بەهۆی بەرزاییەوە تووشی مرۆڤەکان دەبن، هەروەها هەتا بەرزایی بەرزتر بێت مەترسیەکە گەورەتر دەبێت، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن که ئەو کەسانەی بۆ سەرووی 5500 مەتر هەڵدەشاخێن مەترسی کوشندە لەسەر مێشکیان دروست دەکات.

بەرزترین خاڵ کە مرۆڤەکان لێی ماونەتەوە چەند مەترە؟

مرۆڤەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەرزایی 5,950 مەتردا ژیاون و بەرگەیان گرتووە کە پەستانی کەش تێیدا 475 میلی بارە و ئەمەش بەرزترین بەرزایی تۆمار کراوە، بەرزترین جێگیرگەی ناسراو لا ڕینکۆنادایە کە بەرزییەکەی 5,100 مەترە، لە بەرزاییەکانی سەرووی 7500 مەتر و پەستانی کەشی 383 میلی باردا خەوتن زۆر قورس دەبێت و هەرسکردنی خۆراک ئەستەم دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئاوسانی توندی سییەکان یان ئاوسانی توندی مێشک زۆر زیاد دەکات.

ناوچەی مردن

ناوچەی مردن لە شاخەوانیدا بۆ یەکەم جار و لە ساڵی 1953دا بە مێشکی ئێدوارد ویس-دونانتدا هات کە پزیشک و شاخەوانێکی سویسری بوو، ئەم ناوچەیە ئاماژە بە بەرزاییەکانی سەرەوەی خاڵێکی دیاریکراو دەکات کە بڕی ئۆکسجین لەو بەرزاییانەدا کەمە و بەشی پێویستی مرۆڤەکان ناکات، ئەم خاڵەش بە گشتی بە 8000 مەتر دیاری کراوە، ئەو 14 لووتکەی که لە ناوچەی مردندان لە سەرووی 8000 مەترەوەن و دەکەونە زنجیرە چیاکانی هیمالایا و کاراکۆرامەوە.

زۆربەی حاڵەتەکانی مردن لە بەرزاییەکانی شاخەوانیدا بەهۆی کاریگەرییەکانی ناوچەی مردنەوە بووە یان ڕاستەوخۆ بەهۆی سستبوونی فەرمانەکانی جەستە یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بڕیاری هەڵەی شاخەوانەکانەوە بووە کە لە ژێر فشار یان لاوازبوونی جەستەییدا بڕیاریان داوە و بووەتە هۆی ڕووداوەکان، لە ناوچەی مردندا جەستەی مرۆڤ ناتوانێت خۆی لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا بگونجێنێت، مانەوەی زیاتر لە ناوچەی مردن بەبێ ئۆکسجینی سەربار دەبێتە هۆی لاوازبوونی کردارە جەستەییەکان، لەدەستدانی هۆش و بە مردنی کەسەکە کۆتایی دێت.


سەرچاوەکان



763 بینین